خهبات: هێمن ئاری:- هونەرمەندی میللی شاری هەولێر، ڕەشۆی ساز، دوایی تێپەڕبوونی زیاتر دوو ساڵ بە تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، شەوی چوار شەممە لەسەر پێنج شەممەی ڕابردوو، واتە 9/9/2026 لە تەمەنی 50 ساڵی لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
یەکێک لە براکانی ئاماژەی بە دۆخی تەندروستی ئەو دواییەی ڕەشۆ کردو گوتی: نزیکەی دووساڵ سێ مانگە بەهۆی تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، لە زمان کەوتبوو، لەوکاتەی جەڵتەی لێدا کەوتە جێگە و هیچ چارەسەرێکی نەبوو تا ئەوکاتەی گیانی سپارد.
ڕەشۆی ساز لێدەر، کەسێکی خۆشەویست و هەژاری شاری هەولێر بوو، ئەو جیا لەوەی ساز ژەنێکی باشبوو، خاوەن دەنگێکی خۆشیش بوو، بە دەنگە خۆش و سازەکەی دەستییەوە ڕۆژانە لە نێو بازاڕ و شەقامەکانی ههولێر دەگەڕا، لە هەر شوێنێک بیویستبووایە دادەنیشت و سازی لێدەدا و گۆرانییە ڕەسەن و فۆلکلۆرە کوردییەکانی دەگوتەوە و خەڵکیش بەهۆی خۆشەویستی و گوێگرتن لێی کۆدەبوونەوە و بە بینی دڵخۆشبوون.
ئەو پیاوە دەروون پاک و بێگەرد بوو تەنیا بۆ کەیف و هەوەسی دڵی خۆی و دڵخۆشکردنی خەڵک سازی لێدەدا، کەچی بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین و ئەویش بوو بەیەکێک لە یادگارییە جوانەکانی شاری هەولێر.
ڕەشۆ نموونەی مرۆڤێکی جوان و ئاشقی هونەر بوو، کە بەبێ بەرامبەر زەردەخەنەی دەخستە سەر لێوی ڕێبواران و بەقەد هەموو خۆشییەکانی دنیا دڵی بەسازەکەی دەستی و هونەرەکەی خۆشبوو.