وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 کۆتایی هات و ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئابووری کرا.
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگهیاندراوێكدا، بڵاوی كردەوە: “دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی ئامادەکردنی، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی ئابووری کرا.”
روونیش کراوەتەوە: “ئەمەش بەرهەمی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بووە بە سەرپەرشتیی فالح ساری وەزیری دارایی، بە میوانداریکردنی نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و راوێژکردن بە شارەزایانی دارایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.”
بەپێی راگەیاندراوەكە: “فالح ساری وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاندوە، وەزارەتی دارایی لە کاتی دیاریکراودا پابەندبوونەکانی خۆی لە ئامادەکردنی پڕۆژەکە جێبەجێ کردووە و بودجەکە جێبەجێکردنی پلە بەپلەی سیستمی “بودجەی بەرنامە و کارایی” بۆ کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانییە و سەڵاحەدین لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی تەرخانکراوە داراییەکان بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە ببەسترێنەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، پڕۆژەکە رەچاوی پێشینەکانی کارنامەی حکوومەت، گۆڕانکارییە ئابووری و داراییەکان و پێداویستییەکانی چینەکانی کۆمەڵگەی کردووە لە چوارچێوەی توانای دارایی بەردەستدا. هەروەها تیشکی خستووەتە سەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەسپاندنی رێکخستنی دارایی.