دەستووری عێراق و سەرابی مافەكانی كورد بۆچی لە ٢٠٠٥ گوتم ئەمە هەنگاونانە بۆ دواوە؟

190

مومتاز حەیدەری

ئەم ڕۆژانە، جارێکی دیکە پرسی هەمواری دەستووری عێراق بووەتە مژاری گەرمی نێو ناوەندە سیاسییەکان و میدیاکان. لە عێراقدا کەسانێک لە پێگەی گەورە و دەسەڵاتەوە دەهۆڵ بۆ ئەم هەموارە دەکوتن و دەیانەوێت گۆڕانکاری لەو بەڵگەنامەیەدا بکەن کە بنەمای دروستبوونەوەی عێراقی دوای سەددامە. لە بەرامبەردا هێشتا لەنێو ماڵی کوردیدا کەسانێک هەن پێیان وایە ئەم دەستوورە دەقێکی پیرۆزە و مافی تەواوی بە کورد داوە، وەک ئەوەی بە نووسینەوەی ئەم دەستوورە، کورد گەیشتبێتە ترۆپکی خەونەکانی و سەرجەم مافە دەستوورییەکانی لە عێراقدا بۆ جێبەجێ بووبێت. بەڵام ئایا بەڕاستی ئەم دەستوورە ئەو دەستکەوتە مەزنە بوو کە بۆمان وێنا دەکرا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥، ئەو کاتەی کە ڕەشنووسی دەستوورەکە ئامادە دەکرا و بڕیار بوو بخرێتە ڕیفراندۆمەوە.

لەو کاتەدا کە بەشێکی زۆر لە ناوەندە سیاسییەکان و سەرکردەکان داکۆکییان لە دەستوورەکە دەکرد و خەڵکیان هان دەدا دەنگی بۆ بدەن، من وەک خاوەن قەڵەمێکی سەربەخۆ و وەك نیشتمانپەروەرێك و لە ڕوانگەی هەستێکی نەتەوەییەوە، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (پاڵە) بە ڕوونی گوتم: «ئەم دەستوورە نەک دەستکەوت نییە، به‌ڵكوو چەندین هەنگاو بۆ پاشەوەیە.» بێگومان بوونی دەستوور وەک دیکیۆمێنتێکی یاسایی لە ڕووی شارستانییەوە کارێکی باشە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە بوو: چ جۆرە دەستوورێک؟ ئێمە باس لە دەستوورێک دەکەین کە دەبوو ڕەنگدانەوەی تەواوەتی کورد بێت وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی خاک، سنوور، زمان و کولتووری خۆیەتی.

کاتێک بەراوردی قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلی کورد (لە ڕاپەڕینەکەی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە بگرە تا ڕووخانی بەعس) لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم دەستوورەدا دەکەین، دەبینین ئەوەی نووسراوەتەوە لە ئاست ئەو مێژووە خوێناوییەدا نییە. با واقیعەکان وەک خۆیان بخوێنینەوە، ئێمە پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١، بۆ ماوەی زیاتر لە (١٢) ساڵ حوکمڕانییەکی نیمچە سەربەخۆمان هەبوو کە لە شێوەی دەوڵەتدا کاریگەری دەکرد. پەرلەمانی کوردستان فیدڕاڵییەتی ڕاگەیاندبوو و ئەمەش وەک ئەمری واقیعێک بەرانبەر بە ڕژێمی سەددام چەسپابوو.

بۆیە دوای ڕووخانی ڕژێمی فاشیستی لە ٢٠٠٣، دەبووایە دروشم و داواکارییەکانی کورد قۆناغێکی گەورەتری ببڕیایە و داوای کۆنفیدڕاڵی یان سەربەخۆیی تەواوەتی بکردایە. ئەگەر کورد بەو هێزەوە بچووایەتە پێشەوە، ئەوا ئەو هێزە ناسیۆنالیستە عەرەبی و ئیسلامییە سیاسییانەی کە لە سەردەمی سەددامدا دەستیان لەسەر سینگ بوو، خۆیان فیدڕاڵییەتیان دەهێنایە پیرمام و دەپاڕانەوە تا کورد لەگەڵیاندا بمێنێتەوە. بەڵام چوونە ژێر باری دەستوورێک کە ڕەهەندێکی تایفەگەری و نیمچە کۆنەپەرستانەی هەیە و لە عەلمانییەت و پێشکەوتنی سەردەم دوورە، پاشەکشەیەکی گەورە بوو کە من ئەو کات بە (١٣ هەنگاو بۆ دواوە) وەسفم کرد. هۆکاری سەرەکی ئەم پاشەکشەیەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، بەر لە ڕووخانی سەددام و تەنانەت لەگەڵ ئەمه‌ریکییەکانیشدا، وه‌كوو پێویست پڕۆژە و ستراتیژێکی نەتەوەیی ئامادەکراو و ڕۆشنی نەبوو. دوای ڕووخانی بەعس، لە ئەنجامی جۆرێک له‌ به‌شداری سیاسی، ڕوویان لە بەغدا کرد بە مەبەستی بونیادنانەوەی عێراقێکی تازە.

لەو کاتەدا کە عەرەبی سوننە و شیعە لە قەیراندا بوون، کورد دەیتوانی هەموو مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت، بەڵام لاوازی بەرنامەی نەتەوەیی کورد وایکرد ئەو دەرفەتە لەدەست بچێت. من ئەو کات بانگەوازێکم لە سێ ڕۆژنامەی سەرەکی کوردستان (برایەتی، کوردستانی نوێ، ڕێگای کوردستان) بڵاوکردەوە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەرتاسەری تا بەرنامەیەکی یەکگرتوو دابڕێژین، بەڵام بەداخەوە کەس گوێی لێ نەگرت. دەرئەنجامی ئەم لاوازییە سیاسییە ئەوە بوو کە لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا، هێزە تایفەگەرییەکان و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە خاڵێکی سەرەکیدا یەکیان گرت، ئەویش دژایەتیکردنی مافەکانی کورد بوو.

ئەوەی ئەمڕۆش دەیبینین درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵیەتەیە. عەرەب هەر عەرەبە، ته‌نیا بەرگەکەی گۆڕیوە. دوێنێ سەددام حوسێن نوێنەرایەتی پڕۆژەی ناسیۆنالیستی عەرەبی دەکرد دژی کورد، ئەمڕۆش کۆمکاری عەرەبی و هێزە ئایینی و مەزهەبییەکان هەمان ڕۆڵ دەگێڕن. ئەمە شەڕێکی ساردی داخراوە لەنێوان دوو نەتەوە لە چوارچێوەی عێراقێکی دەستکرددا.

سەبارەت بەو دروشمە بریقەدارانەی لە دیباجەی دەستوورەکەدا هاتوون، وەک ئەوەی عێراق یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەیە و گوایە ئەمە جێگرەوەی مافی چارەی خۆنووسینە، دەبێت بزانین کە ئەوە ته‌نیا فیلمێکی سیاسیی ڕووكەشە. بەغدایەک کە لە ناخەوە بڕوای بە مافی چارەنووسی کورد نەبێت، چۆن دەتوانیت ئومێدی پێ بخوازیت؟ ئەوان ئەم دەستەواژانەیان ته‌نیا بۆ ئەوە دانا تا کورد بیر لە دروستکردنی دەوڵەت و جیابوونەوە نەکاتەوە. ئەگەر سەیری واقیعی جێبەجێکردنی دەستوورەکەش بکەین، قسەکانی ساڵی ٢٠٠٥ـی من بە تەواوی پشتڕاست دەبنەوە.

کاتێک پرسیارم لێکرا ئایا دەستوورەکە جێبەجێ دەکرێت؟ گوتم مادەی ٥٨ (کە دواتر بوو بە مادەی ١٤٠) سەبارەت بە کەرکووک کاتی بۆ دانراوە و جێبەجێ ناکرێت، بگرە تەعریبیش بەردەوام دەبێت. مێژوو سەلماندی کە نەک هەر جێبەجێ نەکرا، به‌ڵكوو وەک دكتۆر مەحموود عوسمان لەو کاتەدا گەواهیدەری بوو، لەناو هۆڵەکەدا ڕێککەوتن لەسەر مادەیەک دەکرا و لە کاتی چاپکردندا دەیانگۆڕی! جێی ئاماژەیه‌، دكتۆر ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دەمی بوون بە سەرۆكوەزیرانی كە سوێندی یاسایی خوارد، ناوی عێراق فیدڕاڵی نەبرد..! دەبووایه‌ ئەو كاتە سەركردایەتیی كورد هەڵوێستێكی نەتەوەییان وەرگرتبایە.

بۆیە، ئەمڕۆ کە جارێکی دیكە باس لە هەمواری دەستوور دەکرێت لەلایەن عەرەبەکانەوە بۆ زیاتر ناوەندگەراییکردنی عێراق، نابێت کورد سەریسوڕبمێنێت. ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ئاگاداریماندا کە گرێدانی چارەنووسی گەلێک بە دەستوورێکەوە کە لەژێر هەژموونی هێزی تایفەگەری و کۆنەپەرستیدا نووسراوەتەوە و گرەنتییەکی نێودەوڵەتی بەهێزی لەپشت نییە، چارەنووسێکی نادیارە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، ته‌نیا هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی دیكەی ئەو مێژووە پڕ لە نائومێدییه‌ بەردەوامەیه‌ کە دەستووری عێراق بۆ کوردی هێناوەتە ئاراوە.