خۆشەویستی کوردستان.. لە هەستەوە بۆ بەرپرسیارێتی

197

ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی
هەندێک شت هەن کە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی لێیان داببڕێت، خاکێک کە لێی گەورە بووە، زمانێک کە پێی قسە دەکات، مێژوویەک کە ناسنامەی پێ دروست بووە و یادەوەریییەکانی نەوەکان. کوردستان بۆ ئێمە تەنیا ناوی شوێنێک نییە، بەشێکە لە بوون و ناسنامەمان و ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە، بەشێکی زۆری لە ئەنجامی خەبات و قوربانیی باوباپیرانمانە.

لەبەر ئەوە، خۆشەویستیی کوردستان نابێت تەنیا لە وشە و دروشمدا بمێنێتەوە، پێویستە ئەم خۆشەویستییە بگۆڕدرێت بۆ هەستکردن بە ئەرک، بۆ کارکردن، بۆ پاراستنی ئەوەی بەدەستمان هاتووە و بۆ هەوڵدان بۆ ئەوەی بتوانین لە کوردستانێکی باشتر، بەهێزتر و ئارامتر بژین.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەر یەکێک لە ئێمە خۆی بە بەشێک لە چارەنووسی کوردستان بزانێت. ناتوانین هەموو ئەرکەکان بخەینە سەر شانی کەسانی تر و چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەوان هەموو شتێکمان بۆ بکەن. کۆمەڵگا بە کردار و هەوڵی تاکەکان پێش دەکەوێت و هەر کەسێک لە شوێنی خۆی دەتوانێت بەشێک لەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.

خزمەتکردن بە کوردستان تەنیا لە بوارێکی دیاریکراودا نییە. مامۆستا بە پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیار، خوێندکار بە خوێندن و بەدەستهێنانی زانست، پیشەساز بە دروستکردنی کار و بەرهەم و کارمەند بە ئەنجامدانی ئەرکی خۆی بە ویژدان، هەریەکەیان بە شێوەیەک بەشدارن لە بنیاتنانی داهاتوو.

بۆیە پێشکەوتنی کوردستان تەنیا بە سامان و توانای سروشتی یان بە توانای سیاسی پەیوەندی نییە، مرۆڤی کارامە و دڵسۆز و سیستەمێکی دادپەروەر و بەرپرسیار بنەمای هەر پێشکەوتنێکن. ئەگەر بخوازین داهاتوویەکی جیاواز بۆ خۆمان و منداڵەکانمان دروست بکەین، دەبێت گرنگی بە خوێندن، زانست، کار، یاسا و دامەزراندنی کولتووری بەرپرسیارێتی بدەین.

گەنجان لەم ڕێگایەدا ڕۆڵێکی تایبەتیان هەیە. ئەوان نەک تەنیا وەرگرانی میراتی ڕابردوون، بەڵکوو دروستکەرانی داهاتوون. بۆیە پەرەپێدانی تواناکانیان، بەدەستهێنانی زانست و بەکارهێنانی شارەزایی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگه‌، گرنگترین وەبەرهێنانە بۆ دواڕۆژی کوردستان.

لە هەمان کاتدا، جیاوازیی بیر و هەڵوێست نابێت ببێتە هۆی دووبەرەکی. کوردستان پێویستی بە کۆمەڵگایەک هەیە کە تێیدا جیاوازییەکان بە ڕێز و گفتوگۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەرژەوەندیی گشتی لە سەرەوەی ناکۆکییە کاتییەکان بخرێتەوە.

یەکڕیزی واتە هەموومان وەک یەک بیر بکەینەوە نییە، بەڵکوو توانای هاوبەشبوونمانە لەسەر ئەو بنەمایانەی داهاتووی کوردستانیان پێوە بەندە.

کوردستان ئەمانەتێکە کە باوباپیرانمان بە خەبات و قوربانیی زۆر بۆمان جێیان هێشتووە. ئەرکی ئێمەیە ئەو میراتە بپارێزین، پەرەی پێ بدەین و بە شێوەیەکی شایستە بیسپێرین بە نەوەکانی داهاتوو. ئەمە بە دروشم بەدەست نایەت، بە ویژدان، زانست، کار و کردار بەدەست دێت.

خۆشەویستی کوردستان لە دڵەوە دەستپێدەکات، بە بەرپرسیارێتی دەگاتە کردار و بە کردار داهاتوو دروست دەکات.