ئەمڕۆ ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنرێت و وەزارەتی خوێندنی باڵاش داوا لە وەرگیراوان دەکات ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن.

  ئەنجامەکانی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ڕادەگەیەنرێت. پرۆسەکە لە ڕێگەی سیستەمی زانکۆلاینەوە بووە و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆکان دەستپێدەکات.

  ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 ڕادەگەیەنرێت، کە تێیدا تەواوی وردەکارییەکانی پرۆسەکە و ناوی وەرگیراوان دەخرێتەڕوو.

  سەبارەت بە هەنگاوەکانی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەکرد کە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی پێویست دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوانی تازە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بۆیە داوا لە وەرگیراوان دەکەن لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن.