سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان لە خورماتوو کراوە، کارەکەش بە “خیانەت لە دەوڵەت” ناودەبات و داوا دەکات، فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سنوورە دەستبەجێ رەوانەی دادگەی سەربازی بکرێن.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنەی ئاسایش و بەرگری، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زانیاریی نوێی لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر خستەڕوو و رەخنەی توندی لە کەمتەرخەمیی دەزگە ئەمنییەکان گرت.
حەلبووسی رایگەیاند، شوێنی جوگرافیی هەڵدانی درۆنەکە دیاریکراوە و لە سنووری دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان بووە لە قەزای خورماتوو، جەختیشی کردەوە، جێگەی قبووڵکردن نییە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا نەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی پەرلەمان پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بێ ئەنجامی رەتکردەوە و داوای کرد لیستی ناوی فەرماندەی لیوا و فیرقەکانی ئەو ناوچەیەی رادەست بکرێت، تا رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر و رووبەڕووی دادگەی سەربازی بکرێنەوە.
بەپێی داتاکانی روانگەی ئیکۆ عێراق، راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، رۆژانە زیاتر لە 4.15 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی لە کەرتی گازی سروشتی و ماڵاندا لێدەکەوێتەوە.