به‌هه‌رێمكردنى سلێمانى يان له‌تكردنى كوردستان

3

هاوژین شکور
له‌كاتێكدا كوردستان به ‌دۆخێكى هه‌ستيارى سياسى و ئابووريدا تێده‌په‌ڕێت، جارێكى ديكه‌ بانگه‌شه‌ و هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ى واژوو بۆ «به ‌هه‌رێمكردنى پارێزگاى سلێمانى» سه‌ري هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ى له‌پشت ئه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ن، له‌ژێر ناونيشانى ئيدارى و ياسایيدا ده‌يخه‌نه‌ڕوو، به‌ڵام به‌ بڕواى زۆرێك له‌ چاودێرانى سياسى و ياساناسان، له ‌واقيعدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ به ‌ماناى جياكردنه‌وه‌ى سلێمانى له ‌قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان و له‌تكردنى ئه‌و قه‌واره‌ ده‌ستوورييه‌ دێت كه‌ به‌ خوێنى هه‌زاران شه‌هيد به‌ده‌ست هاتووه‌. ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌ڕووى ده‌ستوورى و ياساييیه‌وه‌ پڕه‌ له ‌ئاڵۆزی و كه‌لێن، چونكه‌ به‌پێى مادده‌ی (١١٧)ى ده‌ستوورى عێراقى ساڵى ٢٠٠٥، دان به ‌هه‌رێمى كوردستاندا نراوه‌ وه‌ك يه‌ك قه‌واره‌ى فيدڕاڵى يه‌كگرتوو كه‌ پارێزگاكانى (هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و دواتريش هه‌ڵه‌بجه‌) له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌روه‌ها به‌پێى مادده‌كانى (١١٩) و (١٢٠)ى ده‌ستوور و ياساى پێكهێنانى هه‌رێمه‌كان (ژماره‌ ١٣ى ساڵى ٢٠٠٨)، ڕێكاره‌كانى دروستكردنى هه‌رێمى نوێ بۆ ئه‌و پارێزگايانه‌ دانراون كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه‌كانن و سه‌ر به ‌حكوومه‌تى فیدڕاڵین، نه‌ك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و پارچه‌پارچه‌كردنى هه‌رێمێكى دانپێدانراوى ده‌ستوورى. بۆيه‌ له‌ڕووى ياساييیه‌وه‌، هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ جياكردنه‌وه‌ى پارێزگايه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێش هه‌موو شتێك لێدانه‌ له ‌پێگه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمه‌كه‌ له ‌به‌غدا. هۆكارى سه‌ره‌كى كه‌ بانگه‌شه‌كارانى ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ ڕواڵه‌ت ده‌يخه‌نه‌ڕوو، بوونى گله‌يى و گازنده‌يه‌ له ‌شێوازى حوكمڕانى، پرسى دابه‌شكردنى داهات و نه‌بوونى لامه‌ركه‌زيه‌تیى ئيدارى و دارايى.

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ى هاووڵاتیيان و لايه‌نه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ كێشه‌ى ئيدارى و گه‌نده‌ڵى و نادادپه‌روه‌رى هه‌يه‌ و پێويسته‌ چاكسازیى ڕيشه‌يى بكرێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى حوكمڕانى به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى نيشتمانى ناكرێت، به‌ڵكوو ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ى كاراكردنى په‌رله‌مان، چه‌سپاندنى سيسته‌مى لامه‌ركه‌زىی پارێزگه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا و شه‌فافیيه‌ت له ‌داهات و خه‌رجييه‌كاندا بێت. سه‌رنجه‌كه‌ لێره‌دايه‌ كه‌ ئايا ئه‌وانه‌ى واژوو بۆ ئه‌م پرسه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ئاگادارى ئه‌وه‌ن كه‌ له ‌ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى هه‌نگاوێكى له‌م شێوه‌يه‌دا‌، سلێمانى ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخێكى سه‌ربه‌خۆى به‌هێز، به‌ڵكوو ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموون و بڕيارى به‌غدا و ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كييه‌كانه‌وه‌؟ مێژووى سياسىی عێراق سه‌لماندوويه‌تى كه‌ هه‌ركاتێك كورد په‌رته‌وازه‌ بووبێت، به‌غدا و نه‌يارانى كوردستان سوودمه‌ندى يه‌كه‌م بوون له ‌لاوازكردنى پێگه‌ى كورد و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له ‌مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان.

له‌ كۆتاييدا، جياكردنه‌وه‌ى سلێمانى له‌ژێر هه‌ر ناو و دروشمێكدا بێت، خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكى تێكۆشه‌رى ئه‌م شاره‌ ناكات كه‌ هه‌ميشه‌ پێشه‌نگى كوردایه‌تى و خه‌باتى نه‌ته‌وه‌يى بووه‌، به‌ڵكوو ته‌نيا قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان بچووكتر و لاواز ده‌كاته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆى له‌ده‌ستدانى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ به ‌درێژايى ده‌يان ساڵ خه‌بات به‌ده‌ست هاتوون.