پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەو 50 ملیۆن لیترە نەوتەی حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە تەنیا 14٪ـی پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە و بەشی هەموو هاووڵاتییان ناکات، جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی عێراق دەبێت لەو بابەتەدا بەئینسافتر بێت و پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ڕایگەیاند: “پێداویستیی هەرێمی کوردستان 290 ملیۆن لیترە، بەڵام ئەوەی حکوومەتی عێراقی دابینی کردووە تەنیا 50 ملیۆن لیترە، واتە تەنیا 14٪ـە و بە دڵنیاییەوە بەشی هەموو خەڵک ناکات”.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، کە لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە، پرۆسەی دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات، چونکە لەو ناوچانەدا وەرزی سەرما زووتر دەستپێدەکات، هاوکات ڕەخنەی لە کەمیی ڕێژەکە گرت و گوتی: “لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە مانگی یەکیشدا ئەو ساردییە نابینن، کەواتە حکوومەتی عێراقی دەبێت لەو بابەتەدا بەئینسافتر بێت و دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیممەتێک بکات بۆ ئەوەی بەشەکەی تریش بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت”.
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمیش، ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد کە شاندەکانی حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە بەردەوامی لە گفتوگۆدا بوون لەگەڵ بەغدا بۆ زیادکردنی پشکی هەرێم، هەروەها سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی دابەشکردنەکەش ڕوونیکردەوە کە کۆمپانیای گواستنەوە دەستنیشان کراوە و لەو کاتژمێرەی نەوتەکە بگاتە دەستیان، ڕاستەوخۆ پرۆسەی دابەشکردنەکە دەستپێدەکات.