ئەندامێکی دەستەی ئەرکان و سێ ئەندامی دیکەی حەشدی شەعبی لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکران.
میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویانکردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، هێزێکی ئەمنی یەکێک لە ئەندامەکانی دەستەی ئەرکانی حەشدی شەعبی بە ناوی “ئەکرەم ئەبو جەعفەر” لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغداد دەستگیر کرد.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، تا ئــــێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی نەزانراوە.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی خستەروو، هێزە ئەمنییەکە لە هەمان پرۆسەدا سێ ئەندامی دیکەی حەشدی شەعبی لە ناوچەی “بەلەدییات” لە رۆژهەڵاتی بەغداد دەستگیرکردووە، بە بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک لە بارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیانەوە بدرێت.
دەستەی ئەرکانی حەشدی شەعبی یەکێکە لە پێکهاتە سەربازییەکانی عێراق کە لە چوارچێوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکاندا کار دەکات.
رۆژی دووشەممەی رابردووش، 17ـی ئاب، هێزێکی دژەتیرۆری عێراق عەباس یەعقووبی، بەرپرسی هەواڵگریی حەشدی شەعبی لە زیقار دەستگیر کرد و بۆ بەغدا گواستیانەوە؛ بەڵام دوای دوو رۆژ بە بڕیاری دادگای ئازاد کرا.