حكوومەتی هەرێمی كوردستان 11 گەنجی تر لە لیبیا رزگار دەكات و دەیانگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەیش دوای بێسەروشوێنبوونی ئەو گەنجانە دێت.
ئەمڕۆ دووشەممه پێنجی كانوونی یەكەم، وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی كە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی كۆمەڵێك هاونیشتمانیمان لە لیبیا بەدەست گەیشت، ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، ڕاسپێردران بەپەلە ڕێككاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگاركردن و هێنانەوەیان، ئێستەش تەواوی مامەڵەكانی تایبەت بە 11 هاونیشتمانییەكە تەواو بووە لەم چەند ڕۆژەدا دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان.
باس لەوەش كراوە، لە هەمان كاتدا وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوە، هەموو هەوڵ و توانایان بۆ دۆزینەوە و سۆراخی 10 هاونیشتمانی تری راپەڕین چڕ كردووەتەوە، كە ماوەیەكە بێسەروشوێنن، بەهاوئاهەنگی لەگەل باڵوێزخانەی عێراق لە لیبیا و لە رێگەی نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر دووپات لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خێزانەكانیان دەكاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی كۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە كۆچە نەك هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات، بەڵكو دەبێتە هۆی پێشێلكاریی یاسایی وڵاتانی تر و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەڕووی ئەم گەنجانە بووەوە، هەندێكیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەكاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەكانی مردن بوونەتەوە.