دەستەی دەستپاکی لە عێراق بڕیاری حووکمی ئامادەیی بە 6 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان دەرکرد، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی بەرتیلخۆری و لادان لە ئەرکە وەزیفییەکانی.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر (ناسر کازم جەبر)، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکاندا سەپاندووە، دوای ئەوەی سەلمێنرا کە بڕی 350,000 دۆلاری وەک بەرتیل وەرگرتووە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێکی هاوبەشی نێوان کۆمپانیای گشتیی چیمەنتۆی عێراقی و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا.
هەروەها بڕیارەکەی دادگا سزای دارایی (غەرامە)شی بە بڕی 10 ملیۆن دینار بەسەر تاوانبارەکەدا سەپاندووە، ئەمەش بەپێی حوکمەکانی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983ـی هەموارکراو.