خەبات – ساسان دەروێش
چەند ڕۆژێکی دیکە، نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦؛ ئەو ڕۆژەی کە خۆری ئومێد لەناو تاریکیی داگیرکارییەوە هەڵهات و مژدەی ڕۆژێکی نوێی بۆ گەلی کورد هێنا و ئاوات و ئامانجە نەتەوەیییەکانی لەسەر بنەمای خەبات و تێکۆشان دامەزراند. لە ئەمڕۆدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی، هەر یەکەیان، تەمەنیان بووەتە هەشتا ساڵ، دوو مێژووی پڕ لە ڕووداو و وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی نوێی کوردستان. هەردووکیان بە ڕێڕەوێکی هاوبەشی کوردایەتی، خەبات و تێکۆشان بۆ گەل و نیشتمانەکەیانەوە گرێدراون. لەسەر ئەم بابەتە و بە مەبەستی تیشک خستنە سەر گرنگی و ڕەهەندی مێژوویی ئەم دوو بۆنەیە، حامید گەوهەری، نووسەر و لێکۆڵەر، قسەی بۆ خەبات کرد و دیدگای خۆی سەبارەت بە مێژوو و گرنگیی ئەم دوو بۆنەیە خستەڕوو.
سەبارەت بەتەمەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی کە دەبێتە هەشتا ساڵ، حامید گەوهەری باسی لە نهێنیی مانەوە و بەردەوامیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە هەمیشە وەک سوورە چنار بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێن، ئەوانەی پێش ئەمان لەدایکبوون و کاری حزبی و دامەزراوەییان کرد وەک ئایدۆلۆژیا لە جیهاندا بڵاوبوونەوە لە ئێستادا کاڵبوونەوەو تەنیا وەک ناو مانەوە گوتی:
بەر لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت دەمەوێت هەشتایه‌مین ساڵی لەدایکبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی لە بنەماڵەکەیان و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و نەتەوەی کورد و خەڵکی خۆڕاگری شاری مه‌هاباد پیرۆز بکەم. بۆ ئەوە دەڵێم مه‌هاباد، چونکە سەرۆک بارزانی لە مه‌هاباد و لەژێر ئاڵای کوردستان لەدایک بووە و ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و لیژنەی ئازادی یەکەم بڕیاری دامەزراندنی پارتی دیموکراتیان لە مه‌هاباد داوە، وەڵامی پرسیارەکەتان: بنەمای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەزموونی ڕاپەرینی ساڵی ١٩٠٧ ی بارزان بە سەرۆکایەتیی شێخ عەبدولسەلام، ڕاپەڕینی ١٩٣١- ١٩٣٢ بە سەرۆکایەتیی شێخ ئەحمەد، شۆڕشی ١٩٤٣ و پێکهێنانی لیژنەی ئازادی «پارتی ئازادی» بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانیی نەمر لە ١٩٤٥ و خزمەتکردنی بە دۆزی کورد دامەزراوە. واتا وەک حزبێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی لەدایکبووە و لەسەرهێڵی خزمەتکردنی بەنەتەوەی کورد ماوەتەوە و لە هەر هەلێک بۆ بەدەستخستنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کورد و ئارامی و ئاسوودەیی کورد هەوڵی داوە، ئەوە نهێنیی مانەوە و گەشەکردنی پارتییە کە دوای هەر کەوتنێک بەهێزتر لە پێشوو سەریهەڵداوەتەوە.
پاشان حامید گەوهەری لە ئاوێنە گەورەکەی هەشتا ساڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵگێڕانی سەرۆک بارزانی تا بە ئەمڕۆی ئازادی گەیشتین و پەیوەندیی نێوان پارتی و بارزانی گرێدراوی یەک ڕێڕەو لە کوردایەتی دەڵێت:
لە ١٩٤٦/٨/١٦وە تا ساڵی ١٩٧٥ و ڕاوەستانی کاتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و بڕیاری پێکهێنانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان «قیادە موەقەت»، سەرۆک مستەفا بارزانیی نەمر لە ڕووسیا هەوڵی هێشتنەوە و ڕاگرتنی پارتی داوە. دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق و کوردستان لە ساڵی ١٩٥٨، پارتی لە حزبێکی نهێنی و قەدەغەکراو ڕزگار کرد و ناوی لە پارتی دیموکراتی کوردەوە گۆڕی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و لە حزبێکی چەند سەد کەسییەوە کردی بە حزبێکی جەماوەریی کوردستان. لەو ساڵانەدا، بارزانیی نەمر پارتی لە چەندین پیلانی دوژمن پاراست و لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بوو بە پشت و پەنای کوردە خەباتکارەکانی پارچەکانی تری کوردستان. دوای ڕاوەستانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە خیانەتی نێوخۆیی و دەرەکی، ڕێزداران سه‌رۆك مەسعود بارزانی و كاك ئیدریس بارزانی بە پشتگیریی بارزانیی باوک پارتیان ڕێکخستەوە. خەباتکارانی گەنج و لەخۆبردوو و نەتەوەییان لە دەوری پارتی کۆکردەوە. شۆڕشی گوڵانیان وەڕێخست و چەند پیلانی دوژمنی دۆست نمایان تێکشکاند. پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بە دەسپێشخەریی کاک ئیدریس و مام جەلال، ڕاپەرینی ١٩٩١ و هەڵبژاردنی ١٩٩٢/٥/١٩ لەلایەن بەرەی کوردستانی، بە پڕۆژە و سەرۆکایەتیی سه‌رۆك مەسعود بارزانی بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان یەکێک بوو لە دەستکەوتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە کورد و مافەکانی لە قۆناغێکەوە گەیاندە قۆناغێکی نوێ کە بتوانێت کێشەکانی بە ڕێگای دەستوور چارەسەر بکات. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١وە دەیان پیلانی دوژمنی پووچەڵ کردووەتەوە و توانیویەتی لە بەرانبەر خیانەتی ١٦ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧، کێشە دروستکراوەکانی بەرەی مقاوەمە، کێشە دروستکراوەکانی پەکەکە و ڕژێمی تورکیا و کێشەی شنگال و حەشدی شەعبی بوەستێنێت و بەرگری لە مافی نەتەوەکەی بکات.
حامید گەوهەری وەک سیاسەتوان و مێژوونووسێک وانەی هەشتا ساڵ لە خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوێنیتەوە و داهاتووی کوردایەتی لە کوێی نەخشەکەدا دەبینیتەوە ڕایگەیاند:
پارتی حزبێکی نەتەوەیی کوردە کە لەسەرهێڵی نەتەوەیی و نیشتمانیی ماوەتەوە. خاوەنی کادیری بە ئەزموون و پێشمەرگەی قارەمان و نەتەوەییە. ئەزموونی بەرزی هەیە لە شەڕ، ئاشتی و دیپلۆماسیدا و بەئامانجی خزمەتکردنی بە نەتەوەی کورد کار دەکات و ئەوانەش زامنی مانەوە و گەشەکردنیەتی.
حامید گەوهەری لە هەشتا ساڵی تەمەنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوراز و نشێوی و گرنگترین وەرچەرخان لە مێژوودا کامەیە کە باوکی ڕۆحی نەتەوەییمان بارزانیی نەمر دامەزرێنەریەتی، ئاماژەی بە مێژوو کرد و گوتی:
دوای دامەزراندنی پارتی، پارتی تووشی شەڕێکی نەخوازراو بوو لەگەڵ سێ دەوڵەتی ئێران، عێراق و تورکیا، بارزانی بە ناچاری ڕۆژی ١٩٤٧/٦/١٨ لەگەڵ ٥٠٠ پێشمەرگە لە رووباری ئاراس پەڕییەوە و چوو بۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت. ئەو کاتە پارتی حزبێکی نایاسایی بوو لە عێراق. لە مانگی نۆیەمی ئەو ساڵەدا شەش کورد لەگەڵ کامەران بەدرخان، بە نوێنەرایەتیی کورد لەلایەن بارزانییەوە چوون بۆ نیویۆرک کە بە هاوکاریی نوێنەرانی فەڕەنسا کێشەو ستەمی دوژمن لەگەڵ کورد لە ساڵی ١٩٤٣ و شۆڕشی بارزانەوە بە نەتەوەیەکگرتووەکان بگەیەنن کە ئەو کارەیان کرد. جگە لەوە، هەروەک گوتم پارتی لە عێراق و کوردستان یاساخ بوو تا بارزانی لە ساڵی ١٩٥٨ گەڕایەوە و مۆڵەتی بۆ وەرگرت و بوو بە خاوەنی ڕۆژنامە و ڕێکخراو. لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە ئەرکی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبازی بارزانیی نەمردا بۆ نەوەکانی داهاتوومان کە دەبێت چۆن بێت دەڵێت:
ئەرکی پارتی ئەمڕۆ لە سەردەمی شەڕی چەکدارانە قورسترە، چونکە لە بەرانبەر نەتەوەکەیدا بەرپرسە، دەبێت هاوکات لەگەڵ پاراستنیان، ئاسایشی ژیانی ئابووری، پەروەردە، کۆمەڵایەتی و سیاسیان بپارێزێت. لە حوکمڕانیدا پاک و سادق بێت و کەسانی گەندەڵ لە کاروباری حکومی دوور ڕابگرێت. کادیری گەنج و خوێندەوار و خزمەتکار پەروەردە بکات کە خۆیان بەسەر خەڵکدا گەورە نەکەن. پلانی یاسایی لە بەرانبەر بەغدادا هەبێت و دەستوور و بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان بێت لەگەڵ بەغدا و هەرچەندە لە بواری دیپلۆماسی جیهاندا پلەی باشی هەیە، بەڵام لقی شەشی ئەورووپا و لیژنە ناوچەکانی لە دەرەوەی وڵات چالاکتر بکات! پیرۆز بێت ٨٠ ساڵ خەباتی سەربەرزانەی پارتی دیموکراتی کوردستان.