سهرهتا وتار سلێمانی لانكهی رۆشنبیری و مێژووی خەباتی نەتەوەیی
سیروان عەلی
سلێمانی تەنها ناوی شارێک لەسەر نەخشەی جوگرافیای کوردستان نییە بەڵکو ناوێکە کە لە ناخی مێژووی کوردا لە یادەوەریی نەتەوەیی و لە پێکهاتەی ڕۆشنبیری و کولتووریی ئەم گەلەدا شوێنێکی تایبەتی هەیە. ئەم شارە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشکەوتنی بیر و ئەدەب و هونەر و هۆشیاریی نەتەوەیی کورددا گێڕاوە.
ڕۆژی سلێمانی تەنها بۆنەیەک بۆ پیرۆزبایی و ئاهەنگگێڕان نییە بەڵکو دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی جارێکی تر پێگەی ئەم شارە لە مێژووی کوردستاندا بخەینە ڕوو و ئەو ڕۆڵە گرنگە بناسینن کە لە بواری ڕۆشنبیری و خەبات و هۆشیاریی نەتەوەییدا هەیبووە.
سلێمانی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ بە دەستی ئیبراهیم پاشای بابان دامەزرا و بە ناوی باوکی سولەیمان پاشای بابان ناونرا. لەو کاتەوە ئەم شارە بووەتە ناوەندێکی گرنگی سیاسی و ئیداری و ڕۆشنبیری و بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییەکەی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد فراوانتر بووە.
شکۆی سلێمانی تەنها بە تەمەنی مێژوویی و بەرواری دامەزراندنی پێوانە ناکرێت بەڵکو بەو کاریگەرییەیە کە لەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی داناوە. ئەم شارە ماڵی شاعیر و ئەدیب و ڕۆشنبیرانی گەورەی کورد بووەلە نالی و مەولەوی و بێکەس و پیرەمێردەوە تا شێرکۆ بێکەس هەر یەکەیان بە قەڵەم و بەرهەم و بیرکردنەوەی خۆیان بەشێکیان لە ناسنامەی ئەدەبی و کولتووریی کورد پێکهێناوە.
بەڵام ئەوەی پێویستە لە ڕۆژی سلێمانیدا زیاتر لە هەر شتێک باسی بکەین ئەوەیە کە ئەم شارە تەنها ناوەندێکی ئەدەب و ڕۆشنبیری نەبووە بەڵکو لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی نەتەوەیی کورددا پەیوەندییەکی مێژوویی و گرنگی بە کەسایەتییە گەورەکانی خەباتی کوردستانەوە هەبووە بە تایبەتی بە بنەماڵەی بارزانی و بارزانیی نەمر.
سلێمانی و شێخ مەحمودی حەفید کاتێک بارزانیی نەمر بە هێزەوە هاتە فریای سلێمانی
یەکێک لە گرنگترین پەڕەکانی مێژووی هاوبەشی سلێمانی و بارزان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٩ ئەو کاتەی شێخ مەحمودی حەفید لە سلێمانی بەرەنگاری داگیرکاریی بەریتانیا بووەوە و هەنگاوی بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردی نا.
لەو قۆناغە هەستیارەدا شێخ مەحمودی حەفید تەنها نەبوو. شێخ ئەحمەد بارزانی بە تێگەیشتن لە گرنگیی ئەو جووڵانەوەیە و پێویستیی هاوکاریی نێوان هێزە کوردییەکان داوای لە سەرۆک عەشیرەت و هێزە کوردییەکان کرد پشتیوانیی شێخ مەحمود بکەن.
لەو نێوەندەدا هێزێکی بارزانی پێکهێنرا بە فەرماندەییی مەلا مستەفا بارزانیی وگەنجان بۆ یارمەتی و پشتگیریی شێخ مەحمود ڕەوانەی سلێمانی کرا. ئەو هێزە لە ڕێگەی بالەکایەتی و دەڤەری بیاوەوە بەڕێکەوت و سەرەڕای تەگەرە و کەمینەکانی ڕێگا توانی بگاتە ناوچەکانی سلێمانی.
بەداخەوە بەهۆی هێزی سەربازیی بەریتانیا و هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان ئەو خەباتە سەرکەوتنی پێویستی بەدەست نەهێنا. بەڵام ئەوەی لەو ڕووداوەدا گرنگیی مێژوویی هەیە، ئەوەیە کە بارزانی و سلێمانی لەو قۆناغەدا بە هەستی هاوبەشیی نەتەوەیی و پشتیوانیی یەکترەوە پەیوەست بوون.
ئەم ڕووداوە تەنها یادەوەرییەکی سەربازی نییە بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە لە مێژووی خەباتی کورددا پەیوەندیی نێوان ناوچەکان بە بنەمای هاوکاری و هەستی نەتەوەیی دروست بووە. شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی لەو قۆناغەدا بە کردار نیشانیان دا کە خەباتی سلێمانی و خەباتی بارزان دوو بەشی جیاوازی چارەنووسی نەتەوەیەکی یەکگرتوون.
شێخ ئەحمەد بارزانی کەسایەتییەکی مێژوویی و پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ سلێمانی
بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەو پەیوەندییە مێژووییە پێویستە بە وردی لە ژیان و خەباتی شێخ ئەحمەد بارزانی بڕوانین.
شێخ ئەحمەد بارزانی برا گەورەی بارزانی نەمر یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکانی مێژووی خەباتی بارزان. ئەو لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پێگەیەکی گرنگی هەبوو و لە سەرکردایەتیی جووڵانەوەی بارزاندا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا.
لە کۆتایی ساڵانی بیست و سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا ناوچەی بارزان بووە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی بارزان لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی پشتیوانیی بەریتانیا. ئەوە بو لە دووای ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە بنەماڵەی شێخ ئەحمەد تووشی دوورخستنەوە بوون.
لەو قۆناغەدا شێخ ئەحمەد بارزانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە بارزان دوورخرانەوە و دوای گواستنەوە بۆ چەند شوێنێک لە سلێمانی نیشتەجێ کران و لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی ئەو کاتەدا ژیان
ئەمەش بەشێکی گرنگی مێژووی سلێمانییە کە نابێت لە یادەوەریی ئەم شارەدا پشتگوێ بخرێت چونکە شێخ ئەحمەد بارزانی و بنەماڵەکەی بۆ ماوەیەک لەم شارەدا ژیاون و ژیانیان لەژێر چاودێری و سنووردارکردنی ئازادییەکاندا بەسەر بردووە.
شێخ ئەحمەد هەر وەک کەسایەتییەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕابەرییەکی مێژوویی پێگەی خۆی پاراست. ئەو بەوە ناسراو بوو کە ڕۆڵی سەرکردایەتیی ڕۆحی و ئایینیی بارزانییەکانی هەبوو، لە کاتێکدا بارزانی نەمر بە توانا و لێهاتووییی سەربازییەکەی ڕۆڵی فەرماندەیی و سیاسیی خەباتەکەی بەئەستۆ گرتبوو.
یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی ئەو ماوەیە دەرچوونی مەلا مستەفا بارزانی لە سلێمانی و گەڕانەوەی بۆ بارزان لە ساڵی ١٩٤٣ بوو. ئەو بە یارمەتیی کەسانی دڵسۆزی کوردلە سلیمانی بە تایبەتی شێخ لەتیفی حەفید توانی لە چاودێریی حکومەت دەربچێت و لە ڕێگەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بگاتە ناوچەی بارزان. گەڕانەوەی بارزانی نەمر بۆ بارزان سەرەتای قۆناغێکی نوێی خەبات بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٤٣ جووڵانەوەی بارزانی دەستی پێکردەوە و ڕووبەڕووی هێزەکانی حکومەتی عێراق بووەوە. ئەوەی لەو بەشەی مێژوودا گرنگە ئەوەیە کە سلێمانی بۆ ماوەیەکی درێژ شوێنی ژیانی شێخ ئەحمەد بارزانی و بنەماڵەکەی بووە؛ هەروەها لەو شارەوە بارزانی نەمر بە ڕێگایەکی سەخت و پڕ مەترسی گەڕایەوە بۆ بارزان و قۆناغێکی نوێی خەباتی دەست پێکردەوە. ئەم ڕووداوانە پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵ لە نێوان سلێمانی و بنەماڵەی بارزانی دروست دەکەن.
بارزانیی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول پێنجوێن لە یادەوەریی خەباتدا
کاتێک باس لە سلێمانی و مێژووی خەباتی کوردستان دەکەین، ناتوانین ڕۆڵی بارزانیی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول لەبیر بکەین.
بارزانی نەمرلە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ شۆڕشی ئەیلوولی دەست پێکرد شۆڕشێک کە بووە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی مێژووی نوێی کوردستان.
ئەو شۆڕشە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر تەنیا جووڵانەوەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو خەباتێکی سیاسی و نەتەوەیی بوو بۆ ناساندن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد
لەو خەباتەدا، پێنجوێن و ناوچەکانی دەوروبەریی پارێزگای سلێمانی شوێنی تایبەتیان هەبوو. پێنجوێن تەنها ناوێک لە نەخشەی جوگرافیایی سلێمانی نییە بەڵکو بەشێکە لە یادەوەریی ئەو خەباتە نەتەوەییەی کە خەڵک و پێشمەرگەی ئەم ناوچەیە بەشدار بوون تێیدا.
لە ساڵی ١٩٦٥دا، شەڕێکی گرنگ لە پێنجوێن ڕوویدا کە بارزانی نەمر خۆی فەرماندەیی کرد. ئەم ڕووداوە بەشێکە لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول و نیشانەی ئەوەیە کە خەباتی بارزانیی نەمر تەنها لە ناوچەی بارزان سنووردار نەبوو، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش مەیدانی بەرگری و خەباتی هەبوو. پێنجوێن و ناوچەکانی دەوروبەری بە بەشداریی پێشمەرگە و خەڵکی خۆڕاگر، بەشێکیان لە بارگرانییەکانی ئەو خەباتە هەڵگرت. ئەو مێژووە دەبێت بپارێزرێت و بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە، چونکە یادەوەریی ئەو خەباتە بەشێکە لە ناسنامەی نەتەوەیی و مێژووی سلێمانی. یەکێک لە گرنگترین ئەنجامە سیاسییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بوو ئەو ڕێککەوتنەی کە بەهۆی خەبات و بەرگریی کوردەوە حکومەتی عێراقی ناچار کرد دان بەمافە نەتەوەییەکانی کورددا بنێت.
بۆیە، کاتێک ئەمڕۆ لە ڕۆژی سلێمانیدا باس لەبارزانی نەمر دەکەین، مەبەست تەنها یادکردنەوە لە کەسایەتییەکی مێژوویی نییە بەڵکو باسکردنی پەیوەندییەکی مێژووییە کە لە ساڵی ١٩١٩ەوە بە پشتیوانیی بارزانی لە شێخ مەحمودی حەفید دەستی پێکردووە و لە قۆناغەکانی دواتردا بە ژیانی شێخ ئەحمەد و بنەماڵەکەی لە سلێمانی گەڕانەوەی بارزانی نەمر بۆ بارزان و خەباتی شۆڕشی ئەیلوول بەردەوام بووە.
سلێمانی مێژوویەکی گەورە و ئەرکێکی گەورەتر
ئەمڕۆ لە ڕۆژی سلێمانیدا پێویستە لەوە زیاتر بیر بکەینەوە کە چۆن دەتوانین ئەو مێژووە بگۆڕین بۆ هێزێک بۆ بنیاتنانی ئایندە.
مێژووی گەورە بە تەنها ناتوانێت ژیانی هاوڵاتیی ئەمڕۆ دابین بکات، بەڵکو پێویستی بە پلاندانان ئیرادەی سیاسی کار و خزمەتگوزاریی ڕاستەقینە هەیە. سلێمانی شایەنی پڕۆژەی ستراتیژی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە پەرەپێدانی گەشتوگوزار گەشەی پیشەسازی پەرەپێدانی زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان و ژێرخانێکی نوێی خزمەتگوزارییە. پێویستە گەنجانی ئەم شارە هەستیان بە هەل و دەرفەتی کار و بەشداری لە بنیاتنانی ئایندەی خۆیان بکەن. هەروەها پێویستە سلێمانی لە چوارچێوەی ملمڵانێی سیاسی و حزبیی تەسک دوور بخرێتەوە. شار موڵکی هیچ حیزب و ڕەوتێکی سیاسی نییە ماڵی هەموو هاوڵاتییانە. خزمەتکردنی سلێمانی ئەرکی دامەزراوە حکومییەکان و هەموو لایەنە سیاسییەکانە و نابێت ژیانی هاوڵاتی و ئایندەی شار ببێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان.
پاراستنی ناسنامەی سلێمانی پێویستی بە پاراستنی زمانی کوردی یادەوەریی مێژوویی، شوێنە کۆنەکان کتێبخانەکان و میراثی کولتوورییەکەی هەیە. شارێک کە بە ئەدەب و ڕۆشنبیری ناسراوە دەبێت ئەو میراثە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت.
سلێمانی و بارزان دوو ناو لە پەڕەکانی یەک مێژوودا
مێژووی سلێمانی بە مێژووی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و خەباتی نەتەوەیی گرێدراوە. ئەوەی ئەمڕۆ ئەم پەیوەندییە زیاتر دەردەخات، ئەو ڕووداوانەیە کە لە ساڵی ١٩١٩ەوە تا قۆناغەکانی دواتر لە نێوان بارزان و سلێمانی ڕوویان داوە.
لە پشتیوانیی شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی بۆ شێخ مەحمودی حەفیدەوە تا ژیانی شێخ ئەحمەد و بنەماڵەکەی لە سلێمانی و گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ بارزان لە ساڵی ١٩٤٣، هەروەها ڕۆڵی پێنجوێن لە شۆڕشی ئەیلوولدا، هەموو ئەمانە پەڕەگەلێکی گرنگن لە مێژووی هاوبەشی ئەم شارە و بنەماڵەی بارزانی.
ئەوە مێژوویەکی هاوبەشە کە نیشانی دەدات خەباتی کوردستان بە سنووری شار و ناوچەیەک سنووردار نەبووە بەڵکو بەشداربوونی هەموو ئەو ناوچانەی تێدا بووە کە بۆ ماف و ناسنامەی نەتەوەیی خەباتیان کردووە.
سلێمانی شارێکە کە مێژوویەکی گەورەی هەیە مێژوویەک کە تەنها بە قەڵەم و ئەدەب نەنووسراوە بەڵکو بە هەڵوێست و خەبات و قوربانیدانی نەوەکانی کوردیش تۆمار کراوە. پیرۆزە ڕۆژی سلێمانی ئەو شارەی کە لە یادەوەریی نەتەوەییدا شوێنێکی تایبەتی هەیە و بەشێکە لە مێژووی خەبات و شانازیی گەلی کورد.
مێژووی سلێمانی مێژوویەکی زیندووەئەرکی ئێمەیە ئەو مێژووە بە ئاوەدانی و پێشکەوتن و خزمەتی ڕاستەقینە بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوام بکەین.