بڕیارە سبەی یەکشەممە، لیستی مووچەی مانگی 9 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 8 رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت. گوتیشی، دوای رادەستکردنی لیستەکە، وەزارەتی دارایی عێراق راستەوخۆ دەست بە وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات. پێشبینی دەکرێت پرۆسەی وردبینیکردنەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا کۆتایی بێت.
پرۆسەی تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ وەزارەتەکانی عێراق بەهۆی پشووەکانەوە راوەستابوو، بەڵام پێش دەستپێکردنی پشوو، بەشێکی زۆری وەزارەتەکانی عێراق مووچەکانیان وەرگرتبوو.
بەراورد بە مانگی رابردوو، عێراق لەم مانگەدا کێشەی نەختینەی کەمترە و پارەی پێویستی لەبەردەستدایە، بەهۆی ئەوەی ئەم مانگە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە عێراق زووتر دەستی پێ کردووە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی وردبینییەکان، راستەوخۆ تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.