بێستوون مەسعود ساڵەیی
کاتێک باس لە بەشداریی سیاسیی پەنابەران و کەسانی خاوەن پێشینەی کۆچبەری لە وڵاتانی ئەورووپیدا دەکرێت، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و سوید وەک نموونەی زۆر دیار دەردەکەون.
لەم دوو وڵاتەدا، پرسی ئەوەی کە ئایا کۆچبەران زیاتر ڕوو لە کام ئاراستەی سیاسیی دەکەن، وەڵامەکەی ڕوونە؛ هەرچەندە هەندێک جاریش دیاردەی سەیر دەبینرێت، بەڵام زۆرینەی کاندید و سیاسەتمەدارە خاوەن پێشینە کۆچبەرییەکان لەناو پارتە چەپ و میانڕەوەکاندا کار دەکەن، نەک لەناو پارتە ڕاستڕەو و توندڕەوەکاندا.
مێژووی پارتی سۆشیال دیموکرات، سەوزەکان و چەپەکان لە ئەڵمانیا و سوید، پڕە لە کراوەیی و بەرگریکردن لە مافەکانی پەنابەران. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، کاتێک کۆچبەرێک دەیەوێت بچێتە ناو جیهانی سیاسەتەوە، سروشتییە کە ڕوو لەو پارتانە بکات کە دەرگایان بۆ خستووەتە سەرپشت و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نزیکترن لە کێشەکانیانەوە.
هەر بۆیە دەبینین لە ئەڵمانیا و سوید زۆرێک لە هاوڵاتییانی بە ڕەگەز کورد، عەرەب، تورک و فارس توانیویانە لە ڕێگەی پارتە چەپ و میانڕەوەکانەوە بگەنە پەرلەمانی ئەو وڵاتانە و تەنانەت پۆستی باڵای وەزاری یان سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان بەدەست بهێنن.
لە سوید، پارتی سۆشیال دیموکرات هەمیشە لانکەیەکی گەورە بووە بۆ ئەوەی کەسانی خاوەن پێشینەی پەنابەریی تێیدا ببنە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگە و داکۆکی لە مافەکان بکەن.
بە پێچەوانەوە، کاتێک سەیری پارتە ڕاستڕەو و توندڕەوەکانی وەک پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) یان پارتی دیموکراتەکانی سوید (SD) دەکەین، دۆخەکە بە تەواوی جیاوازە. لەم پارتانەدا بوونی کاندیدێکی خاوەن پێشینەی کۆچبەری دیاردەیەکی زۆر دەگمەن و نائاساییە. ئامانجی سەرەکیی ئەم پارتە ڕاستڕەوانە لەسەر بنەمای سنووردارکردنی کۆچ، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییی ڕەسەن و ڕەخنەگرتن لە فرەپێکهاتەیی بنیاتنراوە، بۆیە زۆر سەختە کەسێک بە پێشینەی کۆچبەرییەوە ئاسان بێت بچێتە ناو ئەم ڕێڕەوەوە.
ئەگەر بە دەگمەنیش کەسێکی خاوەن پێشینەی کۆچبەری لەناو پارتە ڕاستڕەوەکاندا دەربکەوێت، ئەوا زیاتر پەیوەندی بە حاڵەتێکی تایبەتەوە هەیە؛ بۆ نموونە ئەو کەسە بە تەواوی تێکەڵ بەو ئایدیۆلۆژیایە بووە کە دژایەتیی کۆچی نایاسایی دەکات، یان دەیەوێت وەک کۆچبەری سەرکەوتوو و یاسایی، ناسنامەی خۆی لە کۆچبەرە تازەکان جیا بکاتەوە. لە لایەکی تریشەوە، هەندێکجار ئەم پارتە ڕاستڕەوانە بە مەبەست کاندیدێکی کەمینە لە ڕیزەکانیاندا دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەو تۆمەتانەش بدەنەوە کە پێیان دەڵێن ڕەگەزپەرست.
دەتوانین بڵێین سەرەڕای هەبوونی هەندێک گۆڕانکاری، بەڵام بۆچوونی گشتیی کۆچبەران لە ئەڵمانیا و سوید ئەوەیە کە پارتە چەپ و میانڕەوەکان بەردەوام سەکۆی سەرەکی و سروشتی بوون بۆ بەشداریی سیاسیی ئەوان، لە کاتێکدا چوونە ناو ڕاستڕەوەکان تەنها دیاردەیەکی سنوردار و لاوەکییە.