فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، سوپاسی هاوکاریی دەوڵەتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات و ڕایدەگەیێنێت، سەروەریی ڕاستەقینە کاتێک بەدی دێت کە چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکرێتەوە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن.

  فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت: “کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە وێستگەیەکی گرنگ دەزانین بە ئاراستەی ئەوەی عێراق ببێتە خاوەن سەروەریی تەواوی خۆی.

سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەو وڵات و هێزانە دەکەین کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە دەستی هاوکارییان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان درێژ کرد و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سەنگەری بەرگریدا قوربانییان دا”.

فراکسیۆنی پارتی جەخت لەسەر مەرجەکانی سەقامگیری دەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت: سەروەریی ڕاستەقینە و سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراقدا، بە بەهێزبوونی یاسا و دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆکردنەوەی چەک لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا بەدی دێت، بە جۆرێک کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی و بڕیاری نیشتمانی، تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا، فراکسیۆنی پارتی بە پێویستی دەزانێت هەماهەنگی و هاوکارییەکی تۆکمە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت تا دەستکەوتە ئەمنییەکان بپارێزرێن، ئاماژەی بە ئەوەش داوە: “عێراقێکی ئارام، سەقامگیر و خاوەن بڕیاری سەربەخۆ، تەنیا لە سایەی پابەندبوون بە دەستوور، هاوبەشیی ڕاستەقینە، ڕەچاوکردنی ماف و شایستەکانی سەرجەم پێکهاتەکان و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەتوانێت پێش بکەوێت و بناغەیەکی پتە و بۆ ئاوەدانیی عێراق و هەرێمی کوردستان دابین بکات”.