
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێی لە پڕۆژەی ستراتیژیی پشتێنەی سەوزایی هەولێر ڕاگەیاند و ئاماژەی بە چاندنی ملیۆنێک و 800 هەزار نەمامی بەرهەمدار بە بەشداریی پێشمەرگە و خۆبەخشان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە چاندنی یەکەم دار، قۆناغێکی نوێی لە پڕۆژەی ستراتیژیی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستپێکرد؛ لەم بەشەی پڕۆژەکەدا کە دەکەوێتە نێوان ڕێگای سەرەکیی هەولێر – دهۆک و ڕێگای سەرەکیی هەولێر – موسڵ، لەسەر ڕووبەری 10 هەزار دۆنم زەوی، ملیۆنێک و 800 هەزار نەمام دەڕوێندرێن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی پڕۆژەکەدا گوتی: چاندنی دار و دارستان دەتوانێت ژینگە بپارێزێت و ئاووهەوا پاکتر بکات؛ لە ڕووی هەلیکاریشەوە چەندین کەس دەتوانن کاری تێدا بکەن، بەتایبەت کە ئەو نەمامانە بەرهەمدارن و دەکرێت لە داهاتوودا کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونیان بۆ دروست بکرێت و بخرێنەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان.
پرۆسەی چاندنی نەمامەکانی ئەم قۆناغە بە بەشداری و هاوشانیی هێزەکانی پێشمەرگە و تیمە خۆبەخشەکان جێبەجێ دەکرێت؛ هاوکات لەناو زەویی پڕۆژەکەدا سێ پۆند دروست کراون بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو بۆ ئاودێریی ئەو ڕووبەرە سەوزکراوە و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ژینگەییانە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی دیکەی حکومەت بۆ پاککردنەوەی هەوای پایتەخت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەستیپێکردووە، کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە کەمکردنەوەی دووکەڵی مۆلیدە و پاڵاوگەکان و خاوێنکردنەوەی ئاووهەوای شاری هەولێر.