دامەزراندنی پارتی؛ هەڵاتنی خۆری هیوا و قەڵغانی پۆڵایینی کوردستان

145

فرسەت سەید شکور
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هێزی پێشەنگ و ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، لە مێژووی ٨٠ ساڵەی پڕ لە سەروەری و خەباتی نەپساوەیدا، قەڵغانێکی پۆڵایین و پارێزەری سەرەکیی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بووە. پارتی، کە لەسەر بنەمای فیکری ڕەسەنی نەتەوەیی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر دامەزراوە، هەمیشە وەک بڕبڕەی پشتی پاراستنی مافە ڕەواکانی کورد وەستاوەتەوە و لەم پێناوەشدا مەزنترین قوربانیی بەخشیوە. بە دروشمی نەمرانەی «کوردستان یان نەمان»، ڕێڕەوێکی پڕ لە شانازیی بڕیوە و ئەمڕۆش خاوەنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی درێژمەودا و گشتگیرە بۆ ئاوەدانی، گەشەپێدان و دەستەبەرکردنی ئارامی و سەقامگیریی سەراسەری لە کوردستان.
نهێنیی بەهێزی، بەردەوامی و مانەوەی پارتی لە هێڵی پێشەنگایەتیدا بەدرێژایی ٨٠ ساڵی ڕابردوو، بوونی مەرجەعییەتی بەهێزی نەتەوەیی و ڕابەرایەتیی حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانییە. ئەدەبی سیاسی و فەلسەفەی حوکمڕانیی سەرۆک بارزانی، ئاوێتەی ویژدانی تاک بە تاکی ئەندام و لایەنگرانی پارتی بووە. هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییە نەگۆڕەکانی سەرۆک بارزانی و ساڵانی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتی، وا لە هەموان دەکات بە شەرەف و ئومێدەوە بڕیار و ئاڕاستەکانی بە شاڕێی ڕزگاری و ئارامی بزانن. یەکگرتوویی و دیسپلینی ڕێکخراوەیی، پارتی کردووە بە داینەمۆی سەقامگیری و هێزێکی بێڕکابەر لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکەدا.
فەلسەفە، بەرنامە و ئەجێندای سیاسیی پارتی، لەسەر بنەمای سەروەریی نیشتمان و حورمەتدانان بۆ خاکی کوردستان، سەربەرزانەترین سیاسەتی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی داڕشتووە؛ سیاسەتێک کە خۆنەچەماندن و نائومێدنەکردنی جەماوەر پڕەنسیپی بنەڕەتییەتی و بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژی و فشارێکە بۆ سەر ئیرادەی گەلی کوردستان. ستوونە پۆڵایینەکانی پشتئەستووریی پارتی:
١)- پشتئەستووری بە دەنگدەران و جەماوەری دڵسۆز، وەفادار و ڕاستەقینەی کوردستان.
٢)- خاوەندارێتی لە پەیڕەوێکی ڕێکخراوەیی تۆکمە و مێژوویەکی پرشنگدار کە سەرچاوەی شانازیی تەواوی کوردستانیانە.
٣)- پارتی هیوا و ئومێدی کوردستانیانە لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشوور، و سەنگەری سەرەکیی مافەکانە.
٤)- هۆشیاری و وشیاریی فیکریی کادیران و لایەنگرانی پارتی لە مامەڵەکردنی زیرەکانە و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکاندا.
٥)- بڕوابوونی نەگۆڕ بە ئامانجە باڵاکان و ڕوانین بۆ پرسی کورد لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانییەوە، نەک بەرژەوەندیی بەرتەسک.
٦)- لە سەنگەری بەرگری و جەنگدا پارێزەری سەرسەختە و لە کاتی ئاشتیداش، حوکمڕانێکی بێوچان، ئاوەدانکەرەوە و خزمەتگوزارە.
٧. پابەندبوونی کادیران بە ڕەوشت و ئەدەبی سیاسی لە پەیام و نووسینەکانیاندا، بە ئاڕاستەی پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی.
٨)- بوونی مەرجەعی سیاسی و نەتەوەیی، ڕابەری کەموێنە، سەرۆک مەسعود بارزانی.
پارتی پشتئەستوورە بە مێژوویەکی درەوشاوە و خەباتێکی قایم؛ مێژوویەک کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرز و تێکۆشەرانی شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان، بەشدارییە مێژووییەکەی لە کۆماری کوردستان لە مهاباد، هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینە پڕشکۆکەکەی ١٩٩١، پرۆسەی ئازادیی عێراق، شانازیی ڕیفراندۆم، بەزاندنی تیرۆریستانی داعش و لاوازکردنی داگیرکەران لە حەماسەی پڕ لە سەروەریی پردێ و سحێلا نووسراوەتەوە. پارتی نەک هەر پیلانە ئیقلیمی و ناوخۆییەکانی پووچەڵکردەوە، بەڵکو وەک پارێزەری سەرەکیی قەوارەی هەرێمی کوردستان، یەکپارچەیی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی لە مەترسییە گەورەکان ڕزگار کرد و هێشتییەوە.
ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕابەرایەتیی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی درێژمەودا دەکات بۆ گەشەپێدان، بونیادنانی ژێرخانی ئابووری، ئاوەدانی و دەستەبەرکردنی ئارامی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانی، سەرکردایەتیکردنی کاروانی ئاوەدانی، دروستکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ گەنجان و ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی، گەواهی ئەوە دەدەن کە پارتی حزبی کردار، حوکمڕانیی بەهێز و ئایندەیەکی گەشە.
پیرۆز بێت ١٦ی ئابی پڕ لە شانازی، ساڵوەگەڕی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕابەری ڕزگاریی نیشتمانی و ئومێدی نەتەوەیی، سەرۆک مەسعود بارزانی.