میدیای فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی بۆ راگرتنی کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە.

لە دۆسیەی ژمارە (211 / فیدراڵی / 2026) کە لە 20ـی ئەیلوولی 2026ـەوە دواخرابوو، لەلایەن عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان (جگە لە سیفەتی وەزیفی خۆی) تۆمار کراوە.

لە سکاڵاکەدا داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە بڕیار بدات بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم شوێنەوارە یاساییەکانی بەپێی دەستوور و یاسا بەسەر دۆخەکەدا جێبەجێ بکرێن.

دوای ئەوەی رۆژی 4ی تشرینی دووەم پەرلەمانی کوردستان ژمارەی یاسایی تەواو کرد و دانیشتنی ئاسایی خۆی کرد و دەستەی سەرۆکایەتیی بەبێ یەکێتی و نەوەی نوێ هەڵبژارد، نەوەی نوێ لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد و داوای فەرمان سالارییەکی کرد بۆ راگرتنی کاروبارەکانی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی، تاوەکو ئەنجامی سکاڵاکەی پێشوو یەکلایی دەکرێتەوە.

هەرچەندە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی دانیشتنی نەبووە، بەڵام میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی بۆ ئەو فەرمان سالارییە رەت کردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، د. وەعدی سلێمان، راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “بۆ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە سکاڵایانە، دادگە پێویستی بە دانیشتن نییە و، هەر بە نووسراوێک وەڵام دەداتەوە.”