خەبات ـ چیادۆست ڕەسووڵ
دانیشتووانی قەزای پشدەر وەکوو هەموو ساڵەکانی تر، ئەمساڵیش ناچارن بۆ خۆ گەرمکردنەوە و دەربازبوونیان لەسەرمای ئەمساڵ، ناچارن پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی داری وشک و بۆ ئەم مەبەستەش خەڵکێکی زۆر ڕوویان کردۆتە گوندەکانیان و خەریکی هەرەوەزی دار بڕینەوەن و وەکو خۆیان گوتیان: ئەگەرچی دارەکانمان خۆشدەوێن و هەرگیز دڵمان نایەت لە ژێرەوە بیان بڕینەوە، یاخود بەهیچ شێوەیەک ئەم سەرماو نەوت گرانیە ناچارمان ناکات داری تەڕ ببڕینەوە.
دوا بە دوای بڕینەوەی دارە وشکەکانیش زۆپای دار دەکڕن و بۆ چێشت لێنان و ماڵ گەرمکردنەوە بەکاری دێنن.
ڕۆژنامەی خەبات سەردانی یەکێک لە دوکانەکانی دروستکردن و بەرهەم هێنانی زۆپای دار ( سۆبەی داران )ی کردو لە نزیکەوە زانیاری وەرگرت لەسەر جۆرەکانی تری کەرەستە ماڵیەکان و شێوازی بەکار هێنانیان.
یەکێک لەو شوێنانەی سەردانمان کرد شوێنکاری زیــرەک بوو، کە خاوەنەکەی محەمەد ساڵح خدر بوو. ناسراو بە محەمەد زیرەک.
ناوبراو لە دایکبووی شاری قەڵادزێیە و لە ساڵی ۱۹۹۲ وە خەریکی ئەو کارەیە.
دەربارەی کارو پیشەکەی و دروستکردنی ئەو پێداویستیانەی لە شوێنکارەکەی بەرهەمیان دێنێت وەستا محەمەد پێیگوتین: من نزیکەی ۳٤ ساڵە خەریکی ئەو کارەم و توانیومە زیاتر لە ۱۹ وەستا لە لای خۆم فێری کار بکەم و ئێستاش خەریکی کار و پیشەی تایبەتی خۆیانن.
من جگە لە زۆپای دار، دەتوانم بە جوانترین و باشترین شێوە کەرەستە و پێداویستیەکانی تری ماڵەوەش بەرهەم بهێنم، وەکوو (تانکی سەربان، بەرمیل، گیزەر، مقەڵی، کاش، کەندووی نان، ئاگردان، عەمباری گەنم، لەگەڵ تەپڵەکەی دانیشتن و ژێری بەرمیل و مووبەڕیدە).
دەربارەی فرۆشی ئێستای و ئەو کەرەستەیەی بازاڕی گەرمە لەم وەرزەدا وەستا محەمەد بە خەباتی ڕاگەیاند: ئەمساڵ زۆپای دار پڕفرۆشترین و زۆرترین داواکاری لەسەرە، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک.
یەکەمیان – دابەشنەکردنی نەوتی سپی و ماڵان و نرخ گرانی لە بازاڕی ڕەشدا.
دووەم – بەشێک له کڕیاران خەڵکی گوندەکانن و وەکو خۆیان دەڵێن: بە زۆپەی نەوت ناتوانین ماڵەکانمان لە کوێستانە ساردەکان گەرم بکەین.
سێیەم – هەرزانی و کەمی تێچووی زۆپای دار بەراورد بە زۆپای نەوت و هەروەها هەبوونی دارێکی زۆری وشک لە ناوچەکەدا.
هەروەها گوتیشی: زۆربەی ئەوانەی کڕیاری زۆپاکانن خۆشبەختانە باس لەوە دەکەن، کە ئێمە دارەکانمان خۆشدەوێن و هەرگیز دڵمان نایەت داری تەڕ ببڕینەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی زانستی دارە ووشکەکان لە لقی درەختی دارەکان دەبڕینەوە و بەم شێوەیەک نە زیان بە سروشت دەگات، وە نە زیانیش بە دارەکە دەگات، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو دارە خاوێن دەبێتەوە و دەبێتە هۆی گەشبوونەوە و جوانکاری و نوێبوونەوەی دارەکەش، بەڵام بە داخەوە نایشارینەوە بەشێکی زۆری خەڵکی دژە یاسا و دژە سروشت و جوانیش هەیە، کە زۆر بێ ویژدانانە بە موشاری تەکنیکی بەخێرایی دارە تەڕەکان دەبڕنەوە و زۆریان خۆیان لە پۆلیسی دارستان و ژینگە دەشارنەوە و دوور لە چاوی ئەوان ئەو کارە دەکەن.
دواتر ڕۆژنامەی خەبات لێدوانی لە یەکێک لەو کڕیارانە وەرگرت کە سەردانی وەستا محه‌مه‌دی کرد، بەناوی ڕۆستەم محەمەد ئەوڵا، ناوبراو بە مەبەستی کڕینی زۆپای دار سەردانی شوێنکاری زیرەکی کردووەو بە خەباتی گوت: من خەڵکی گوندێکی بناری چیای قەندیلم، ناوچەکەی ئێمە زۆر سارد و کوێستانە، لە ڕاستیدا ئەوەی وای لە ئێمە کردووە زۆپای دار بەکار بهێنین بە تەنیا گرانی نرخی نەوتەکە نییە، بەڵکوو زۆپای دار تین و گڕی زیاترە و دەتوانێت بە ماوەیەکی کەم تەواوی ژوورەکان گەرم بکاتەوە.
سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و بڕینەوەی ئەو دارە تەڕانەی کە خەڵکێکی بێ ویژدانی دژە بە سرووشت و جوانیەکەی پێیهەڵدەستن، ڕۆستم محەمەد گوتی: نایشارمەوە بۆ ئەم بابەتە گلەییەکی زۆرم لە برایانی پۆلیس دارستان و ژینگە هەیە و لە ڕووی ڕێگری و سزا نەدانی سەرپێچیکاران کەم هەڵوێستن، من بەش بە حاڵی خۆم چەندین جار سەرپێچیکارانمان بینیوە و برایانی پۆلیسی دارستانم ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام تێناگەم بۆچی دەستگیریان نەکردوون و سزایان نەداون، نابێ ئەوەش لە بیر بکەم، خەڵکێکی زۆر هاتوون پرسیان پێکردووم لە بڕینەوەی لق و دارە ووشکەکان لە دارستانی گوندەکەمان، پێمگوتون: فەرموون داری خۆتانە و چەندێکتان دەوێت بیبڕنەوە و بیبەن، بەمەرجێک داری وشک بن و خۆشبەختانە سەرپێچیان نەکردووە و زۆر سوپاسیان کردووین و دوعای خێریشیان بۆ کردووین، بەڵام وەکوو خۆی گوتی: لە ڕاستیدا لە بڕینەوەی داری تەڕ نیگەران دەبم و هیواشی خواست هەموو ئەوانەی دار بەکاردێنن بۆ سووتەمەنی لە وەرزی زستاندا، پێویستە دارە وشک و نەخۆشەکان ببڕن و بەم هۆیەوە لە جیاتی زەرەر بۆ دارەکە، ئەوا دەبێتە هۆی جوانبوونەوەی دارەکان و لە بری زیان ئەوا قازانجیشی دەبێت بۆ سرووشت.