خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- هەڵشۆ سرووشتێكی گەشتیاریی سەرنجڕاكێشی هەیە، شارەدێی هەڵشۆ تابڵێی ڕەنگین و جوانە، هاوینەهەوارێکی فێنک و ناوچەیەکی گەشتیاری و دڵڕفێنە، خاوەنی زیاتر لە 103 کەپری گەشتیاریە و جیا لەوەش چەندین دوکانی شیرنەمەنی و خواردنگە و یاری منداڵان و لاوانی تێدایە، لەگەڵ چەندین هەوارگەی گەشتیاری و شوێنی تایبەت بە ئاهەنگی بووک گواستنەوە و ڕۆژی لە دایکبوون و بۆنە تایبەتیەکان و چەندین جۆر یاری بۆ گەشتیاران، وەکو (جۆڵانە و چەرخ و فەلەک و خلێسکێنەو مەلەوانگەو ) ….هتد.

هەڵكەوتەی جوگرافیی هەڵشۆ
ناحیەی هەڵشۆ دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوەندی قەزای پشدەر کە شاری قەڵادزێیە، بەنزیکەی 7 کیلۆمەتر لەناوەندی شاری قەڵادزێ دوورە، دراوسێی قەزای سەردەشتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەریەک لە زنجیرە چیاکانی (بادینباڵ، بابرینج، هەرمێن، بڵفەت )دەوریان داوە، ئەم شارەدێ ڕەنگینە ئەگەرچی بە جوانی و دیمەنی سروشتی دڵڕفێن و دار و سەوزایی ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەی(30) ساڵ بە تەنیا ئاوی شیرینی خواردنەوەی هەموو شاری قەڵادزێی دابین دەکرد.

خزمەتگوزاریی رێگەوبان
ماوەی چەندین ساڵە خەڵکی ئەم ناحیەیە گلەیی و داواکاری دووبارەیان هەیە لە کەسانی باڵادەست و ناسراوی ئیداری ناحیەکە، هەروەها داواکاریان لە خەڵکە دەستڕۆیشتوو و خواپێداوی سنورەکە و کەسانی باڵای حیزبی و حکومی قەزای پشدەر و ئیدارەی ڕاپەڕین هەیە، کە خزمەتی ڕێگا و بان و جادە و بینا و شوێنە گشتییەکان بکرێت، بەس وەکو خۆیان دەڵێن لە ئێمە هەر داواو لە ئەوانیش تەنها بەسەرچاو بووە، بێ ئەوەی دارێک خرابێتە سەر بەردێک.

هاووڵاتیان و كەمیی خزمەتگوزاری
خەبات لە نزیکەوە خاوەن کەپری سەیرانگە و کەسانی شارەوانیی ناحیەکەی هێنایە قسە و دەربارەی خزمەت و پلانی شارەوانی بۆ کەرتی گەشتیاری لێدوانی لێوەرگرتن. یەکێک لەوانە هیوا قادر وسو بوو، کە خاوەنی کەپری گەشتیاریە و پێی گوتین: ئەم ناوچە دڵڕفێنەی ئێمە ئەگەر لە هەر کوێیەکی ئەو دونیایە بووایە بەشێوەیەک خزمەت دەکرا، کە داهاتی ئابووریی گەشتیاریەکەی 10 بەرانبەر ئەو خەرجیە دەبوو، کە لە ناحیەکەمان وەدەست دەکەوت، بەس خۆتان دەیبینن، جادەیەکی خۆڵ و پڕ ڕگڵە و بەرد و بەربەستە، ئەو گەشتیارەی جارێک ڕوومان تێبکات ئەوا تۆبە دەکات و بۆ جاری دووەم نایەتەوە، چونکە ئۆتۆمبێلەکەی لەو جادەیە وەها زیانی پێدەکەوێت، كە ناخۆشیی گەشتیارەكە دوو قاتی خۆشیەکەی دەبێت.

ئەگەرچی نرخی کەپر و شوێنەکانمان هەرزان و گونجاوە، هەمیش ناوچەکەمان فێنک و دڵگیرە، بەڵام وەکو باسم کرد، جادە و بانەکە وەها تەسک و بچووک و پڕ بەربەستە، وایکردووە، کە ڕێژەی گەشتیاران بۆ سەیرانگاکانمان ڕوو لە کەمبوونەوە بکەن.

ڕەنگە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە کەپرەکان گرفتی نەبوونی ئاویان هەبووبێت، بەڵام لەمساڵدا سوپاس بۆخوا ئەو گرفتەشمان نەما، بەڵکو تاکە گرفتێک کە ئەوساڵ هەمانە، نەبوونی ڕێگەیەکی فراوان و گونجاوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی گەشتیاران تووشی ڕووداوی هاتوچۆو کێشەی زۆری و قەڵەباڵغی و پاشاگەردانی ڕێڕەوی سەیرانگاکان نەبن.

داوا دەكەن ڕێگەكەیان بۆ چاك بكرێت
ئەحمەد مەلا محەمەد یەکێکە لە کەسە ناسراوەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای پشدەر تایبەت بە خەباتی گوت: ئەگەرچی سەیرانگەکانی ناحیەی هەڵشۆ جوان و ڕەنگینن، بەڵام ڕێگەی گەشتیاران ناخۆش و بێزارکەرە. ئێمە چەندین جارە پێشنیارو تێبینیمان داوەتە ئیدارەی ناحیەکە و تەنانەت خەڵکانی باڵادەستی قەزای پشدەریش، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ماوەی دوو ساڵە بەشێک لە ڕێگاکان کاریان تێدا دەکرێت لە نێو ناوەندی ناحیەکە، بەڵام ئەوەی تایبەت بە شوێنە گەشتیاریەکانە؛ بەداخەوە بەپێ پێیویست خزمەتی پێنەکراوە، بۆیە هیوادارم لە داهاتوودا ئەو گرفتەش چارەسەر بکرێت و ئەم شارەدێیە جوانە بە شێوەیەکی گەورە و فراوان پێشوازی لە گەشتیاران بکات.

ناتوانن باسی ڕێگەوبان بكەن
بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژنامەکەمان پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە سنوری ناحیەکە، بەڵام ئەوان بە بیانووی هەبوونی دەسەڵاتی ڕەها لە سنوری قەزای پشدەر و تایبەتیش ئەو ناوەندی لە نێو بینای سەرۆکایەتی شارەوانی قەڵادزێ دایە، بۆیە پێیان ڕاگەیاندین کە ئێمە ناتوانین لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدەین. شایانی باسە ناحیەی هەڵشۆ ماوەی نزیکەی(20) ساڵە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیار بە ناحیە بوونی بۆ دراوە، بەهۆی ئەوەی جگە لە گەورەیی سنوری ناحیەکە و جوانی و هاوینەهەواریەکەی؛ لە پێشتریشدا شوێنێکی ستراتیژی و گرنگ بووە لە هەموو شۆڕشە کوردیەکان و لە پێش هەمووشیانەوە شۆڕشی مەزنی ئەیلول، کە ئەم ناوچەیە چەق و لانکەی فیداکاری سەرکردایەتی شۆڕش و پێشمەرگەکانی کوردستان بووە.