خەبات: زانكۆ جاف
بە هەماهەنگی نێوان زانكۆی ئەمەریكی كوردستان-دهۆك، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك لە ڕێگەی تیمێكی فراوانی پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكان و نەشتەرگەری بەمەبەستی ئەنجامدانی كارو چالاكی بەبێ بەرانبەر سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و قورسایی كارەكانیشیان لەسنووری پارێزگای دهۆك دەبێت، ئەم تیمە بەهاوكاری چەند رێكخراوێك رێكخراوەو بۆ ماوەی 20رۆژ چالاكی تەندروستی و پشكنین و نەشتەرگەری و پێدانی چارەسەر بە نەخۆشان بەڕێوە دەبەن.
لە رێككەوتی 2018/11/11 تیمێكی فراوانی پزیشكی بیانی پسپۆڕ سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن لە لایەن رێكخراوی GSMSGی ئەمەریكییەوە هەماهەنگیان بۆ كراوە و ژمارەیان نزیكەی41 پزیشكە كە پسپۆڕییان لە پزیشكی نەشتەرگەری گشتی و نەشتەرگەری دڵ و سنگ، پزیشكی نەشتەرگەری شكان، پزیشكی مێشك و دەمار، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی ئافرەتان، پزیشكی پسپۆڕی ترۆما و بارە لەناكاوەكان، پسپۆڕی تیشك و پسپۆڕی جوانكاری “پلاستیك”، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناویی و شێرپەنجە و لەگەڵ گروپێك پەرستاری پسپۆری ئیمێرجێنسی و سەربازی.. هتد.
لەگەڵ گەیشتنی شاندی باڵای پزیشكانی ئەمەریكی بۆ هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ بەشێكی زۆریان بەرەو پارێزگای دهۆك بەڕێككەوتن و لەو شارە سیمینارێكیان بۆ رێكخرا، كە تیایدا هەریەكە لە پارێزگاری دهۆك و بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەری رێكخراوی GSMSGی ئەمەریكی وتەیان پێشكەش كرد.
لە سنووری پارێزگای دهۆك كە بە هۆی شەڕی داسەپاوی داعشەوە بە هەزاران بریندار هەن كە پێویستیان بە چارەسەر و نەشتەرگەری هەیە
لەمیانی وتەیەكیدا فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك تیشكی خستەسەر بایەخی هاتنی ئەم تیمە پزیشكییە كە خۆنەویستانە و بەبێ بەرانبەر خزمەت بە نەخۆشان و بریندارانی شەڕی داعش و خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دەكەن، هەروەها تیشكی خستەسەر رێژەی بریندارانی شەڕ لە سنووری پارێزگای دهۆك كە بە هۆی شەڕی داسەپاوی داعشەوە بە هەزاران بریندار هەن كە پێویستیان بە چارەسەر و نەشتەرگەری هەیە. لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا پارێزگاری دهۆك ئاماژەی بەوەدا: زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی GSMSGی ئەمەریكی و زانكۆی ئەمەریكی كوردستان-دهۆك و وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین بۆ رێكخستنی ئەم هەڵمەتە گەورەیە لەهەرێمی كوردستاندا.
سێكتەری تەندروستی لە كوردستاندا پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی رێكخراوە جیهانییەكانە تاكو بەپێی تواناكانیان هاوكاری كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستانی عێراق بكەن
هەر لەمیانی سیمینارەكەدا عەبدولواحید ئەمین سەلیم بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دهۆك تیشكی خستەسەر كار و چالاكییە خێرخوازیی و مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرتاسەری كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق و ئاماژەی بەوەدا كە دەزگا بەبێ جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و زمانەكان كار بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی دەكات، هەروەها ئاماژەی بە سێكتەری تەندروستی كرد كە لە كوردستاندا ئەم سێكتەرە پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی رێكخراوە جیهانییەكانە تاكو بەپێی تواناكانیان هاوكاری كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستانی عێراق بكەن. لەدرێژەی قسەكانیدا بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دهۆك ئاماژەی بە هاتنی ئەم شاندە باڵایە كرد كە لە خۆی لە41 پزیشكی پسپۆڕی بوارە جیاوازەكانی نەخۆشی و نەشتەرگەری دەبینێتەوەو بەپێویستی زانی هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ راكێشانی پزیشكانی زیاتر بۆ كوردستان لەپێناو چارەسەركردن و پشكنین و نەشتەرگەری بۆ كەمدەرامەتان و نەخۆشانی درێژخایەن و ئەنجامدانی نەشتەرگەری كە پێویست نەكات نەخۆش رەوانەی دەرەوە بكرێت.
لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكدا د.سیروان محەمەد نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك تیشكی خستەسەر بایەخ و گرنگی هاتنی ئەم شاندە پزیشكیە بۆ هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: ئەو ژمارە نەخۆشانەی كە بڕیاروایە لەم هەڵمەتەدا هاوكاری بكرێن لە هەریەكە لە نەخۆشخانەی ئازادی دڵ، تیایدا20 نەخۆش نەشتەرگەری دڵیان بۆ ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە نەخۆشخانەی جوانكاری و سوتان50 نەخۆش ئامادەكراوە بۆ نەشتەرگەری هەروەها لە نەخۆشخانەی ئازادی زیاتر لە100 نەخۆش هەیە كاریان لەسەر دەكرێت، لە نەخۆشخانەی لەدایكبوونی دهۆك50 كەیس هەیە چاوەڕێی ئەم تیمە پزیشكیە پشكنین و چارەسەریان بۆ بكەن لەگەڵ ئەمەشدا رێژەیەكی بەرچاو لە پێشمەرگەی برینداری شەڕی تیرۆریستانی داعش چارەسەر و پشكنینیان بۆ دەكرێت.
د. ئارۆن ئەپستاین دامەزرێنەری گرووپی GSMSGی ئەمەریكی وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا: كاری ئەم گرووپە تەنها چارەسەركردن نییە، بەڵكو راهێنانی پزیشكانی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانیشە، كاری ئێمە لە داهاتوو و ئێستاشدا كاریگەرییەكی بەردەوام لەڕووی پێدانی زانستی نوێ لەبواری پزیشكی بۆ هاوبەشەكانمان بەجێدێڵین و دەمانەوێ ئەم هەماهەنگییە بەردەوام بێت.
كاری سەرەكی ئەم گرووپە بریتییە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بریندارانی شەڕی داعش و نەخۆشانی كەمدەرامەت دەبێت لە سنوری پارێزگای دهۆك، ئەم هەڵمەتانە بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی شارەكە ئەنجام دەدرێت، كە چاوەڕوان دەكرێت رێژەیەكی بەرچاو لە نەخۆشان لە ماوەی مانەوەی تیمە پزیشكییەكە چارەسەر و نەشتەرگەری تەواویان بۆ بكرێت. هەر لە پارێزگای دهۆك لە زانكۆی ئەمەریكی دهۆك هەڵدەستن بە ئەنجامدانی سیمینارێكی زانستی لەبارەی دوایین پێشكەوتنەكانی بواری نەشتەرگەری و چارەسەری پزیشكی.
هەر لە چوارچێوەی پلانی كاركردنی تیمە پزیشكییەكە بۆ هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای دهۆك لە لایەن5 پزیشكی راوێژكارەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك كاری بینین و چارەسەر بۆ نەخۆشخانی كەمدەرامەت بەبێ بەرانبەر ئەنجام دەدەن. هاوكات خولێكی فریاگوزاری حاڵەتی لەناكاو بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو زێڕەڤانی دەكرێتەوە كە تیایدا راهێنان لەبارەی چۆنێتی فریاكەوتنی خێرا بۆ برینداران و پێدانی چارەسەرە سەرەتاییەكان دەخرێتەڕوو و لەگەڵ كردنەوەی خولی پزیشكی تایبەت بۆ پەرستیار و یاریدەدەرانی پزیشكی.










