شێخ ستار عهواڵانی
شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی (١٩٦١–١٩٧٥) گەورەترین و درێژخایەنترین شۆڕشی چەکداریی گەلی کورد بوو لە باشووری کوردستان لە سەدەی بیستەمدا، بە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتیی باوکی ڕۆحیی نەتەوەیی، مستەفا بارزانی و بەشداریی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری لە دژی حکومەتی عێراق.
هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم شۆڕشە گەڕایەوە بۆ پاشگەزبوونەوەی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم لە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە مافە نەتەوەیییەکانی کورد و جێبەجێنەکردنی ماددەی ٣ ی دەستووری کاتیی ئەوکاتی عێراق، هەروەها دەستپێکردنی گوشاری سەربازی و توندوتیژی لە دژی چالاکوان و لایەنە کوردییەکان. لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٦١ بڕیاری دەستپێکردنی خەباتێکی چەکداریی سەرتاسەری دا.
پێش دەستپێکردنی ئەم شۆڕشە، بارزانیی نەمر پێشینەیەکی دەیان ساڵی خەباتی چەکداری هەبوو، لە ڕاپەڕینی بارزان لە ساڵانی سییەکاندا و بەشداریکردنی لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦. ئەم پێشینەیە وای کرد لە چاوی گشتیی کورد دا بەتەنها وەک سەرکردەیەکی سیاسیی و سەربازی نەناسرێت، بەڵکو وەک “بارزانیی نەمر” بناسرێت؛ کەسێک کە توانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی – ئایینی و سیاسیی، خوێندەوار و جووتیار – لەژێر یەک ئامانجدا کۆبکاتەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردی بەردەوام لە ژێر کاریگەریی دژایەتیی هەرێمی و ناکۆکیی نێوخۆیی دابوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بنکەی ڕێکخراوەیی و سیاسیی ئەم شۆڕشە بوو. بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی نیشاندەری ئەوە بوو کە شۆڕش هەڵوێستێکی خۆڕسک نەبوو، بەڵکو بڕیارێکی ڕێکخراوەیی بوو کە لەسەر بنەمای شیکردنەوەیەکی سیاسیی وردبینانە بۆ دۆخی عێراق و مافەکانی کورد دامەزرا بوو. پارتی، لە ڕێگەی ستراکتۆری خۆیەوە، هێزی سەربازیی پێشمەرگەی لە ڕووی واقع و ستراتیژییەوە ڕێکدەخست، دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیی بۆ دۆزینەوەی پشتگیری بنیات دەنا( بەتایبەت لە لایەن ئێران و هەندێک وڵاتانی ڕۆژئاواوە)، هەروەها داواکارییە نەتەوەیییەکانی کورد دەگۆڕی بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووری، وەک ئەوەی لە ماددەی ٣ی دەستووری کاتیی عێراقدا بینرا.
ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ بەهێزترین دەستکەوتی سیاسیی شۆڕشەکە بوو، کە تێیدا حکومەتی عێراق بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فەرمی دانینا بە مافی ئۆتۆنۆمیی گەلی کورد و بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە ناوچە کوردییەکاندا. ئەم سەرکەوتنە سەرئەنجامی ساڵانێکی زۆر لە خەباتی سیاسیی و چەکداری بوو کە بارزانیی نەمر سەرپەرشتیی دەکرد و پارتی بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی هەڵدەگرت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو بەهێزییەی ناوخۆ، هێشتا پێویستی بە پاڵپشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەبوو.
دواتر لە ساڵی ١٩٧٥ دا، کاتێک ڕێککەوتننامەی شومی جەزائیر لە ٦ی ئازاردا لە نێوان سەدام حسێن و شای ئێران بە سەرپەرشتیی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی واژوو کرا، لەبەرامبەر وەرگرتنی نیوەی شەتولعەرەب و هەندێک ناوچەی سنووری، ئێران و ئەمریکا ڕازی بوون پشتگیرییەکانیان بۆ شۆڕشی کورد بپچڕێنن.
داخرانی سنوورەکان و نەمانی هاوکاریی سەربازی مەترسیی کۆمەڵکوژیی لێکەوتەوە، ئەمەش وایکرد شۆڕشی ئەیلوول لە ئازاری ١٩٧٥دا کۆتایی پێبهێت و بە “نسکۆ” بناسرێت. لەم قۆناغە سەختەدا، بارزانی و پارتی لەبەردەم یەکێک لە سەختترین بڕیارە مێژووییەکاندا وەستان، بەڵام سەرەڕای ئەو بارودۆخە، پارتی توانی بنەماکانی خۆی وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی چالاک بپارێزێت.
ئەم توانایە بۆ مانەوە، لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە و لە ڕووی پێگەی مۆراڵیی گشتیی کوردەوە، یەکێکە لە گرنگترین میراتەکانی بارزانیی نەمر و پارتی. شۆڕشی ئەیلوول تاقەت و هێزێکی بەهێزی بە هۆشیاریی نەتەوەییی کورد بەخشی و بنەمایەکی سیاسیی، سەربازیی و فکریی دروست کرد کە دواتر ڕێگەی خۆشکرد بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و دواتر دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.