خهبات: عەبدولقەهار هەولێری:- شەوی پێنجشەممە، 22.10.2026، شانۆی ئەربیل ئەڤینۆ له ههولێر بووە گۆڕەپانی شەوێکی پڕ لە گۆرانی و میوزیك و هەست و سۆز، کاتێک هونەرمەندی ناسراوی کورد، نەڤید زەردی، دوای هەشت ساڵ دابڕان لە کۆنسێرتەکانی کوردستان، بە ئاهەنگێکی گەورە و ئامادەبوونی سەدان هەوادار، گەڕایەوە سەر شانۆ. ئەم کۆنسێرتە کە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆنسێرتەکانی پایزەدا بەڕێوەچوو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەردۆستان و هەوادارانی نەڤید زەردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئامادەی بوون.
تایبەتمەندیی ئەم گەڕانەوەیە، تەنها لە دوای هەشت ساڵ دووری نەبوو، بەڵکوو لە ئامادەکارییە هونەرییە فراوانەکانیشدا ڕەنگیدایەوە؛ نەڤید زەردی بۆ ئەم شەوە تایبەتە، بە هاوڕێیەتی تیمێکی هونەری و میوزیكی ٤٠ کەسی لە ئەمهریکا، کەنەدا و ئەوروپاوە ڕوویان لە هەولێر کردبوو، بۆ ئەوەی کۆنسێرتێکی جیاواز پێشکەشی هەوادارانی بکەن. لە درێژەی ئاهەنگەکەدا، گۆرانی و ئاوازەکانی نەڤید زەردی، لەگەڵ جۆش و خرۆش و هاودەنگیی هەواداران، کەشێکی پڕ لە شادی و هەستی هونەرییان لە ناو هۆڵەکەدا خوڵقاند و شەوەکەیان کردە یەکێک لە ڕووداوە میوزیكییه بەرچاوەکانی ئەم پایزەی هەولێر. بەم شێوەیە، گەڕانەوەی نەڤید زەردی بۆ سەر شانۆی کوردستان، تەنها کۆنسێرتێکی هونەری نەبوو، بەڵکوو بووە دیدارێکی نوێی هونەرمەندێک لەگەڵ هەوادارانی، دوای هەشت ساڵ چاوەڕوانی؛ شەوێک کە میوزیك زمانی هاوبەشی هەمووان بوو.