خهبات: د.كەیفی ئەحمەد-كۆیە –
شیعر مێژوویەكی ئێجگار كۆن و دوور و درێژی هەیە، مرۆڤ هەر لەسەردەمانی سەرەتای ژیانیدا ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو جۆرەی ئەدەبدا پەیداكردووە، ئەو هونەری دەربڕینەی كردووە بە ئامراز و هۆكارێك بۆ دەربڕینی گشت كێشە و ئازار و رەخنە و پەیام و مەبەستەكانی خۆی، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لای گریكەكانیش وەكو خاوەنی گشت سەرچاوە زانستی و ئەدەبییەكان، دەبینین، كەسێكی وەكو ئەرستۆ بەپێچەوانەی مامۆستاكەی لەگەڵیدا بووەو كتێبێكیشی بەناوی شیعر وەكو یاسا و رێسا و بۆچوونەكانی خۆی لەمەڕ زۆر مەسەلەی زانستی و ئەدەبیی و هونەری داناوە، بەهەمان شێوە هۆراس لەگەڵ شیعر بووە، شاعیرێكی كۆنی گریكی وەكو ئەدریانۆس بەهۆی شیعرە مەلحەمییەكانی مێژووی ئەسكەندەری گەورەی نووسیوەتەوە، یان نووسەرانی گەورەی تراژیدیا، كە تراژیدیانامەكانیان بەشێوەی شیعر نووسیوە، باس لە مێژوو و كێشە كۆمەڵایەتی و دارایی و رامییارییەكانی سەردەمی خۆیان كردووە. لەنێو نەتەوەی كوردیشدا رووكردنە ئەو هونەرەی دەربڕین زۆر كۆنە، شایەدی قسەكەشمان هەموو ئەو شیعرە فۆلكلۆرییە رەسەنانە، كە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵی كوردەواری داپۆشیوە، بۆ هەموو بوارەكان بە شیعر قسەی خۆیان كردووە. هەروەها لەنێو جۆرەكانی ئەدەبی نووسراویشدا شیعر پێش هەموو جۆرەكانی ئەدەب كەوتووە، نەتەوەی كورد خاوەنی چەندین شاعری گەورە و داهێنەر و بەناو و ناوبانگە، هەر بۆیە رۆژهەڵاتناسی بەناوبانگی روسیی ئەبۆڤیان لەوبارەوە گوتوویەتی هەموو كوردێك تەنانەت پیرەمێردە نەخوزێندەوارەكانیشی گیانی شاعیرانە لە ناخ و دەروونیان دایە.
هەربۆیە ئەو رەوتە بەردەوامی هەیە و تاكەكانی نەتەوەكەمان درێژەیان بەو مێژووە داوە، لە هەموو پارچەكانی وڵات و لەهەموو شار و نێوچەیەكی ئەو نیشتیمانە رەنگینەدا، چەندان كوڕ و كچی لاوی شاعیر بەزمانی پاراوی نەتەوەكەیان، كێشە و پەیام و دەردەدڵی خۆیان دەردەبڕن و هەموو جیهانی لێ وشیار دەكەنەوە. كۆیەش وەكو پارچەیەكی زیندوو و خاوەن مێژوو لەو رووە چالاكیی و كۆڕ و سیمینار و دیداری شیعریی لەو شارە بەردەوام بەرچاو دەكەوێت، یەكێكیش لەو مەڵبەندە چالاكانە كتێبخانەی گشتی كۆیەیە، دەتوانین بڵێین لەوەتەی مامۆستای شاعیر و روناكبیر ئارام ساڵح بووە بە بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە، دەیان جار ئەو جۆرە چالاكییانە زیادیانكردووە، هەر لەدرێژەی چالاكییە بەردەوامەكانی كتێبخانەی گشتی كۆیە، رۆژی دووشەمە 5/11/2018 كات 3ی دوای نیوەڕۆ، لە باڵەخانەی كتێبخانەی گشتیی كۆیە، هەستان بە رێكخستنی كۆڕێكی شیعری بۆ سێ ژنە شاعیری دیاری كوردستان، كە بریتیبوون لەماردین ئەبوبەكر، لەیلا سۆفی سوڵتانی و بەیان كەریم ئەحمەد هەریەكە لە شاعیرەكان چەندین شیعری كۆن و نوێی خۆیانیان پێشكەشی ئامادەبوون كرد، شایانی باسە كۆڕەكە لەلایەن د.ئەكرەم خامۆش و بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر بەڕێوەچوو.









