ڕۆژی 10ی 9ی 2026 بە بۆنەی یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لقی 26ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتی لە بارەگای لق لە چۆمان، بە چەند چالاکییەک یادەکەیان پیرۆز کرد، سەرەتا کردنەوەی پێشانگهیەک کە تیایدا ژمارەیەک وێنەی چەند لایەنێکی شۆڕشی ئەیلوول خرانەڕوو. دواتر کۆڕێک بۆ هاوکارمان دڵشاد مستەفا وەسانی بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەکەمان بەناوی (شۆڕشی ئەیلوول وێستگەیەک بۆ گەشەکردنی ڕۆژنامەوانیی کورد) ڕێکخرا. سەرەتا شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی 26 باسی گرنگیی شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵی ناوچەی باڵەکایەتیی کرد.
دواتر دڵشاد مستەفا باسەکەی پێشکەش کرد، سەرەتا قۆناغی پێش شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە گەشەپێدانی ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خستەڕوو، پاشان ماوەی شۆڕشی ئەیلوولی 1961 – 1975 ی بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کرد: بەم شێوەیە قۆناغی 1961-1964، قۆناغی 1964-1970، قۆناغی 1970 – 1975 هەرسێ قۆناغی شیکردەوە و گوتی: شۆڕشی ئەیلوول وێستگەیەکی گرنگ بوو بۆ گەشەپێدانی ڕۆژنامەوانیی کوردی، وێڕای ئەوەی ئەو ماوەیەی شۆڕش هەنگاوی گرنگ بوو، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی تەمەنی ڕۆڵی گرنگ و قوڕسایی خۆی لە گۆڕەپانی ڕۆژنامەوانیی کوردیدا هەبووە، چ ڕاستەوخۆ لە بوارەکەدا کاری کردبێت یان ناڕاستەوخۆ و بەهۆی کاریگەرییەکانی لە کوردستاندا.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە: لە قۆناغەکانی شۆڕشدا، ڕۆژنامەوانیی کوردی هەڵبەز و دابەزی هەبووە، بەڵام قۆناغی دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 کاریگەریی گەورەی لەسەر گەشەکردنی ڕۆژنامەوانییدا هەبوو، گرنگی بە دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپی کتێب درا.
دوای پێشکەشکردنی بابەتەکە، کۆڕەکەدا بە خوێندنەوەی شیعرێکی تەنیا بورەیی بۆ شۆڕشی ئەیلوول کۆتایی هات.











