خەبات: عامر فەرحان:- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پشتیوانیکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئاسانکاریی پرۆسەی خوێندنیان، ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و ڕێکخراوی بەختەوەری، ژمارەیەک کورسیی کارەباییان (ویلچەر) بەسەر قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دابەش کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن.
سەبارەت بەم دەستپێشخەرییە، بەهجەت ڕەحمان، سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت و ئەندامی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی «خەبات» ڕایگەیاند: «وەک ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، هەمیشە جەخت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەکەینەوە کە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەتا بۆیان بپێکرێت کورسیی کارەبایی بەکار نەهێنن، تاوەکو جوڵەی جەستەیییان ڕانەوەستێت؛ بەڵام بۆ هەندێک حاڵەتی تایبەت کە بە هیچ شێوەیەک توانای ڕۆیشتنیان نییە، بەکارهێنانی ئەم کورسییانە زۆر پێویست و لەپێشینەیە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی دابینکردن و دەستنیشانکردنی سودمەندبووان، بەهجەت ڕەحمان ئاشکرای کرد: «لە ڕێگەی دیالۆگ و داواکاریمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، توانیمان ۱۰ کورسیی کارەبایی تایبەت بەدەست بهێنین.
دوای ئەوەی لە ڕێگەی لیژنەی پزیشکیی نەخۆشخانەی شەهید فاتح پشکنین و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، لەسەر بنەمای تەمەن (تا ١٤ ساڵ) و قەبارەی کورسییەکان دەستنیشان کران، لە ئەنجامدا پێنج لە قوتابییەکان مەرجەکانیان تێدا بوو و کورسیی کارەباییان پێ درا.
هەروەها پێنج کورسییەکەی دیکەش بڕیارە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەوە بەسەر ئەو کەسە شایستانەدا دابەش بخرێن کە تەمەنیان بچووکە تا بتوانن بەئاسانی بە کاری بهێنن.
ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە ئەوەشی بۆ «خەبات» ڕوونکردەوە کە لە درێژەی ئامادەکارییەکاندا بۆ وەرزێکی نوێی خوێندن، لەسەر داوای ئەوان و لە ڕێگەی ڕێکخراوی بەختەوەری، ٨ کورسیی کارەبایی دیکە دابین کران. لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ئەو کورسییانە ڕادەستی قوتابییان کران تاوەکو بە خۆشحاڵییەوە بەروە دەرگای قوتابخانەکان هەنگاو بنێن. هەروەها ڕێکخراوی بەختەوەری بەڵێنی داوە کە بەردەوام بێت لە دابینکردنی هاوکاری بۆ هەر کەسێک کە پێویستیی ڕاستەقینەی بەم ئامێرانە هەبێت.
ئەم هەنگاوە بارگرانیی گەورە لەسەر شانی خێزانی قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کەم دەکاتەوە و ئاسانکاریی تەواو دروست دەکات بۆ ئەوەی بێ ئاستەنگ بەشداری لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا بکەن.