سه‌ره‌تا هه‌مه‌ڕه‌نگ خێزانی هۆشیار كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیار به‌رهه‌م ده‌هێنێت خوێندنی كچان كلیلی گۆڕانكاریی ئایینده‌یه

خێزانی هۆشیار كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیار به‌رهه‌م ده‌هێنێت خوێندنی كچان كلیلی گۆڕانكاریی ئایینده‌یه

2

خه‌بات: موسلم دۆلەمەری:- ئافرەت هەمیشە هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی ژیان و مانەوەی مرۆڤایەتی بووە ، جگە لەوەی ئەرکی هێنانی نەوەی نوێی لە ئەستۆدایە، لە هەمان کاتدا گەورەی کۆمەڵگاشە کە ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵی پێ سپێردراوە. لەم ڕاپۆرتەدا، بە بەشداریی ژمارەیەک لە مامۆستایان، تیشک دەخەینە سەر گرنگیی پەروەردە و خوێندنی کچان، بەو پێیەی ئایندەی هەر کۆمەڵگه‌ و وڵاتێک لە دەست ئەواندایە و چاوەڕوانیی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و تەندروستیان لێ دەکرێت.

سەرەتا مامۆستا ڕەجەب قتو ئاماژە بەوە دەکات کە پەروەردە و خوێندنی کچان تەنیا مافێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشەسەندوو،ئه‌و ڕوونی دەکاتەوە: کچی خوێندەوار دەتوانێت بە شێوەیەکی زانستی و هۆشیارانە بەشداری لە گەشەی کۆمەڵگه‌دا بکات، هه‌روه‌ها خوێندنی کچان دەرفەتی کاری باشتر و سەربەخۆیی ئابووری دابین دەکات و ده‌بێته‌ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی نەزانی و دروستکردنی کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەوتوو جگه‌ له‌وه‌ش کچی خوێندەوار دەتوانێت لە بڕیارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدار بێت. دایکی هۆشیار دەتوانێت بنەماکانی ڕەفتاری دروست، تەندروستیی خێزان و بەها ئەخلاقییەکان لە منداڵەکانیدا بچەسپێنێت.

مامۆستا ڕەجەب پەیامێکی گرنگ ئاراستەی کۆمەڵگه‌ دەکات و دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت داهاتووی نەتەوەیەک بنیات بنێیت، پەروەردەی کچانی ئەو نەتەوەیە بکە، چونکە کچانی ئەمڕۆ دایکانی سبەینێن، و دایکانی سبەینێ بنیاتنەرانی نەوەی داهاتوون.
لای خۆیەوە، مامۆستا شەیدا محەمەد عەلی جەخت لەوە دەکاتەوە ، چونكە کچ دەبێتە دایکی نەوەیەکی نوێ، ئەگەر خاوەنی پەروەردە و خوێندنێکی تەواو و بێ کەموکوڕی بێت، دەبێتە باشترین ڕێگا بۆ بنیاتنانی نەوەیەک کە خاوەنی لەش و مێشکێکی ساغ بێت. ناوبراو گرنگیی ئەم پرۆسەیە لەم خاڵانەدا دەخاتە ڕوو: شکاندنی بازنەی نەزانی و هەژاری و بەردەوامبوون لە فێرکردن و پێشخستنی زانستی منداڵان و فێرکردنیان بە پاراستنی ئابووری خێزان هه‌روه‌ها دایك ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له‌ گرنگیدان بە کاتەکانی خەوتن، خواردن، کارکردن و وەرزشکردنی منداڵان و دایكی به‌ تواناو ته‌ندروست وپلانی ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ و ده‌بێته‌ پاڵپشت بۆ په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست.

لە لای خۆیەوە، مامۆستا یەعقوب حەسکۆ پەروەردەکردن و خوێندنی کچان بە یەکێک لە گرنگترین و سەرەکیترین وەبەرهێنانەکان لە سەرمایەی مرۆیدا دادەنێت و دەڵێت: خوێندنی کچ تەنیا كرده‌یه‌كی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو ستوونێکی سەرەکییە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری، فەراهەمکردنی تەندروستیی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی نەوەیەکی بەتوانا و هۆشیار ناوبراو جەخت دەکاتەوە له‌وه‌ی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندنی ئافرەتان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی وڵات هه‌روه‌ها خوێندن هۆشیاری بە کچان دەبەخشێت بۆ بڕیاردانی دروست لەسەر ژیانیان و کەمکردنەوەی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا. نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ بەشداریپێکردنی ئافره‌تان لە بڕیارە گرنگەکاندا.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، مامۆستا ئەڤرێسا سەلیم جەخت دەکاتەوە کە خوێندن و پەروەردەکردنی کچان کاریگەریی ڕاستەوخۆ و درێژخایەنی لەسەر بنیاتنانی نەوەیەکی تەندروست و هۆشیار هەیە، چونکە دایک بناغەی پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیە، پێگەیاندن و پێشکەوتنی بیری کچان گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە. کچی خوێندەوار دەبێتە خاوەنی زانیاری لەسەر شێوازەکانی پەروەردەی تەندروست، بەرگری لە مافەکانی خۆی دەکات و چرای هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەدا دەگەشێنێتەوە.

مامۆستا ئەڤرێسا ڕاپۆرتەکە بەم وتە قووڵە کۆدەکاتەوە: ئەگەر کوڕێک پەروەردە بکەیت، تەنیا تاکێک پەروەردە دەکەیت، بەڵام ئەگەر کچێک پەروەردە بکەیت، نەوەیەک یان کۆمەڵگەیەک پەروەردە دەکەیت.