عێڕاق هەڕەشەیە بۆ كەنداو؟

13

محەمەد زەنگەنە
لەرۆژانێكی وەكو ئەمڕۆ لەساڵی 1990، كوەیت بە تەواوی و بەشێكی كەمی سعوودیا، لەلایەن سوپای بەعسی سەددامەوە داگیركرا بوو، ئەو سوپایەی لە 2ی ئاب،بەشێوەیەكی لەناكاو بەبێ هیچ پاساوێك، بە قۆستنەوەی ناكۆكی بەهۆی بۆڕیی نەوتی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و بۆ گوشار خستنە سەر كوەیت بۆ پێدانی بڕە پارەیەكی زۆر بەعێڕاق، بە بیانووی بەرگری كردن لە (دەروازەی رۆژهەڵات- البوابە الشرقیە)، تەواوی كوەیتی داگیركرد.

دوای زیاتر لە سی ساڵیش، دوای چەندین قۆناغی سیاسی كە بە دوورخستنەوەی عێڕاق لە وڵاتانی عەرەبی و كەنداو، تا گەیشتن بە قۆناغی ئابڵووقەی ئابووری تا كۆتاییهاتنی رژێمی سەددام و رووخانی دەوڵەتی بەعس،بە هێرش كردنە سەر عەرەبستانی سعوودیا و هەڕەشە كردن لە كوەیت و ئوردون و سووریا لەلایەن میلیشیا نایاساییەكانەوە، وا خەریكە جارێكی دیكە عێڕاق دەخرێتەوە نێو هەمان پێناسە و بە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەكە هەژمار دەكرێت و لەوانەشە،لێكەوتەی زۆر نەرێنی بەهۆی ئەم هەڵوێستە بێنەدی.

دروستبوونی ئەو بۆچوون و هەڵوێستە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە وای دەسەلمێنێت،عێڕاق تائێستا نەیتوانیوە،سیستەمی بەرگریی خۆی كۆنترۆڵ بكات و تێكەڵیی نێوان سوپای فەرمی و میلیشیاكان و چەك كردنی ئەو میلیشیانە بكاتە (ئەمڕی واقیع)، بە ئەنجام نەدانی ئەو هەنگاوە گرنگەش كە مەرجێكی گرنگی ئەمەریكا بوو بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەتی دوای سوودانی و داننان بە پێكهاتەكەی (ئەگەرچی تائێستا تەواو نەكراوە)، دوور نییە جارێكی دیكە واشنتۆن بیانوو بە بەغدا بگرێت و سزای ئابووری و سیاسی و سەربازیشی بخاتە سەر و گڵۆپی سەوزیش بۆ ئەو وڵاتانە پێبكات بۆ لێدانی میلیشیاكان.

ئەوەی لەو دۆخەدا دەخوێندرێتەوە، ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ناكۆكیی نێوان عێڕاق و كەنداو، لە هەموو كات و قۆناغێك دا،پەیوەندییەكی پڕ لە گرفت و قەیران و ئاڵۆزی بووە و هیچ كاتێك شێوازی حوكمڕانی و سیستەمی حوكم نەبۆتە هۆكاری سەقامگیری ئەو پەیوەندییە یانیش پێچەوانەكەی، هەمیشەش لەچاوی وڵاتانی كەنداو، عێڕاق سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بووە بۆ سەقامگیریی سیاسییان، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی عێڕاق لە هەموو ئەو چالاكییە سیاسییە هاوبەشانە دوور ببێت كە ئەو وڵاتانە لەنێوان خۆیان دا ئەنجامی دەدەن و ئەگەر پێویستیشیان بەعێڕاقەوە هەبێت، بە چاودێریی ئەمەریكا پەیوەندیی لەگەڵ دەبەستن، بۆ زامنكردنی وەستاندنی هەر كاردانەوەیەكی نەرێنی.

مانەوەی عێڕاق لەو چوارچێوەیەدا، نەك هەر سوودی پێ ناگەیەنێت، بەڵكو دەبێتە هۆی دوورەپەرێزی و پەراوێزخستنی لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، بەو پێیەی كەنداو، چەقی بەرژەوەندیی بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهانە، بەڵام ئایا عێڕاق، درك بەم مەترسییە دەكات؟