فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێکردنی پلانێکی ئەمنیی بۆ پاراستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی گۆڕەپانی تەحریر ڕاگەیاند، هاوکات هاتوچۆی ماتۆڕسکیل و تۆکتۆکی لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان قەدەغە کرد.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لەسەر ڕێنمایییەکانی سەرۆک وەزیران و ڕاسپاردەی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری ئەمنی و ڕێکخستن، بە مەبەستی دابینکردنی پاراستن بۆ خۆپیشاندانە ئاشتییانەکەی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی پایتەخت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ڕێکارەکان بریتین لە:

– ئەنجامدانی پشکنینی ورد بۆ هاووڵاتییان لە تەواوی ئەو ڕێگایانەی دەچنە سەر گۆڕەپانی تەحریر، بە مەبەستی دابینکردنی بەرزترین ئاستی ئاسایش بۆ خۆپیشاندەران و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ.

– هێزە ئەمنییەکان بە هیچ شێوەیەک ڕێگاکانی بەرەو گۆڕەپانی تەحریر داناخەن، لە کاتی زۆر پێویستیشدا داخستنی ڕێگاکان تەنیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەیی دەبێت.

– هاتوچۆکردنی تۆکتۆک و سەرجەم جۆرەکانی ماتۆڕسکیل لەسەر ڕێگاکانی (خێرای محەمەد قاسم، خێرای کەناڵی جەیش و خێرای سەڵاحەدین/شوعلە) لەگەڵ تەواوی ئەو شەقامانەی دەچنە سەر گۆڕەپانی تەحریر، لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی ڕابردووەوە بە تەواوی قەدەغەیە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا داوای لە خۆپێشاندەران کرد کە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی گیانیاندا، هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن و بە تەواوی پابەندی ڕێنمایییەکان بن.