مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمز نیگەرانی خۆی بە كشانەوەی هاوپەیمانان راگەیاند و گوتی، جێهێشتنی هەرێمی كوردستان بەبێ دابینكردنی هیچ سیستەمێكی بەرگری، مایەی نیگەرانییە.

رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە كە چەند لێدوانێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەخۆ گرتووە، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەڵێ‌، بە داخەوە نووسەری ڕاپۆرتەكە، دەقی لێدوانەكانی سەرۆكی حكوومەتی وەك  خۆی بڵاونەكردووەتەوە، بەڵكوو زیاتر بۆچوون و لێكدانەوەكانی خۆیەتی نەك دەقی قسەكانی سەرۆكی حكوومەت.

ئەمەش دەقی گرنگترین لێدوانەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ ڕۆژنامەكە :

* كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق لە كاتێكی هەستیاردایە.

* هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشكی و درۆنی بووەتە.

* بە جێهێشتنی هەرێمی كوردستان بەبێ دابینكردنی هیچ سیستەمێكی بەرگری، مایەی نیگەرانییە .

* بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی.

* ئێمە دۆست و هاوپەیمانیی ئەمەریكاین، بەڵام لە هەمانكاتدا دەمانەوێ پێوەندیی باشیشمان لەگەڵ هەموو دراوسێكانمان لە نێویشیاندا ئێران هەبێت.

* پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و هەمیشە دووپاتمان كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان هەرگیز بەشێك نییە لە شەڕ و ململانێ و مایەی هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەك.

* هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن ئێرانی ساڵانێكی زۆرە لە عێراق و هەرێمی كوردستانن كە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە.

* پشتیوانی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ عەلی زەیدی دەكەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داماڵینی چەكی میلیشیاكان و چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

* ئامادەین بۆ هەموو هاوكارییەكی حكوومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادكردنی داهاتی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەكان.

* هەوڵ و گفتۆگۆكانی كاراكردنەوە پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن.