خەبات: سەربەست برزۆ:- خاڵۆ مەوزەڕ دەلۆ، خاوەنی یەکێک لە دوکانەکانی بازاڕی دەلۆی شەقامی پاتەی خانەقین، هەم خۆی و هەم دوکانەکەی لای خەڵکی شار تەواو ناوبانگیان دەرکردبوو، دوکانەکەی دەکەوتە بەرامبەری لقی پاتەی خانەقین لە شەقامی گشتیی، کە دواتر بە شەقامی پاتە ناوبانگی دەرکرد.
مەوزەڕ، شەکر و چای دەفرۆشت، لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوو، دوکانەکەی بووە سەنتەرێکی بەناوبانگ لە شارەکەدا، هەرچەندە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن هەبووە لە شاری خانەقین لە ساڵی 1865 وە، بەڵام ئەو خانەقینییانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژیان جا بە هۆکاری سیاسیی چووبوونە دەرەوە یان بۆ خوێندن، کاتێک نامەیان دەناردەوە بۆ کەسوکاریان لەسەر زەرفەکە دەیاننووسی: العراق – دیالە – خانەقین.
کە نامەکە دەهاتە پۆستە و گەیاندن دەیانبردە لای مەوزەر و ئەویش دەیدایە کەسووکاری خاوەن نامەکە، مەوزەر، جیا لەکاری دوکانداری و ئەو ناوبانگەی هەیبوو، ئەندامی چالاکی حزبی هیوا و پاشان پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، مەوزەڕ، لە ساڵی 1975 (تەرحیل) دەکرێت پاشان دەچێتە هەولێر و لەلای کوڕەکەی دەمێنێتەوە هەتا سەرەتای هەشتاکان لە شاری هەولێر کۆچی دوایی دەکات.