تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی قوتابخانە له‌نێوان پاراستنی تایبەتمەندی و نمایشی بەردەوام

120

رۆشنا عه‌لی
لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆجیا و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، ماوەی چەند ساڵێکە زۆربەی قوتابخانەکان ئەکاونت و پەڕەی تایبەت بە خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تایبەتی فەیسبووک کردۆتەوە. ئەم هەنگاوە لە هەندێک ڕووەوە سوودی خۆی هەیە؛ وەکوو ئاگادارکردنەوەی خێزانی قوتابیان لە خشتەی تاقیکردنەوەکان و چالاکییە گشتییەکان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پرۆسەی خوێندنەوە هەیە. بەڵام لە لایەکی ترەوە، بەکارهێنانی نادروستی ئەم تۆڕانە کۆمەڵێک ئاڵۆزی و گرفتی پەروەردەیی، دەرونی و کۆمەڵایەتی دروست کردووە کە شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنن.

یەکێک لە کێشە هەرە بەرچاو و مەترسیدارەکان، بڵاوکردنەوەی بەردەوامی وێنە و ڤیدیۆی ڕۆژانەی قوتابییانە لە ناو پۆلەکان و لە کاتی وانەخوێندندا. ئەم ڕەفتارە دەبێتە هۆی ئەوەی چەندین قوتابی بەبێ خواستی خۆیان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ببیننەوە. جگە لەوەش، زۆربەی جار خێزانی ئەم منداڵانە لە وادەی بڵاوکردنەوە یان جۆری ئەو وێنانە ناڕازین و بە پێشێلکردنی تایبەتمەندیی خێزانی خۆیانی دەزانن.

لەلایەکی دیکەوە، منداڵان لە تەمەنی بچووکدا درک بە ئاسەوارە دوورمەوداکانی بڵاوبوونەوەی وێنە و ڕەفتارەکانیان ناکەن. قسەیەک، هەڵسوکەوتێک یان جوڵەیەکی ئاسایی ناوپۆل کە ئەمڕۆ بە سادەیی سەیر دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە، ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی، گاڵتەپێکردن یان شەرمەزاری بۆ قوتابییەکە لە تەمەنی گەورەییدا.

سەرەڕای ئەمانەش، تەرخانکردنی پەڕەی قوتابخانەکان بۆ نمایشکردنی ڕۆژانەی پۆلەکان، تایبەتمەندی و داهێنانی پەروەردەیی کاڵ دەکاتەوە و جۆرێک لە چاولێكەریی کوێرانە و ڕکابەریی ناپێویست لەنێوان قوتابخانەکاندا دروست دەکات. مەبەست لەم ئاماژانە دوورخستنەوەی تەواوەتی قوتابخانەکان نییە لە تەکنەلۆجیا، بەڵکو مەبەست ڕێکخستنەوەیانە، پێویستە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان تەنیا لە چوارچێوەی ئاگاداریی فەرمیدا بێت و ماف و تایبەتمەندی و شکۆی منداڵ و خێزانەکان لە سەرووی هەموو ئامانجێکی میدیاییەوە دابنرێت.