خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- قەزای بەحرکە بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە ٣١٦ لە ڕۆژی ٣٠/٩/٢٠٢٤ و فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی درا. ئەگەرچی پێشتر ئەو شارەدێیە لە سەرەتای دووهەزارەکان بوو بە شارەدێ و لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاوەدان کرایەوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گەیشتێ.
بەحرکە ناوچەیەکی بەپیت و فەڕە و بە دەشتی بەڕانەتی بەناوبانگە. لە دوای بەناحیەبوونی، ژمارەیەک فەرمانگەی حکومیی لێ کرایەوە؛ لە پێناو خزمەتکردنی دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو شارۆچکەیە زیاتر ئاوەدان کرایەوە و ژمارەی دانیشتووانیشی زۆر زیادی کرد. لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ ئەنجام درا و لەبەر گرنگیی ئەو دەڤەرە و گەورەبوونی ئەو شارەدێیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی بەحرکەی دا، و لە ڕۆژی ٩/٧/٢٠٢٦ یەکەم قایمقامی بەحرکە دەستبەکار بوو. وەک ڕۆژنامەی خەبات سەردانی قەزاکەمان کرد و لەوێدا شاخەوان سدیقە سۆر، قایمقامی تازەی بەحرکە قسەی بۆ کردین.
قەزای بەحرکە گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە
دەربارەی ئەو قەزایە و کار و بەرنامەی تازەی قەزاکە، شاخەوان سدیقە سۆر، قایمقامی قەزای بەحرکە بۆ خەبات ڕوونیکردەوە: دیارە بەقەزابوونی بەحرکە لە چوارچێوەی کار و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە پێناو خزمەتکردنی دانیشتووانی ئەو دەڤەرە. یەکێک لە بڕیارە گرنگ و پڕ لە بایەخەکانیش بەقەزابوونی ئەو شارۆچکەیە بوو، کە شوێنەکەی هەڵکەوتوو دە دەستوورە و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر. لە سنوری ئەو قەزایە ٢٥ گوند، ١٣ گەڕەک، ٣ کۆمەڵگەی زۆرەملێ و ژمارەیەک لە شارەکانی وەبەرهێنان هەن، وەک: شاری گەنجان سیتی، سڵاڤا، ئازادیی نوێ، گوندی ئیسپانی و چەند شارێکی دیکە.
جگە لەوەش لەو قەزایە پێشتر ژمارەیەک دامودەزگای حکومی ئیشوکارەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانیان ڕایی کردووە، هاوکات هەر لەگەڵ بەقەزابوونیشی، یەکەم کارمان دامەزراندنی ژمارەیەکی دیکەی دامودەزگای حکومییە کە پێویستە بوونیان هەبێت. ئەوانیش کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتیین و بە زووتریین کات هەوڵی کردنەوەیان بۆ دەدەین، وەک بنکەی پۆلیسی بەحرکە کە نووسراومان کردووە تا ببێتە بەشی پۆلیسی بەحرکە. هەروەها بنکەی هاتووچۆی بەحرکە هەیە و سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەحرکە هەیە لەگەڵ فەرمانگەی ئاو و کارەبا. لێرە سێ شارەوانی هەیە، وەک: شارەوانیی شاخۆلان، بەحرکە و پیرزین.
سنووری قەزاکە هەمان سنووری ناحیەی پێشووی بەحرکە دەبێت، و دەربارەی زیادبوونی ئەو ناحیانەی کە دروست دەکرێن بۆ قەزاکە، هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام لە بەرنامەدا هەیە کە چەند شوێنێک بکرێنە ناحیە لە سنووری قەزاکە و لە داهاتووشدا ئەو کارە ئەنجام دەدرێت.
سنووری قەزای بەحرکە سنوورێکی فراوانی هەیە؛ لەلای ڕۆژهەڵاتەوە لە شەقامی سەرەکیی شەقڵاوە دەست پێ دەکات، لەلای باکووریش تاوەکو ڕووباری بەستۆڕە دەڕوات و دەکەوێتە سەر سنووری دەڤەری زرارەتی کە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە. لەلایەکی دیکەشەوە تا گوندی ئیفراز، گوندی دارەبەن و قەڵانچۆغانەیە.
ژمارەی دانیشتووانی ڕۆژانە لە زیادبووندایە و نزیکیشە لە شاری هەولێر، ژمارەی دانیشتووانیشی نزیکەی دووسەد هەزار کەس دەبێت لە سنووری قەزاکە. بە ناوچەی بەڕانەتی بەناوبانگە و زەوییەکانی ئەو دەڤەرە بەپیت و فەڕ و کشتوکاڵیین. لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەشەسەندنێکی زۆری کردووە و لە ڕووی کشتوکاڵی، ئابووری و کارگێڕییەوە تەکانێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.
لە ڕووی ئەمنیشەوە دوو بنکەی پۆلیس هەن کە بریتین لە: بنکەی پۆلیسی بەحرکە و بنکەی پۆلیسی پیرزین، لەگەڵ هەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بەحرکە، زێڕین، پیرزین و گەزنە. هەروەها دوو بنکەی بەرگریی شارستانی هەن، وەک: بنکەی بەرگریی شارستانیی کوردستان سیتی و بنکەی بەرگریی شارستانیی بەحرکە.
لە کەرتی تەندروستیشدا ١٤ بنکەی تەندروستی و دوو نەخۆشخانەی خزمەتگوزاریی فراوان هەن، وەک: نەخۆشخانەی بەحرکە بۆ نەخۆشییەکانی هەناو و نەخۆشخانەی ئیماراتی بۆ لەدایکبووان. هەبوونی ئەو دوو نەخۆشخانەیە و ئەو ژمارە بنکە تەندروستییانە تا ڕادەیەکی بەرچاو خزمەتی دانیشتووانی ئەو دەڤەرە دەکەن و چارەسەر لەو شوێنانە وەردەگرن، ئەگەر پێویستیش بوو، ئەوا ڕەوانەی هەولێر دەکرێن. هێشتا لە ڕووی چارەسەر و تەندروستییەوە بەحرکە پێویستی بە نەخۆشخانەی دیکە هەیە.
هەر لەو دەڤەرە نەخۆشخانەیەکی گەورەی فریاکەوتن لەلایەن خێرخوازێکەوە لە دروستکردندایە و هەیکەلەکەی تەواو بووە. ماوەیەک کاری نەخۆشخانەکە وەستا، ئەویش بەهۆی هەندێک کاری هونەری و ڕۆتینی ئیداری لە وەزارەتی شارەوانی، چونکە وا پێویست بوو کە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی بۆ دابین بکرێت. ئەویش ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و بەم زووانە کاری لەسەر دەکرێت. قسەمان لەگەڵ خێرخوازەکە کردووە و پێی گووتین کارەکان دەست پێ دەکەینەوە تا لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو ببێت. لە ئێستاشدا خەریکی فراوانکردنی گەراجێکن بۆ نەخۆشخانەکە و کارەکانی فراوانکردنەکە تەواو بوون.
گوتیشی: بەنیازین کار لەسەر کردنەوەی بەشی زیاتر لەناو نەخۆشخانەکانی قەزاکە بڕەخسێنین، وەکو بەشی ددان و بەشی تیشک، هەروەها هێنانی ئەو ئامێرانەی کە زۆر پێویستن بۆ نەخۆشخانەی بەحرکە. ژمارەی قوتابخانەکانیش لەو دەڤەرە خزمەتی قوتابیان دەکەن و لە هەوڵداین چەند دامودەزگایەکی ئەو سنوورە فراوانتر بکەین تا خزمەتی زیاتر بەو دەڤەرە بکەین.
هەروەها پێویستیمان بە کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتیی دیکەش دەبێت لەو قەزایە، وەکو: بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی، هەبوونی دادگا، باج و چەند دەزگایەکی دیکەی خزمەتگوزاری. نووسراو بە هەموو ئەو دامودەزگایانە دەکەین بۆ ئەوەی کردنەوەی ئەو دەزگا حکومییانە سوودی بەرچاوی بۆ دانیشتووانی بەحرکە و دەوروبەری هەبێت. هەروەها فەرمانی وەزاری بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەحرکە دەرچووە و تەنیا ماوە تا شوێنیان بۆ دابین بکەین.
هەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا، قایمقامی بەحرکە ئاماژەی بە چەندین بابەتی دیکە دا بۆ ئەو قەزا تازەیە و گوتی: کار و بەرنامەی دیکەی خزمەتگوزاریمان هەیە، لەوانە کردنەوەی ناوچەیەکی پیشەسازی بۆ دەڤەرەکە. لە ڕووی کاری وەبەرهێنانیشەوە ژمارەیەک شاری وەبەرهێنان بوونیان هەیە و خەڵکێکی زۆریش سوودیان لێ وەرگرتووە، هەروەها ژمارەیەک گوندی وەبەرهێنانیش دروست دەکرێن. خەڵکێکی یەکجار زۆر ڕووی لە قەزاکە و دەوروبەری کردووە، و بۆ پێشکەوتنی ئەو قەزایە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو دەڤەرە بە ئەنجام گەیاندووە.
ژمارەیەک کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو سنوورە ئەنجام دراون
قایمقامی قەزای بەحرکە ئاماژەی بە ژمارەیەک کار و پڕۆژە دا و گوتی: لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەحرکە، هەر لە ساڵی ٢٠١٩وە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٦، نزیکەی ٧١٠٠ مەتر دووجا قیرتاوکردنی ئەنجام داوە، لەگەڵ کۆنکریتکردنی کۆڵانەکان لە نزیکەی ١٣٨٥ کۆڵانی قەزاکە. گوندەکانیش خزمەتگوزارییان گەیشتۆتێ و ئەو کار و پڕۆژانەی ئەنجام دراون، خزمەتی بەرچاویان بە دانیشتووانی قەزاکە و گوندەکان گەیاندووە. لە هەر گەڕەکێک ئەگەر کێشەی خزمەتگوزاری هەبێت، ئەوا هاووڵاتیان دەتوانن بیگەیەننە قایمقامیەت. ئێمە لە خزمەتی هاووڵاتیانداین و دەرگامان بە ڕوویاندا کراوەیە؛ هەر هاووڵاتییەک ئەگەر کێشەیەکی هەبێت، ڕاستەوخۆ دەتوانێت سەردانی قایمقامیەتی قەزاکە بکات.
بۆ ئایندەش لە بەرنامەدا هەیە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری بۆ دەڤەرەکە ئەنجام بدەین. لە هەمووشی گرنگتر، گەیاندنی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بوو بۆ سنووری قەزای بەحرکە کە جێگەی دەستخۆشی بوو و هەموو دانیشتووانی قەزاکە بەو پڕۆژەیە زۆر دڵخۆش بوون، چونکە لە چەند گەڕەکێک کێشەی کەمئاوی هەبوو و زۆربەی بیرەئاوەکان وشکیان کردبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو کێشەیە چارەسەر بووە.
دواتر و لە درێژەی لێدوانەکەیدا، شاخەوان سدیقە سۆر، قایمقامی قەزاکە گوتی: پڕۆژەی ڕۆناکی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ شاری هەولێر دەست بە جێبەجێکردنی کرا و گەیشتە بەحرکە. دوای دەستبەکاربوونی ئێمەش هاوشانی بەقەزابوونی بەحرکە، ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک لە بەرنامەدایە و دەرخستەمان بۆ کردوون، لەوانە:
١. دروستکردنی دەروازەیەکی شایستە و شارستانی بۆ قەزاکە: لە سەرەتای بەحرکە، کاتێک دێیتە ناو سەنتەری بەحرکە، پێویستی بە دەروازەیەکی مۆدێرن هەیە. دەرخستەمان بۆی کردووە و چووەتە قۆناغی تەرخانکردنی بودجە.
٢. دروستکردنی شەقامی ٦٠ی بەحرکە: پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە و سەرەتای بەحرکە دەبەستێتەوە بە گوندەکانی دەوروبەری. ئەو پڕۆژەیە وادەکات پاڵەپەستۆی هاتووچۆی ناو سەنتەری شارۆچکەکە کەم ببێتەوە و ئاسانکاریی زۆر بۆ شۆفێران دەکات لە کەمکردنەوەی جەنجاڵیی ناو سەنتەر.
٣. دروستکردنی پارکێکی شارستانی: ئەولەوییەتی کارەکانمان دروستکردنی پارکێکە لە سنووری قەزاکە، چونکە دروستکردنی شوێنێکی لەو جۆرە بۆ بەسەربردنی کاتی خۆشی دانیشتووانی بەحرکە زۆر گرنگە. کارمان لەسەر کردووە و زەویشی بۆ تەرخان کراوە، تەنیا ماوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بدرێتە ئەندازەی پارکەکان تا جێبەجێی بکەن.
ئەمە و چەندین پڕۆژەی دیکەش لە بەرنامەدا هەن کە بۆ قەزای بەحرکە بە ئەنجامیان بگەیەنین، ئەوەش بە هەوڵ و هیممەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
