
خەبات – تریفە ئازاد
لە ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی شەكرەدا، دكتۆر ڕەوەند هەمزە، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شەكرە و غودە و هۆرمۆنەكان، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «خەبات»، تیشك دەخاتە سەر دوایین ئامارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، هۆكار و نیشانەكان، هەروەها چۆنیەتیی خۆپاراستن و چارەسەركردنی ئەم نەخۆشییە:
خەبات: ئامارە جیهانییەكانی نەخۆشیی شەكرە بە كوێ گەیشتوون؟
دكتۆر ڕەوەند هەمزە: بەپێی ئامارەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەكرە (IDF) لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا نزیكەی (٥٨٩)
ملیۆن كەسی پێگەیشتوو (لە تەمەنی ٢٠ بۆ ٧٩ ساڵیدا) تووشبووی نەخۆشیی شەكرەن، لەو ژمارەیەش (٢٥٢) ملیۆن كەسیان هێشتا نەخۆشییەكەیان دەستنیشان نەكراوە و خۆیان پێی نازانن. واتە لە جیهاندا لە هەر (٩) كەسی پێگەیشتوو، (١) كەسیان شەكرەی هەیە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا نزیكەی (٣.٤) ملیۆن كەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و ساڵانەش بڕی یەك تریلیۆن دۆلار بۆ چارەسەر و ڕووبەڕووبوونەوەی شەكرە خەرج دەكرێت. پێشبینیش دەكرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی تووشبووان لە جیهاندا بگاتە نزیكەی (٨٥٣) ملیۆن كەس.
خەبات: هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لە جیهاندا چین؟
دكتۆر ڕەوەند هەمزە: هۆكاری تووشبوون بە جۆری یەكەمی شەكرە (كە زیاتر لە منداڵاندا دەردەكەوێت) دەگەڕێتەوە بۆ تێكچوونی سیستەمی بەرگریی جەستە؛ كە تێیدا بەرگریی لەش هێرش دەكاتە سەر خانەكانی (بێتا) لە پەنكریاسدا و لەناویان دەبات، بەمەش پەنكریاس چیتر ناتوانێت ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت. ئەم جۆرە سەدا سەد پێویستی بە دەرزیی ئەنسۆلین هەیە و بە حەب چارەسەر ناكرێت. بەڵام جۆری دووەمی شەكرە زیاتر لە گەوراندا (لە تەمەنی ٢٠ ساڵی بەرەو سەرەوە) ڕوودەدات و سێ هۆكاری سەرەكیی هەیە: ١. كەمجووڵەیی و نەبوونی چالاكیی جەستەیی. ٢. قەڵەوی و زیادبوونی كێش (بەتایبەت كۆبوونەوەی چەوریی ورگ). ٣. سیستەمی خۆراكیی ناتەندروست، وەكوو خواردنە خێراكان (فاست فوود) و ئەو خواردنانەی ڕێژەیەكی زۆر شەكریان تێدایە؛ ئەمە جگە لە هۆكاری بۆماوەیی و هەبوونی نەخۆشییەكە لە خێزاندا.
خەبات: بۆچی ئێستا ڕێژەی تووشبوونی منداڵان بە شەكرە زیادی كردووە؟
دكتۆر ڕەوەند هەمزە: پێشتر نەخۆشیی شەكرە لە منداڵاندا تەنا لە جۆری یەكەم بوو؛ كە تێیدا منداڵەكە لە ماوەی مانگێك بۆ دوو مانگدا دەمی وشك دەبوو، زۆر تینوو دەبوو، میزكردنی زیادی دەكرد و كێشی دادەبەزی، كاتێكیش پشكنینی بۆ دەكرا دەردەكەوت ڕێژەی شەكرەكەی زۆر بەرزە. بەڵام ئێستا بەهۆی قەڵەویی منداڵانەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە شەكرەی جۆری دووەمیش وەكوو گەوران دروست بووە. بە شێوەیەكی گشتیش، لە هەر ١٠٠ تووشبووی شەكرە، تەنیا نزیكەی ٥٪ـیان جۆری یەكەمن و زیاتر لە ٩٥٪ـیان جۆری دووەمن.
خەبات: چارەسەری نەخۆشیی شەكرە چییە؟
دكتۆر ڕەوەند هەمزە: وەك باسمان كرد، چارەسەری جۆری یەكەم بە درێژایی تەمەن تەنها لە ڕێگەی ئەنسۆلینەوە دەبێت، جا چ بە شێوەی دەرزیی ڕۆژانە بێت (كە دەرزییەكی شەوانە بۆ كۆنترۆڵی گشتی و دەرزییەكیش پێش ژەمەكان لێدەدرێت) یان لە ڕێگەی «پەمپی ئەنسۆلین»ـەوە كە لە وڵاتان بەردەستە. هەروەها توێژینەوە و داهێنانی نوێش لە ئارادان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چارەسەری بنەڕەتی بۆ جۆری یەكەم بدۆزرێتەوە. بۆ جۆری دووەمیش، لە پاڵ دەرماندا، پارێزیی خۆراك، دووركەوتنەوە لە خواردنە خێراكان، وەرزشكردنی بەردەوام و دابەزاندنی كێش بنەمای سەرەكین. خاڵێكی گرنگ كە دەبێت نەخۆش بیزانێت ئەوەیە كە كۆنترۆڵكردنی شەكرە تەنها دابەزاندنی شەكرەی ڕۆژانە نییە، بەڵكوو دەبێت پشكنینی شەكرەی سێ مانگی (HbA1c) ڕێك بخرێت و هاوكات چاودێریی چەورییەكانی خوێن و گوشاری خوێنیش بكرێت.
خەبات: نیشانە سەرەكییەكانی نەخۆشیی شەكرە چین؟
دكتۆر ڕەوەند هەمزە: چوار نیشانەی سەرەكی هەن: زۆر ئاو خواردنەوە (تینوویەتیی زۆر)، زۆر میزكردن، زۆر خواردن، و دابەزینی كێش سەرەڕای ئەوەی كەسەكە خواردنی باشە. بەڵام لە شەكرەی جۆری دووەمدا مەرج نییە ئەم نیشانانە بە ڕوونی دەربكەون، زۆرجار كەسەكە نەخۆشییەكەی هەیە و بێ ئەوەی پێی بزانێت تووش بووە.
خەبات: نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشیی شەكرە لە هەرێمی كوردستان چ ڕۆڵێكی لە چارەسەركردنی نەخۆشاندا بینیوە؟
دكتۆر ڕەوەند هەمزە: لە هەرێمی كوردستان نەخۆشخانەیەكی تایبەتمەندمان هەیە بە ناوی «نەخۆشخانەی لەیلا قاسم» (یان نەخۆشخانەی گەلیاوە/فێركاریی تایبەت بە شەكرە و كوێرەڕژێنەكان)، كە ڕۆڵێكی زۆر گرنگ و بەرچاوی هەیە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پزیشكی، بەدواداچوون و دابینكردنی چارەسەر بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە، بەتایبەت تووشبووانی شەكرەی جۆری یەكەم.