خەبات: ساسان دەروێش:- خولی هەژدەیەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، بە دروشمی من کوردستانیم لە شاری هەولێر کرایەوە. پێشانگەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی بۆ ماوەی دە ڕۆژ، لە هۆڵی پێشانگەکان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەردەوام دەبێت. لەو خولەی پێشانگەکەدا نوێنەرانی ١٨ وڵات بەشدارن و زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب بە زمانە جیاوازەکان، لە بواری ئەدەب، هزر و مەعریفەدا، بۆ خوێنەران و سەردانکەران بەردەستن.

لەنێو ستاندەکانی پێشانگەکەدا، بەرهەم و چاپکراوەکانی ئینستیتوتی خوێندنی کوردی لە بەرلینیش بەشدارن. لەم بارەیەوە، د. فەریاد فازڵ، دامەزرێنەری ئینستیتوتەکە بۆ خەبات باسی ئامانجەکانی بەشداریکردنیان، بەرهەمە نوێیەکانیان و پێویستیی پشتگیریی دامەزراوە کوردییەکان لە پێشانگەکەدا کرد. د. فەریاد فازڵ، سەبارەت بە ئامانج و ئاستی نێودەوڵەتیی پێشانگەکە، گوتی: ئاواتەخوازم ئەم پێشانگایە ببێتە پێشانگایەک کە نوێنەرایەتیی کولتوور و هونەری کوردی و عەقڵی کورد بکات، بەڵام بەداخەوە هەر جارێک سەردانی پێشانگەکە دەکەم، دەبینم دامەزراوە و کۆمپانیا بیانییەکان زیاتر بەشدارن و دامەزراوە کوردییەکان کەمترن.

هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێچووی زۆری بەشداریکردن. ئەو پارەیەی کە بۆ بەکرێگرتنی شوێنێک لە پێشانگەکەدا دەدرێت، زۆرە. ڕەنگە دامەزراوەیەک لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا، بە فرۆشتنی کتێبەکانی، نەگاتە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ بەشداریکردن خەرجی کردووە. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە پێشانگەکە لە ڕووی بەشداریکردنی نەتەوە و دامەزراوە کولتوورییەکانەوە پەرە بسێنێت و هەلومەرجێکی گونجاوتر بۆ دامەزراوە کوردییەکان دابین بکات.

د. فەریاد فازڵ، لە بەردەوامیی قسەکانیدا، ڕایگەیاند کە لە پێشانگەی کتێبدا جیاوازییەک لە نێوان نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی هەیە و پێویستە بەشداریی نەتەوە و دامەزراوە جیاوازەکان زیاتر بکرێت. ئەو گوتی، بە پێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی بەشداریکردنی دامەزراوە کوردییەکان وەری گرتووە، ئینستیتوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین لەو خولەدا یەکێکە لەو دامەزراوانەی بەرهەمی کوردی پێشکەش دەکات. دامەزرێنەری ئینستیتوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی بەرهەمەکانی ئەمساڵی دامەزراوەکەی کرد و گوتی: ئەمساڵ شانازی بەوەوە دەکەین کە ٨٠ کتێبی زانستی و پەروەردەیی کوردیمان بڵاو کردووەتەوە. ئەمە بۆ ئێمە کارێکی گرنگە و دەبێت خەڵکی دیکەش باسی بکەن. ئێمە هەوڵمان داوە بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ منداڵان ئامادە بکەین و بە زمانی منداڵان پێشکەشیان بکەین. ئەو ئاماژەی بەوەش دا کە لە کاتی ئامادەکردنی کتێبەکانی منداڵاندا، تەمەنی دیاریکراوی خوێنەرانیان بە شێوەیەکی توند نەخستووەتە سنوورەوە، چونکە باوەڕی وایە دایک و باوک دەبێت بەپێی توانایی و ئارەزووی منداڵەکانیان، کتێبی گونجاو هەڵبژێرن.

د. فەریاد فازڵ، هەروەها باسی کتێبێکیان کرد کە بە ناوی ڕۆحی نەمر بڵاو کراوەتەوە و چیرۆکێکی کاریگەر بۆ منداڵان دەگێڕێتەوە. بەپێی ڕوونکردنەوەکانی، ئەم بەرهەمە هەوڵ دەدات بە زمانی چیرۆک، بەشێک لە ڕابردووی پڕ لە ئازار و ناخۆشیی نەتەوەی کورد، لە سەردەمی بەعسدا، بگەیەنێتە منداڵان. چیرۆکەکە باس لە دوو منداڵ دەکات کە هەوڵ دەدەن ڕۆحی خۆیان بە یەک بگەیەنن و پەیوەندییەکی قووڵی مرۆیی لە نێوانیاندا دروست بکەن، پەیوەندییەک کە لە بیرەوەری و بوونی کەس و کارەکانیاندا بەردەوام دەبێت. د. فەریاد فازڵ، سەبارەت بە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ پێشانگەکە و سەرنجدانی بەرهەمەکانی ئینستیتوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، گوتی کە زۆر دڵخۆش بووە بەو سەردانە. ئەو لەم بارەیەوە ڕوونی کردەوە: زۆر خۆشحاڵ بووم کە جەنابی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی کردنەوەی پێشانگەکەدا هاتە لای ئێمە و سەرنجی ئەو کارانەی دا کە ئەنجامانداوە. ئەم کارانە بە پێشنیازی ئەو دەستیان پێکردووە و جەنابیان ئاگاداریی بەرهەم و چالاکییەکانی ئێمەیە. جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر دڵخۆش بوو بەوەی کە بینیی ئێمە لەم ساڵەدا نزیکەی ٨٠ کتێبی کوردیمان بۆ منداڵان بڵاو کردووەتەوە، کتێبگەلێک کە زۆربەیان لە چوارچێوەی زنجیرەی چیرۆکی منداڵاندا ئامادە کراون.

د. فەریاد فازڵ، لە بەرانبەردا، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو پشتگیرییەی لە کارە کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان دەکات و ئەوەی بە نیشانەیەکی گرنگی گرنگیدان بە ڕۆشنبیری و پەروەردەی نەتەوەیی وەسف کرد.ئەو گوتی، بۆیه‌ جێی شانازییە کە سەرۆکی نەتەوەیەک سەرنجی ئەو بەرهەمانە بدات کە بۆ منداڵان ئامادە دەکرێن و هەوڵ بدات ئاستی پێشکەوتنیان بەراورد بکات بە ساڵانی پێشوو. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کاک سیداد بارزانی و وەزیری پەروەردە، بەڕێز ئاڵان حەمەسەعید، سەرنجیان داوەتە بەرهەمەکانی ئینستیتوتەکە و ستایشی ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی کتێبەکانیان بۆ منداڵان کردووە. د. فەریاد فازڵ، لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، گرنگیی پێشانگەی تایبەت بە کتێبی کوردیی خستەڕوو و گوتی: چەند مانگێک لەمەوبەر، بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا، پێشانگەی کتێبی کوردی کرایەوە. ئەو پێشانگایە دڵی منی زۆر خۆش کرد، چونکە بە ڕاستی پێشانگەیەکی تایبەت بە کتێبی کوردی بوو. ئەم ناوە گەورەیە و پێویستە بایەخی پێ بدرێت.

ئەو پێی وایە کە کورد پێویستی بە عەقڵی نێودەوڵەتی و بەرهەمی جیهانی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بایەخ بە بەرهەم و دامەزراوە کوردییەکانیش بدرێت، چونکە لە جیهانی ئەمڕۆدا، زانیاری و بەرهەمە کولتوورییەکان بە خێرایی دەگەنە ماڵەکان و سنوورە جوگرافییەکان کەمتر کاریگەرییان هەیە. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بەڕێوەبەرانی پێشانگەکە، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی بەرپرسیاریی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنیان لە ئەستۆیە، نرخێکی تایبەت بۆ دامەزراوە کوردییەکان دابنێن، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن و بەشدارییەکی کاریگەرتر هەبێت.