بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبووەوە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 29 ی ئەیلوول، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژە بەوە دراوە، لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، شیلان دۆسکی کورتەیەکی لەسەر دواین قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و هەنگاوەکانی گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی دارایی خستەڕوو.
لای خۆشیەوە وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە بانکە ئەهلییەکان هەبووە کە پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بەفەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە ئاماژە بە دواین هەنگاوەکانی تۆمارکردن و سوودمەندانی پڕۆژەکە و دابین کردنی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە کرا کە لە ئێستادا نزیکەی 10 هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن و زیاتر لە 750 ئامێری ڕاکێشانی پارە دانراوە و زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا بە زووترین كات لە ڕێگای لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتەوە دەست بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بکرێت بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری.