ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران هێرشی کردە سەر سیستەمەکانی کەشتیوانی دەریایی لە دوورگەی دیدماری عومان لە گەرووی هورمز.
بەگوێرەی زانیاریی سێ سەرچاوەی ئاگادار، ئەم هێرشە ئەوە دەردەخات کە تاران دەتوانێت ئەو ژێرخانانە بکاتە ئامانج کە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەنداو بەکاردەهێنرێن.
دوو سەرچاوە لە بواری گواستنەوەی دەریایی و سەرچاوەیەکی دیکە لە بواری ئاسایشی دەریایی رایانگەیاند، پێدەچێت هێرشەکانی سەر دوورگەی دیدمار کاریگەرییەکی سنوورداریان لەسەر گواستنەوەی بازرگانی لە گەرووەکەدا هەبێت. هاوکات یەکێک لە سەرچاوەکان روونیکردەوە، هۆکاری ئەمە بۆ بوونی سیستەمی جێگرەوە لە شوێنی دیکە دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەکان هیچ هەڵسەنگاندنێکیان بۆ زیانەکان پێشکەش نەکرد. لەلایەکی دیکەوە رۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاستی بکاتەوە ئایا هیچ سیستەمێکی ناڤیگاسیۆن لەو هێرشانەدا تێکچووە یان نا، کە تاران سێشەممەی رابردوو بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانیان راگەیاند.
پێشتر میدیا فەرمییەکانی ئێران سێشەممەی رابردوو بڵاویانکردەوە، سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر سیستەمەکانی کەشتیوانی دوژمن لە دوورگەی دیدمار و تێکی شکاندن. هاوکات رۆیتەرز بەرزبوونەوەی دووکەڵی لە دوورگەکە پشتڕاستکردەوە، بەڵام روون نەبوو چی دەسووتێت. وێنەیەکی سەتەلایتیی بەرنامەی کۆپەرنیکۆسی یەکێتیی ئەوروپاش چالاکیی گەرمیی لە ناوچەکەدا دەستنیشانکرد.