خەبات: ڕۆشنا عەلی
هەمیشە دەڵێن فێربە ئایا فێربوون پرۆسەیە؟ ئایا ئەم پرۆسەیە ئامانجی پێكاوە؟ ئایا فێربوون هاتۆتە ئاراوە لە ئەنجامی فێركردندا؟ ئایا بوونی 30 تا 60 قوتابی لە پۆلێكدا توانای فێركردنی نەخنكاندووە؟ ئایا پرۆسەی فێركردن و ڕێگاكانی وانە وتنەوە تا ئێستا نوێكراوەتەوەو كام ڕێگایە دەمانگەیەنێتە فێربوونی هەمیشەیی ؟ تاچەند پرۆسەیەكی تەندروستەو پلانەكانی بە ستانداردی نێو دەوڵەتی ڕەنگ ڕێژكراوە؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر كە پرسیاری لاپەڕەكەی ئێمەو چەندین كەسانی ترە كە دەیانەوێت بزانن لەبەرهەمی فێركردن چی چنراوەتەوە؟ هەڵبەت هەمووان لەسەر ئەو بۆچوونەن كە فێركردن كاتییە و دەپرسین چی بكرێت بۆئەوەی فێربوون بە هەمیشەیی بمێنێتەوە؟ بۆ دەسكەوتنی وەڵامی سەرجەم ئەم پرسیارانە لاپەڕەی پەروەردە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ مامۆستا بۆتان كەریم عەبدوڵا پسپۆڕی ڕێگاكانی وانە وتنەوە لە پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی ئەنجامدا.
سەرەتا پرسیمان ئایا فێربوون دەرئەنجامی فێركردنە مامۆستا بۆتان ئاماژە بەوەدەدات كە ئەمە مەرج نییە هەموو كردارێكی فێركردن فێربوونی لێبكەوێتەوەیان ڕووبدات ئەو وتی ” هەموو مامۆستایەك بێگومان بەكرداری فێركردن هەڵدەستێ، بەڵام مەرج نییە فێربوون ڕووبدات، من هەمیشە بە مامۆستاڕاهێنراوەكانی پەیمانگا دەڵێم ” ڕاستە گرنگە زانست و زانیاری باشت پێبێت بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە ئایا هۆكارەكە چییە و بەرنامەو شێوازەكەی چییە؟ تا من چارەسەری كێشەكەی پێبكەم، لێرەدا هەڵەیەكی بەردەوامی ساڵانە لە كۆنەوە تا ئێستا كە مامۆستایان پەیڕەوی دەكەن ، كە ئەویش وانە وتنەوەیە لەسەر یەك رێگاو شێوازی كۆنی كلاسیكی كە پرسیارو وەڵامە %95ی مامۆستاكانمان تەنها رێگای پرسیارو وەڵام بەكاردێنن ، خۆیان پڕ زانیاری ناكەن لەڕووی ڕێگاكانی وانە وتنەوە ، ئەو ستراتیژەی من ماستەرەكەم لەسەر نوسیوە لە وڵاتی یابان بە 90 شێوە وانەی لەسەر دەوترێتەوە راستە وگرنگە ماموستا زانست و زانیاری پێ بێت بەڵام لە وە گرنگتر ئەوەیە چۆن دە توانێ بیگەیەنێتە لای قوتابی پلان و ڕێگا و شێوازی گە یاندنە كە چۆنە بۆ بە دە ست هێنانی ئامانجی بابە تی وانەكە؟
لە كیشە هە رە گرنگە كانی ئێمە تە نها گرنگی دان و ئیشكردنە لە سە ر عەقڵی قوتابیە كان وە لایە نی جە ستە یی و هە ست و سۆزی دە روونی فەراموش دە كە ین كە بە راستی كاریگە رییەكی زۆری هە یە لە سە ر كرداری فیركردن و فیربوون ئەمە زۆر كەمە هۆكاری سەرەكییە.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا هەست ناكەن ئەم جۆرە لە خنكان لە كاتی وانە وتنەوەیا پەیوەندی بە زۆری پڕۆگرامەكانی خوێندن و كاتی كەمی مامۆستاوە هەیە كە دەرفەت نادات لەوە باشتر بێت ؟بێگومان ئەو خاڵێكی گرنگە من بۆخۆم چەندین جار لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەكان دانیشتووم بە دڵ فراوانییەوە لێی وەرگرتووم، كە وتوومە” هیچ مەودایەك نییە كە مامۆستا چالاكی تێدا بكات ، ئەگەر سەیربكەین لە بابەتی كۆمەڵایەتییەكان باس لە بابەت و زانیارییەك دەكات كە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە باس لە دەریاچەیەك ئەكات دەریاچەكە نەماوە باس لە ژمارەیەك دەكات لە مەڕوماڵات لە دەشتی نەینەوا كە ئێستا ئەو ژمارەیە نەماوە باس لە ڕوبارێكی نێوان هند و چین دەكات كە ئەگەر قوتابیەكەی ئێمە بزانێت یان نا هیچ گرنگ نییە ، بەلكو دەبێت بزانێت ئەو ڕووبارە چ پەیوەندییەكی بە ژیانی ئەوەوە هەیە و لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆگرام دابنرێت ، كێشەیەكی تر لەبەركردنە بە قوتابی من بابەتێك بە قوتابی دەڵێم كۆتایی مانگ یان هەفتەكە تاقیكردنەوەیەكی پێدەكەم ئەوەی پێم وتووە بۆم بخاتە سەر كاغەز زانی دەرچووە نەیزانی كەوتووە، ئەمە تێگەشتنێكی بانكییە و هیچ تێگەشتنێكی تێدا نییە، قوتابی پێی وایە ئەوەی لە پڕۆگرامەكانە ڕاستە ئەوەی مامۆستاش ئەیڵێت ڕاستە كەواتە پێویستی بە گەشتن بە ڕاستی نییە و تەنها دەیڵێتەوە هیچ كردارێكی بیركردنەوەی تێدا نییە ، كە خۆی پەروەردەو فێركردن گەشە كردنی بیركردنەوەكانە ، تەنانەت ئەگەر هەڵسەنگاندنێك بكرێت لەڕووی پێشكەوتن یان دواكەوتنەكانەوە سەیری بیركردنەوەكان دەكرێت كەبەرەو چ ئاستێك ڕۆشتووە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا مەرجە ئەوەی لە پرۆگرامدایە مامۆستا تەنها ئەوە بكات ، پێتان وانییە ڕۆڵی یەكەی سەرپەرشتیاری لەو ڕوەوە نەرێنییە كە مامۆستا بە پڕۆگرامەكەوە دەبەستێتەوە؟ نەخێر بێگومان بۆنموونە من لەگەڵ ڕاهێنراوەكان قسە دەكەم دوو ڕۆژ ڕێگاو شێوازی وانە وتنەوەی نوێیان پێدەڵێم لە گشتییەكەو لە تایبەتییەكە مامۆستا هەیە ئەم بابەتانەی نەبیستووە كە 14 بۆ 15 ساڵە مامۆستا بووە رێگاكانی وانە وتنەوەی نوێ و سەردەمیانە بەكار ناهێنێ ، بەڵام دەڵێت بەربەستم هەیە كە زۆری پڕۆگرامەكەیە كاتێك سەرپەرشتیار دێت لێپێچینەوە لەسەر دواكەوتنی پڕۆگرامەكە دەكات ، ئەوەشی من دەیبینم لە ڕێگاو شێوازی وانە وتنەوەی نوێ پێویستی بە كات هەیە ، ئێستاش %95ی مامۆستایان بەشێوازی وانە وتنەوەی كۆن وانە دەڵێنەوە.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئێستا وەزارەتی پەروەردە بەردەوام خول بۆمامۆستایان ئەكاتەوە ولە كۆلێژو لە پەیمانگا ئایا نەتوانراوە گۆڕانكاری لەو ڕووەوە دروست بكەن ئەگەر وایە كەواتە با دابخرێت لەم بارەیەوە ئەو ڕاهێنەرە ئاماژە بەوەدەدات كە تەنانەت لەوشوێنانەش ڕێگاكانی وانە وتنەوە زۆر بەسادەیی دەخوێنرێت ئەو وتی ” ئەوە زۆر ڕاستە من زانیاریم هەیە لەوەی كە لەوێش
ئەو پەیمانگایەی كە ئێوە باسی دەكەن كاتێك دامەزرا پێم وابوو بۆ دووبابەتی گرنگ پەیدا بووە یەكێكیان ڕێگاكانی وانە وتنەوەی نوێ و سەردەمیانە ، دووەمیشییان لایەنی دەروونی كە دەبێت ئەو دوو بابەتە بە تەواوی بگەیەنینە مامۆستایان بۆ ئەوەی گۆڕانكاری ڕووبدات ، بەڵام بەداخەوە پێم وایە وەك پێویست نییە.
پرسیمان ئەگەر ئەم ڕێگایانە بۆمامۆستایەك ئاسان بێت كە پۆلەكەی كەمتر لە 30 قوتابی تێدایە ئایا هەست ناكەن زۆر زەحمەتە بۆ پۆلێك كە ژمارەی قوتابیانی ئەگاتە زیاتر لە 50 قوتابی مامۆستا بۆتان ئاماژە بەوەدەدات كە ئەم ژمارە زۆرییە پرۆسەی فێركردن ڕاناگرێت و بەهێزتری دەكات ئەو وتی ” 40 قوتابی لە پۆلێك واتە چل بیركردنەوە كە بەرهەمی ئێمە ئەو بیركردنەوانەیە ، 40 قوتابی لەیەككاتدا بیر ئەكاتەوە بۆنمونە بڵێ چۆن سود لە ئاوی باران وەردەگرین دەبینی هەریەكە ڕێگایەك باس دەكات كەلە كۆتایی باشترین بیرۆكەت دەست دەكەوێ، بەڕێوەبردنی پۆل پێویستی بە توانای مامۆستا هەیە كە چۆن كۆنترۆڵی 40 قوتابی و زیاتر دەكات چۆن دەتوانێت سەرنجی قوتابی بۆلای خۆی ڕاكێشێت ، ئەمە پەیوەندی بە ڕێگاكانی وانە وتنەوەوە هەیە لەگەڵ ڕێزم مامۆستا هەیە كە دەچێتە پۆلەوە هاوكات لەگەڵ فەوزای پۆلەكە دەست بە وانە وتنەوە دەكات، خۆم بینیومە مامۆستا بابەتی باس كردووە ناونیشانی تیا نەنوسیوە، هەندێك پایە هەیە ئەگەر مامۆستا پەیڕەوی بكات لە كاتی وانە وتنەوەدا نەك چل قوتابی 80 قوتابیش بێت دەتوانێت كۆنترۆڵی بكات.









