گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووردارکردنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز، گواستنەوەی کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانی دووچاری ئاستەنگ کردووە. ئەمساڵ کتێبەکان لە چاپخانەی مەسار لە وڵاتی ئیمارات چاپکراون و ڕێکارەکانی گواستنەوەیان قورستر بووە.

حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە، رایگەیاند تاوەکو ئێستا ٧٠٪ی کتێبەکان گەیشتوونەتەوە هەرێمی کوردستان. ناوبراو دڵنیایی دا کە تاوەکو ٥ی ئەیلوول و پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، سەرجەم کتێبەکان دەگەن و دابەش دەکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، پڕۆسەی ریفۆرم لە پڕۆگرامەکانی خوێندن بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ٨٠٪ی کارەکانی گۆڕانکاری تەواو بووە. بڕیاریشە تا ساڵی خوێندنی ٢٠٢٨-٢٠٢٩ تەواوی پڕۆسەی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکان بەکۆتا بێت.

بۆ ئەمساڵی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە ۱۱۰ کتێبدا کردووە. هەروەها وەک هەنگاوێکی نوێ، سەرجەم کتێبەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “قوتابخانەی ئەلیکترۆنی” دەخرێنە بەردەستی قوتابیان.