شوان سەرابی
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكی نوێ لە پێگە كۆمەڵایەتییەكان لە عیراق دا توڕەییەكی فراوانی خەڵكی لێ دەكەوێتەوەو پاش ئەوەی چالاكوانان قسەی لەبارەیەوە دەكەن و هۆیەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە پاش داگیركردنی عیراق لەلایەن ئەمەریكاوە گەلەكۆمەكی عەشایەری بۆتە هەڕەشەیەك لەسەر ئەمن و ئاسایش و كار بەوە گەیشتووە ركابەری قانوون دەكات. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی داوا بكرێت یاسای ئەو جۆرە دیاردە عەشایەرییانە كارا بكرێت، كە جۆرێكە لە تیرۆر.
گەلەكۆمەكی عەشایەری ئەوەیە، كە عەشیرەتێك هێڕش دەكاتە سەر ماڵێك یان بارەگایەكی نەیارو هەڕەشەی كوشتن و تۆڵەسەندنەوەیان لێ دەكەن. بۆ ئەم مەبەستەش سێ رۆژ مۆڵەت بە لایەنی هێڕشكراوە سەر دەدەن تا وەڵامیان بدەنەوەو مەرجەكانیان قبوڵ بكەن. یان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دەمەقاڵییەك یان بابەتێكی كۆمەڵایەتی و دووبەرەكی هێرشدەكەن و تۆڵەی خۆیان دەسەننەوە. بەم دواییە گەلەكۆمەكی عەشایەری? خزیوەتە ناوشتی تڕوهات و لەسەر توانجێكی فەیسبوك، كە عەشیرەتێك بە خراپی بۆ سەر خۆیان دەزانن، یان بەم دواییە راگەیاندنكاران و پێشكەشكارانیشی گرتۆتەوە. هەروەها هاووڵاتیان كاتێك هێڕشدەكەنە سەر بەرپرسێك و خزمەكانیان بە پێشێلكاری بۆ سەر خۆیانی دەزانن.
مانگی رابردوو لە بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی دادوەری باڵای عیراق هاتووە:” تاوانی كوشتن گەلەكۆمەكی عەشایەری یەكێكە لە جۆرەكانی هەڕەشەی تیرۆر بەپێی حوكمەكانی ماددەی 2 لە یاسای نەهێشتنی تیرۆر لە وڵاتدا”. بۆ ئەم مەبەستەش شوێنەوارە نەرێنییەكانی راڤە دەكات و ماف بە هێزەكانی ئاسایش دەدات ئەو كەسانە دەستگیر بكات، كە لەم جۆرە كارە تێوەگلاون بەپێی یاسا. بەڵام هێشتا قانوونەكە ئەكتیڤ نییە یان نەبۆتە بەرپەرچێك بۆ ئەو جۆرە دیاردەیە، كە بەشێوەیەكی دیاریكراو لە ناوچەكانی باشووری عیراق و بەغدا هەیە.
بەر لە چەند رۆژێك گرتە ڤیدیۆییەك لە باشووری عیراق بڵاوكرایەوە، كە دەیان پیاو هێرش دەكەنە سەر مالچێك و تفەنگیان بەسەر دا دەهاوێژن بەر لەوەی ماڵەكە ئاگادار بكەنەوە. بەڵام ئەوەی زیاتر چالاكوانانی توڕە كرد تەقەی راستیان بە ماڵەكەوە نابوو، دەرگای ماڵەكەیان تەقاندبۆوە بەوپێیەی خاوەن ماڵ لەلایەن عەشیرەتێكەوە داواكراو بووە. هەروەك چالاكوانان وێنەیەكی هێڕشی عەشیرەتێكی دیكەیان بڵاوكردبۆوە، كە شەوی دووشەمەی رابردوو روویدابوو بە رومانە بەسەر ماڵێكیان دادابوو، چالاكوانان ئەمەیان بە یاری كول ئۆف دیۆتی ئەلیكترۆنی وەسف كردووەو داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە حەرەكەتێك بكات. ئەو جۆرە وێنەو گرتە ڤیدیۆییە تۆماركراوانە لە لاپەڕەی گشتی دەست و دەست دەكرێت، كە زۆربەی جارەكان بەناوی خوازراوەوە ئەو جۆرە وێنەو گرتە ڤیدیۆییانە بڵاودەكەنەوەو كار بەوە گەیشتووە هەمووان لەوە دەترسن بكەونە داوی ئەو جۆرە هیرشە عەشایەرییانەوە. ئەوە بۆیە زۆربەی چالاكوانان لە لاپەڕە گشتییەكان بڵاویدەكەنەوە. سەرچاوەیەكی ئاسایش لەسەر ئەو رووداوەی دوایی قسە دەكات” شتێكی سەیرە، تا ئێستا ئەو جۆرە شتانە روویاننەداوە. ئەو پەرەسەندنە زۆر مەترسیدارە و وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی بۆ دەكات و راوەدووی تێوەگلاوان دەنێت”. یەك لە پیاو ماقولانی بەغدا، شێخ ساجد شویلی، بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دەڵێ:” باشترین پەسن بۆ ئەو جۆرە دیاردەیە ئەوە كە بە راستی گاڵتەجاڕییەكی راستەقینە لەگەڵ شپرزەییەكی ئەمنییەو كار بە تەقاندنەوەی دەرگای ماڵان بگات بەبێ رەچاوكردنی ژیانی ئەو كەسانەی لەو ماڵانە دەژین”.
شویلی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو هەڵسوكەوتانەی، كە لە ژێر پەردەی هەرەشەی عەشایەری دەكرێت بەداخەوە لە دیاردە عەشایەرییە دواكەوتووەكانە و گرفتەكە لەوەدایە دەوڵەت رێ لەو جۆرە تیرۆرە نوێیە ناگرێت. باسم عەزیزی عەزوز، كە لە ساڵانی هەشتاكانەوە بەم ناوە خوازراوە شت بڵاو دەكاتەوە لە گرتە ڤیدیۆییەك لەبارەی گەلەكۆمەكی عەشایری دەڵێ:” ببینە عیراقی ئازیز، گەر گێت لە گەلەكۆمەكی عەشایەری بووەو نەتبینوە”. ئەوەشی وەك گاڵتەجاڕییەك وتووە:” نموونەیەك لە كەرامەتی عەشایەری”. كێشەی گەلەكۆمەكی عەشایەری لە شوێنێكی دیاریكراو چڕ نەبۆتەوە، بەڵكو بە شەقام و گۆڕەپانە گشتییەكانیش گەیشتووە هەتا قوتابخانە و گەرماوە گشتییەكان و زەوییە كشتوكاڵیەەكان و شوێنی تریش گەیشتووە. ئیبراهیم یاسری نووسەرو چالاكوانی سیاسیی توڕەیی خۆی دژی شێخی عەشایرگەلێك دەربڕوە لە لاپەڕەی خۆی و پێی وایە:” سەدام سەری پاندەكردنەوەو ئەمەریكییەكان نامۆسیان پێشێل كردووە، بەڵام ئەوان پیاوەتی خۆیان بە فەقیرو هەژاران تاقیدەكەنەوە”. هەندێك لاپەڕەی تر بە كاریكاتێر گاڵتە بەم دیاردەیە دەكەن، گەلەكۆمەكی عەشایەری لەسەر چێوەی چەكداران بڵاوكردۆتەوە، كە تەفەنگیان بە شانەوەیەو هەمەڕیان پێیە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی عیراق ناتوانن بەرپەرچیان بدەنەوە. سێ هەفتە لەمەوبەر گروپێك وەك گەلەكۆمەكی عەشاییەری قوتابخانەیەكی سەرەتاییان كردە ئامانجی خۆیان و ترسێكی زۆریان لەناو قوتابیان بڵاوكردەوە. لەمبارەیەوە سەلام بوڕهان جبوری گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردۆتەوەو لەسەر نووسیوە:” گەلەكۆمەكی خێڵەكی لە پایەتەختی رەشید دا لەلایەن عەشیرەتێك، كە كوڕەكەیان ساقیت بووە، عەشیرەتەكە مامۆستاكەیان بە ساقیتبوونی تۆمەتبار كردووەو بۆ تۆڵەسەندنەوە خزموكەسوكاری خۆیان كۆكردۆتەوەو بە نویچژی نیوەڕۆ هێڕشیان كردۆتە سەر ئەو قوتابخانە سەرەتاییە”. جبوری ئەوەشی وتووە:” سەیرەكە لەوەدایە پاسەوانەكانی قوتابخانەكە پێش قوتابیەكان خۆیان لەناو قوتابخانەكە شاردۆتەوە، بەڵام كەس ناتوانێت تەقەیان لێ بكات، چونكە گەلەكۆمەكی عەشایەرییە و تەنانەت هاوپەیمانی ناتۆش ناتوانن تەدەخولیان بكەن”.
هاووڵاتیان پێان وایە قانوون و بڕیارە گرنگەكان لەلایەن حكوومەتەوە پەكخراوە، بەتایبەتی دواهەمین یاسا، كە گەلەكۆمەكی عەشایەری بە یەك لە جۆرەكانی تیرۆر دادەنێت، چونكە زۆربەی عەشایەرەكان پابەند نین بە یاسا و لە هەمان كاتدا هێزەكانی ئاسایش ئەو نەریتە عەشایەرییانەیان پێ ناوەستێندرێت. حەیدەر حوسێنی ئەوەشی روونكردۆتەوە:” هەر بڕیارێكی دادوەری و حكوومی دەردەچێت تەنها بۆ ئەوەیە لە توڕەیی خەڵكی كەمبكەنەوە، دەنا حكوومەت بەتەواوی دەستەوەستانە لە بەرپەرچدانەوەی عەشایەرەكان، كە كار بەوە گەیشتووە هیرش بكەنە سەر ماڵ و دەرگاكانیان بتەقێننەوە، كە ئەو جۆرە شتانە هیچ كاتێك هاوشێوەی نەبووە”. مامۆستایەكی كۆمەڵناس بەناوی عەلی وائیلی، پێی وایە ئەو دیاردەیە هی عیراق نییە بەڵكو دیاردەیەكی دەخیلە، كە هاوشێوەی لەناو قەبیلەكانی ئەفریقیا هەیە، كە دەیان ساڵە ئەوان وازیان لەم جۆرە نەریتانە هێناوە. گوتیشی:” بەداخەوە لاوازی قانوون بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە گرفتانەو زیاتر پەرەسەندنی و حكوومەت لەسەری پێویستە پارێزگاری لە كۆمەڵگە بكات و سنوورێكی بۆ دابنێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە پیاوانی ئاینی چەندین جار باسی ئەو بابەتەیان كردووە، بەڵام بێ سوودە. لێرەدا رۆڵی دەوڵەت دێت، كە هەیبەتی خۆی فەڕز بكات و بەتووندی پارێزگاری لە بێتاوانان بكات.









