سهرهتا وتار مەترسییەكان چەندە ڕاستەقینە و چۆن یەكێتی ئامادەكاریی دەكات؟
شۆڕش عەزیز سورمێ
لە هەڕەشەی ڕووسیاوە بۆ بەرگریی هاوبەش، ئەوروپا خێراتر خەریكی چەككردنەوەی خۆیە و ژێرخانی بەرگریی ئامادە دەكات. ئیتالیا پشتگیری لە سیاسەتی ڕێگریكردن دەكات، بەڵام پرسی سەرچاوە داراییەكان و ڕۆڵی سیاسیی ڕۆما هێشتا كراوە ماوەتەوە.ئەوروپا خۆی بۆ سیناریۆیەك ئامادە دەكات كە تا چەند ساڵێك لەمەوبەر تەنها بەشێك لە مێژووی كیشوەرەكە دەهاتە بەرچاو. لە وڵاتانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا مەشقە سەربازییەكان ڕێكدەخرێن، پلانەكانی چۆڵكردن نوێ دەكرێنەوە و پەناگە و یەدەگی ستراتیژییەكان دیاری دەكرێن. دەسەڵاتداران داوا لە هاووڵاتیان دەكەن ئەگەری ڕوودانی دۆخی نائاسایی سەربازی لەبەرچاو بگرن. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا بەڕاستی ئەوروپا بەرەو شەڕێكی نوێ دەڕوات؟هیچ بەڵگەیەكی ڕوون نییە كە نیشانی بدات ململانێیەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا نزیك بووبێتەوە. بەڵام هەڵسەنگاندنێكی هاوبەش لەلایەن دامەزراوەكانی ئەوروپا و ناتۆوە هەیە، كە ئاسایشی كیشوەرەكە گۆڕانكارییەكی گەورەی تێدا هاتووە و مۆسكۆ بەردەوام هەڕەشە دروست دەكات. شەڕی ئۆكرانیا، پێشێلكردنی ئاسمانی و هێرشی ئەلیكترۆنی و ئۆپەراسیۆنەكانی تێكدەر وێنەكەیان بە تەواوی گۆڕیوە. ئامادەكاری بە مانای پێشبینی شەڕ نییە، بەڵكو واتای ئەوەیە بەبێ ئامادەكاری نەگیرسێین.ئەمە قسەی جەنەڕاڵ سێر ڕۆلی واكەر، سەرۆكی سوپای بەریتانیایە، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئاماژەی پێدا. ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاش هەندێك سیناریۆی پێشبینینەكراوی سەبارەت بە داهاتووی سیاسەتی ئەمریكا و ەڵوێستی دەخەنە بەرچاو. ئەمانەش لە ئێستاوە هەستیان پێ دەكرێت.
هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا: تا ساڵی ٢٠٣٠ ئامادەیی زیاتر
ئەنجومەنی ئەوروپا ساڵی ٢٠٣٠ وەك ماوەیەكی گرنگ دیاری كردووە بۆ گەیشتن بە ئامادەیی بەرگریی زیاتر. دەرئەنجامەكانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو باس لە پێویستییەكی بەپەلە دەكەن: پڕكردنەوەی كەلێنە سەربازییەكان، كەمكردنەوەی وابەستەییە ستراتیژییەكان و بەهێزكردنی توانای پیشەسازیی ئەوروپا.ئەولەویەتەكان بریتین لە بەرگریی ئاسمانی، سیستەمی دژە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، توانای ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە، تەكنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان و جوولەی سەربازی.یەكەم ڕاپۆرتی ساڵانەی ئامادەیی بەرگری، كە لە مانگی ئەیلول پێشكەش كرا، پشتڕاستی دەكاتەوە كە خەرجییە سەربازییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە. لە ساڵی ٢٠٢٥دا وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بە گشتی ٤١٨ ملیار یۆرۆیان وەبەرهێناوە، كە یەكسانە بە ٢.٢%ی بەرهەمی ناوخۆیی. ئاژانسی بەرگریی ئەوروپا پێشبینی دەكات تا ساڵی ٢٠٢٩ ئەم ڕێژەیە بگاتە ٥٤٧ ملیار یۆرۆ، بەڵام زیادكردنی خەرجی تەنها بەس نییە.
كاجا كاڵاس، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بەو توانایانە داوە كە هێشتا كەمیان هەیە: سیستەمەكان، كارمەندە پسپۆڕەكان، بەرهەمهێنانی پیشەسازی و هەماهەنگیی نێوان وڵاتان.هێڵی سیاسی هەروەها ڕوونە. یەكێتیی ئەوروپا ڕووسیا بەرپرسیار دەزانێت لە هەڕەشەیەك كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ئەندام هەیە. دووبارەبوونەوەی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و پێشێلكردنی ئاسمانی، لەوانەش لە ڕۆمانیا، نیشانی داوە كە شەڕی ئۆكرانیا كاریگەرییەكانی لە دەرەوەی سنوورەكانی ئەو وڵاتەش دەبینرێن.ئەمەش بەو مانایە نییە كە یەكێتیی ئەوروپا دەیەوێت جێگەی ناتۆ بگرێتەوە. ئەنجومەنی ئەوروپا دووپات دەكاتەوە كە هاوپەیمانیی ئەتڵەسی هێشتا هەوێنی سەرەكیی بەرگریی هاوبەشە. ئامانج بنیاتنانی توانایەكی بەهێزتری ئەوروپییە لە چوارچێوەی ناتۆدا و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە ئەمریكا.
سیناریۆكان: نەك تەنها تانكەكان
مەرج نییە گەورەترین مەترسی داگیركارییەكی ئاسایی بێت. ئەگەری ئەوە هەیە فشارەكان لەسەر ئاسایشی ئەوروپا لە ڕێگەی شێوازە نوێ و كەمتر ناسراوەكانەوە زیاد بكرێن؛ وەك تێكدان، هێرشی ئەلیكترۆنی، دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكان، بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و هەڕەشەكردن لەسەر ژێرخانی وزە و پەیوەندییەكان.ئەمە ئەوەیە كە پێی دەوترێت «شەڕی تێكەڵاو». جۆرێك لە ململانێ كە دەتوانێت كاریگەرییەكی گەورە لەسەر وڵاتێك هەبێت، بەبێ ئەوەی شەڕێكی فەرمی دەست پێبكات. بۆیە پاراستنی بەندەرەكان، تۆڕەكانی كارەبا، كێبڵەكانی ژێر دەریا، فڕۆكەخانەكان و سیستەمە دیجیتاڵییەكان دەبێتە بەشێكی گرنگی بەرگریی نیشتمانی.پاشان سیناریۆی پەرەسەندنی سەربازی هەیە. ڕووداوێك لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆ، هەڵەیەك لە هەڵسەنگاندندا یان هێرشێك دژی وڵاتێكی هاوپەیمان، دەتوانێت قەیرانێكی گەورەتر دەستپێبكات. ئەمە ئەگەرێكە كە دامەزراوەكان دەبێت لەبەرچاوی بگرن، نەك پێشبینییەك. سیاسەتی ڕێگریكردنیش بۆ ئەوەیە تێچووی هەر هەوڵێكی لەو جۆرە زۆر بەرز بێت.
ئیتالیا: لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوروپیداهەڵوێستی ئیتالیا لە ٢٦ی ئۆكتۆبەر بە ڕوونی دەركەوت، لە كاتی كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی گروپی E5 لە پاریس. ئەم گروپە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، پۆڵەندا و بەریتانیا كۆدەكاتەوە. لە بەیاننامەی هاوبەشدا، ئەم پێنج وڵاتە ڕووسیایان وەك جددیترین و بەردەوامترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و ئەتڵەسی پێناسە كردووە. هەروەها پابەندییان دووبارە كردووەتەوە بە بەهێزكردنی بەرگریی هاوبەش و ئامادەكردنی هۆكارەكانی ڕێگریكردن.