سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی بەغدادا پێداگرییان لەسەر مافە دەستوورییەکان و بودجە کردووە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانیش پرسی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بووە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم بووە و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات لەسەر ڕۆشنایی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بەشداربن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتدا.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی 45ـیەمینی قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەددین، پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و هیوای دواڕۆژێکی گەشی بۆ خواستن، هاوکات سوپاسی مامۆستایان و ئەنجوومەنی زانکۆی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە سەردانی چەند رۆژی رابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و گوتی: “لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرەکان کۆبووینەوە و گفتوگۆی چڕمان کرد، پێداگریمان لەسەر مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و بەشە بودجەی هەرێم کردەوە.”

مەسرور بارزانی روونیشی کردەوە: “یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانمان دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بوو. بەداخەوە زیاتر لە 12 ساڵە رێگە بە هەرێمی کوردستان نەدراوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت، بەتایبەت کە ساڵانە هەزاران قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و بەشێکیان دەیانەوێت لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێن.”

سەرۆکوەزیران هیواخوازی خۆی دەربڕی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە چوارچێوەی بودجەی عێراقدا، بتوانرێت دەرفەتی دامەزراندنی زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت. ئاماژەی بەوەش کرد لە ساڵانی رابردوودا حکوومەت پشتیوانییەکی زۆری لە کەرتی تایبەت کردووە بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ لاوان دابین بکەن، هەروەها بڕیاری پێویستیش دراوە بۆ ئەوەی گەنجانی کوردستان زیاتر بخرێنە سەر کار.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: “دوای دوو ساڵ پەرلەمان کارا کرایەوە؛ ئامانج لەم پرۆسەیە تەنیا پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بوو، دژی هیچ کەس و لایەنێک نەبوو، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان بوو.”

سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە کرد کە “بوێرانە ئەرکی ئەخلاقی، یاسایی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و بەشدارییان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد.”

مەسرور بارزانی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییەوە لە پرۆسەکە بڕوانن و گوتی: “هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و لەبەر رۆشنایی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان، هەروەها بەشداربن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموومان خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و نیشتمانەکەمان بەهێزتر و ئاوەدانتر بکەین.”

سەرۆکی حکوومەت سوپاسێکی بێپایانی ئاراستەی پێشمەرگە، هێزەکانی ناوخۆ و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان کرد بۆ فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی، هەروەها سەری ڕێز و نەوازشی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دوانواند.