سهرهتا وتار پێگەی ئافرەت لە ڕێبازی بارزاندا؛ ئیلهامێک بۆ شۆڕشی ئەیلوول
د. پەیمان عەبدوڵا حەمەد
ئەوەی لە ڕێبازی بارزاندا بۆ ئافرەت کراوە، دەتوانین ناوی بنێین داهێنان؛ چونکە لەو سەردەمەی شێخ عەبدولسەلامی دووەمی بارزانی( ١٨٧٨-١٩١٤) چاکسازیی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ژینگەییی ڕاگەیاند. ئەوە لە کاتێکدا بووە کە لە جیهاندا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئافرەت دەچەوسێندرانەوە و بازرگانییان پێوەدەکرا، کاتژمێرەکانی کارکردنیان لە پیاوان زیاتر بوو و کرێی کارکردنیشیان کەمتر بوو، جگە لەوەی لە شوێنی کارەکانیان دەستدرێژییان دەکرایە سەر و بێزار دەکران.
بەڵێ، لەو سەردەمەی کە کۆیلایەتی بە ئافرەتان دەکرا، لە بارزان پێگەیەکی باڵا و بەڕێز و دیار بە ئافرەت درا و وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگە و خەبات سەیر دەکرا. لەوە بەدوا، ئەم ڕێبازە فکری و کۆمەڵایەتییە بووە بنەمایەکی هەمیشەیی بۆ داواکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەت و پاراستنی کەرامەتیان.
گرنگترین بڕیار و چاکسازییەکانی ڕێبازی بارزان بۆ ڕێزگرتن و لە بەرگری ئافرەت:
1- قەدەغەکردنی ژن بە ژنە: دیاردەی ئاڵوگۆڕکردنی ژنان بەبێ ویستی خۆیان قەدەغە کرا، بەمەش بڕیاردان لەسەر ژیانی هاوسەرگیری گەڕێندرایەوە بۆ خودی ئافرەتان.
2- نەهێشتنی مارەیی بەرز: بڕی مارەیی کەم کرایەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێ لە بازرگانیکردن بە کچانەوە بەناوی مارەیییەوە و هاوسەرگیری ئاسانتر بێت.
3- قەدەغەکردنی بەزۆر بەشوودان: هیچ کچێک بەبێ ڕەزامەندی و ئارەزووی خۆی بەشوونەدەدرا و زۆرلێکردن بووە تاوان.
4- مافی بەشوودانی بێوەژن بە ئارەزووی خۆی: کاتێک هاوسەرەکەی کۆچی دوایی دەکرد، ژنەکە سەرپشک دەکرا لەوەی هاوسەرگیری دەکاتەوە یان نا، بەبێ ئەوەی بنەماڵەی هاوسەرە کۆچکردووەکەی زۆری لێ بکەن بۆ هاوسەرگیری کردن.
5- پاراستنی کەرامەت و مافی ئافرەت لە ناکۆکییەکاندا: ژنان بە تەواوی دوور دەخرانەوە لە ململانێ و تۆڵەسەندنووەی عەشایەری، و دەستدرێژیکردنە سەر ماف یان کەرامەتی ئافرەت بە تاوانێکی گەورە دادەنرا.
ئەم بڕیارانە ڕێخۆشکەر بوون بۆ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە ئافرەت لە ناوچەکەدا و وەک بەشێک لە پەیامی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ڕێبازی بارزان جێبەجێ دەکران.
چاکسازییەکانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی تێڕوانینی کۆمەڵگەی بەتەواوەتی بەرامبەر ئافرەت گۆڕی، نەک تەنها لە بارزان بەڵکوو لە ناوچەکانی دەوروبەریشی؛ چونکە عەشیرەتەکانی دەوروبەری بارزان ئەوەندە سەرسام بوون بە کەسایەتیی شێخ عەبدولسەلام، پابەندبوونی خۆیان بە چاکسازییەکان ڕاگەیاند. ئەوەی گرنگە لە ڕێبازی بارزاندا، نەک تەنها ئافرەتان و منداڵانی کورد پارێزراون، تەنانەت نەدەبوو دەست بۆ ئافرەت، ماڵ و منداڵی دوژمنیش ببرێت. هەمیشە لە کاتی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستاندا، پێشمەرگەکان ئاگادار کراونەتەوە کە مرۆڤدۆست و بەڕێز و کەرامەتپارێزانە مامەڵە لەگەڵ خێزانەکان و موڵک و ماڵی خەڵکدا بکەن.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە، لەگەڵ لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام لە ساڵی ١٩١٤ لەسەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانی، ئەم تێڕوانینە کۆتایی نەهات، بەڵکو لە عسەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزانیدا بە هەمان شێوە بەردوام بوو و پارێزگاریی لێوەکرا. لەدوای ئەوەش، لە سەردەمی مستەفا بارزانیدا ئەم کولتوورە جوانە درێژەی پێدرا. لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ڕێبازەی بارزان زیاتر چەکەرەی کرد؛ چونکە شێوازی کارکردن و داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت تەنها لە ناوچەیەکدا نەمایەوە، بەڵکو بە پانتاییەکی فراوانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بڵاوبوویەوە. بارزانیی نەمر لە وتەیەکیدا دەڵێت: “ئافرەت نیوەی کۆمەڵگەیە و دایکی نیوەکەی دیکەیە، بۆیە مەحاڵە کۆمەڵگەیەک پێش بکەوێت ئەگەر ئافرەت تێیدا ئازاد و خاوەن ماف نەبێت.”
ئەم تێگەیشتنەی بارزانی لە پێگەی ئافرەت بەردەوام بوو، تا ئەو کاتەی لەسەر ڕێنمایی و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئەو لە ساڵی ١٩٥٢دا، “یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان” دامەزرا؛ تا ڕێکخراوێک بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کۆمەڵایەتییان. لە دوای ئەنجامدانی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ و نەمانی دەسەڵاتی پاشایەتی، شێوازی حکومڕانیی عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا هات. لەم قۆناغەدا، عەبدولکەریم قاسم لە دەستووری نوێدا دانی بە مافەکانی کورد دا نا. دوای ساڵانێکی زۆری ئاوارەیی، ڕێگە بە گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت درا؛ کە ئەمانە کاریگەرییان هەبوو لەسەر زیادبوونی چالاکییەکانی یەکێتیی ئافرەتان و لە قۆناغی نهێنییەوە هاتنە قۆناغی کارکردنی ئاشکرا. بە هەمان شێوەش، خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نهێنییەوە گواسترایەوە بۆ ئاشکرا، بەتایبەت دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە حکومەتی عێراق بۆ کارکردن.
ناهیدە شێخ سەلام یەکەم ئافرەت بوو کە لە ساڵی ١٩٦٠ بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی. ناهیدە دەگێڕێتەوە کە بارزانیی نەمر بۆیە ئەم کارەی کرد تا ئافرەتان لە ڕێزی پێشەوەی خەباتدا بن؛ چونکە لەو سەردەمەدا ڕۆڵی ئافرەتی کورد لەبەرچاو نەبوو. بارزانی مەبەستی ئەوە بوو دەروازەیەک بۆ ئافرەتی کورد بکاتەوە تا شوێن و پایەی سیاسیی هەبێت و بە شێوەیەکی پێشکەوتووانە خەباتی خۆی بکات. ئەندامێتیی ناهیدە تەنها ڕەمزی نەبوو، بەڵکو بارزانی ئەرکی گرنگی پێ دەسپارد و بەدواداچوونیشی بۆ دەکرد تا بزانێت چۆن ئەرکەکەی رادەپەڕێنێت.
هەروەها ناهیدەخان دەیگوت: “دەستخۆشیی لێ دەکردم لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانمدا و دڵگران دەبوو ئەگەر کارەکە وەک پێویست جێبەجێ نەکرابایە.”
دوای بێئومێدبوونی سەرکردایەتیی کورد لە حکومەتی قاسم و تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگاکانی چارەسەری ئاشتییانە، لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١دا شۆڕشێکی نوێ و جیاواز هەڵگیرسا. شۆڕشی ئەیلول تەنها شۆڕشێکی چەکداری لە پانتاییەکی جوگرافیی بەرتەسکدا نەبوو، بەڵکو یەکەم شۆڕشی کورد بوو کە بووە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی گشت پێکهاتە و چینەکان و دروستکردنی کۆدەنگی لە پێناوی نیشتیماندا. شۆڕشی ئەیلول خاوەن دەسەڵاتێکی یاسایی بوو لە ناوچە ئازادکراوەکاندا؛ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هاوشێوەی پەرلەمان بوو، و داوودەزگەی پەروەردەیی، تەندروستی و دادوەریی هەبوو. لەم قۆناغەی شۆڕشدا، ئەرکی سەرشانی ئافرەتانی کورد قورستر بوو.
ئافرەتانی کورد چییان بۆ شۆڕش کرد؟
بەهۆی ئەوەی لە شۆڕشی ئەیلولدا ژمارەیەکی بێشومار لە پیاوان چوونە بەرەکانی شەڕ دژ بە دوژمن، ئافرەتان لە ماڵەوە جێگەی پیاوەکانی خۆیانیان گرتەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان.
ئافرەتان لە خزمەتکردنی پێشمەرگەدا درێغییان نەبوو، بەتایبەت لە نانپێژین بۆ بەرەکانی شەڕ، خزمەتکردنی پێشمەرگە و کاری برینپێچی.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش، لەژێر هەڕەشە و زەبروزەنگی حکومەتدا بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی چالاکی و کارووبارەکانی خۆیان بە نهێنی. لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا، یەکێتیی ئافرەتان بووە بەهێزترین ڕێکخراو بۆ کۆکردنەوە و پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەت لە شار و شاخدا.
ئافرەتان لەنێو ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەرکی کۆکردنەوەی هاوکاری، ئامادەکردنی نان و خواردن بۆ بەرەکانی شەڕ، گواستنەوەی کەلوپەل و هێنان و بردنی نامەی سەرکردایەتیی شۆڕشیان لە ئەستۆدا بوو.
هەندێک جار ئافرەتان چەکیان لەشان دەکرد و شانبەشانی پیاوان لە شەڕەکاندا بەشدار دەبوون و برینپێچییان دەکرد.
شۆڕشی ئەیلوول چی بە ئافرەتان بەخشی؟
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتییەوە، بارزانی گرنگیی داوە بە ڕۆڵی ئافرەتان لەناو کۆمەڵگەدا و زۆر بایەخی داوە بە خوێندەواری و بەتایبەت بۆ ئافرەتانی کورد. ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکرات. لە شۆڕشی ئەیلولدا بارزانی دەفەرموێت: “بۆ ئەوەی ئافرەتی کورد لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشداری بکات، پێویستە قوتابخانەی کچان بکرێتەوە و بەگەڕ بخرێت.” ئەم تێڕوانینەی بارزانی وایکرد لە شۆڕشی ئەیلولدا ئافرەتان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت بۆ خوێندن و فێربوونی برینپێچی.
بۆ پاراستنی مافی ئافرەت، لە شۆڕشی ئەیلولدا چەندین یاسا دەرچوون:
1- قەدەغەکردنی بەشوودانی بەزۆری.
2- قەدەغەکردنی وەرگرتنی نەخت؛ دەبوو نەخت بۆ کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئافرەتەکە بەکاربێت.
3- قەدەغەکردنی ژن بەژنی نێوان گەورە و گچکە.
4- دانانی توندترین سزا بۆ هەر پێشێلکارییەک دژی مافی ئافرەتان.
5- ڕێگەگرتن لە بەشوودانی کچان لە تەمەنی بچووکدا.
6- ڕێگەگرتن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە عەشایەرییەکان بە بەشوودانی ئافرەت( ژن لە جیاتی خوێن).
7- ڕێزگرتنی تایبەتی و دیاریکراو بۆ دایک و خێزانی شەهیدان.
8- ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ ئافرەتان تا بەشدار بن لە ڕێکخستنەکاندا و ڕۆڵی خۆیان ببینن.
چەندین خاڵ و بڕیاری دیکە کە وای کرد ئافرەتان هەست بە بوونی کەسایەتیی خۆیان بکەن.
لە کۆتاییدا، دەتوانین چەند خاڵێکی هاوبەش لەنێوان ڕێبازی بارزانی و شۆڕشی ئەیلولدا دەستنیشان بکەین: لە ڕێبازی بارزانیدا ڕێزێکی تایبەتی لە ئافرەت دەگیرا؛ شۆڕشی ئەیلولیش بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، ئەم فکرەیە لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا وەرگێڕا بۆ کردار و زەمینەی ڕەخساند بۆ بەشداریی کارای ئافرەتان لە خەبات و تێکۆشاندا لەگەڵ پیاواندا.
لە شۆڕشی ئەیلولدا، ئافرەتان بەپێی ئەو پرەنسیپ و فکرەیەی لە ڕێبازی بارزانییەوە وەریانگرتبوو، ئەرکی کادیری، ئازووقەدان، داڵدەدانی پێشمەرگە و پاراستنی پشتیوانیی شۆڕشیان گرتبووە ئەستۆ. هەروەها، هاندانی ئافرەتان بۆ خوێندن و فێربوون وەک چەکێک بەرامبەر دواکەوتوویی، خاڵێکی ستراتیژیی هاوبەشی هەردوو سەردەمەکە بوو. ڕێبازی بارزانی فکرە و زەمینەسازییە تیۆری و نەریتییەکەی دامەزراند و شۆڕشی ئەیلول بووە سەکۆی بەکردارکردنی ئەم فکرەیە لە چوارچێوەی دەزگەیی و خەباتی ڕێکخراوییدا.
بەڵام بەداخەوە، کاتێک لەنێو سەرچاوەکاندا داستان و پاڵەوانێتییەکانی پێشمەرگە دەخوێنیتەوە، زۆر دەگمەن ناوی ئافرەتانی خەباتگێڕ بەرچاو دەکەوێت؛ ئەوانەشی ناویان دێت لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن. ئەگەرچی ناوی ئەو ئافرەتانە نادیارە، بەڵام ناوبانگیان ون نابێت و پیرۆزن؛ چونکە ئەوان کۆڵەگەیەک بوون بۆ مانەوەی شۆڕش و درێژبوونەوەی تەمەنی. بە ئاواتین لە داهاتوودا ناوی ئافرەتانی قارەمان لە مێژووی پڕ لە سەروەریی گەلەکەماندا تۆمار بکرێت و ڕۆڵیان فەرامۆش نەکرێت.