
خهبات: حهمه ئهحمهد جاف:- خانمی شاعیرو نووسەرو ڕۆماننووس و وەرگێڕو ڕۆژنامەنووس ناوی تهواوی ( ڤینۆس فایەق نووری) ــهو له شاری سلێمانی (باشووری كوردستان) چاوی بۆ ژیان كردۆتهوه. نووسهرو شاعیرله ساڵی (1989 ) بڕوانامهی بهکهلۆریۆسی له بهشی (فهلسهفه) له كۆلێژی ئادابی زانکۆی بهغدا و لهساڵی 1988بڕوانامهی (زمانی ئینگلیزی) له پهیمانگای بهریتانی سهربه باڵیۆزخانهی بهریتانی لهبهغدا بهدهستهێناوه.. شاعیرو وهرگێڕ… ئهندامی بزووتنهوهی شاعیرانی جیهانیی و سهندیکای رۆژنامهنوسانی جیهانی ورێکخراوی رۆژنامهنوسانی پهنابهره له هۆڵهندا. شاعیرو نووسهر بهدهیان خهڵات و ڕێزلێنانی لهبواری ئهدهب و كاری مرۆیی و ڕێكخراوهیی وهرگرتووه. خانمی شاعیرو وهرگێڕ ، ماوهیهك بەڕێوەبەری بەشی پرۆگرامەکانی تەلەفزیۆنی (NRT) لە سلێمانی و بێژهری له تهلهفزیۆن و رادیۆی گهلی کوردستان و پهیامنێری رۆژنامهی(الاتحاد) بووه .. ههروهها لهساڵی 1993 ههتا 1996 یش وهکو نووسهر و رۆژنامهنوس له رۆژنامهی (المؤتمر) ئۆرگانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، كاریكردووه، خانمی شاعیرو نووسهرو وهرگێڕ (ڤینۆس فایەق) شیعر و وتاری ئهدهبی بهههردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسێت و بڵاویاندەکاتەوە، وەک وەرگێڕێک به خۆبەخشانە کار بۆ ڕێکخراوهكانی پەنابەران لە ھۆڵەندا دەکات.
• ڤینۆس فایەق لە كۆتایی تێكستهكهیدا بهناونیشانی (جاران کە ئەڕۆشتمەوە) پێماندهڵێت: جاران کە ئەڕۆشتمەوە
هەموو شتێکم بۆ غەریبیم ئەبردەوە، غەریبی لێرەدا شوێنێکە کە مرۆڤ بار و بنەی هەستی خۆی تێداخستووهو دهخات . هێشتا (من) بوونی هەیە، کە دەتوانێت شتێک هەڵگرێت و بیبات، بەڵام لە دێڕی دووەمدا هەموو ئەو تێگەیشتنە دەگۆڕێت:
بەڵام ئەمجارە کە ئەڕۆمەوە … هیـچم پێ نابرێتەوە
خوێنەر چاوەڕێی ئەوە دەکات شاعیر بڵێت: ماڵم نییە، یادەوەریم نییە، یان شتێکی لەدەستداوە. بەڵام لە دێڕی کۆتاییدا بە شۆکێکی فکری دەگاتە ڕاسته ڕێی ئهو مانایهی چاوهڕێی دهكهین:
چونکە خۆمم پێ نییە !!
ئەمە لە ئاستی ئەدەبییەوە زۆر گەورەترە لە لەدەستدانی ماڵ و نیشتمان. شاعیر كهدەڵێت: ئێستا تەنها شتەکانم وننەبوون؛ خۆشم له خۆم ونبووم.
واتە غوربەت و کۆچ و تێپەڕبوونی ساڵان له نێو یادهوهرییهكانی مرۆدا ئەوەندە کاریگەریی لێكردووه کە مرۆڤەکە هەستدەکات ئەو (من)ەی جاران نەماوە. ئەو کەسەی جاران هەبوو، ئەو ناسنامەیە، ئەو سادەییە، ئەو ئارەزووانە، لە شوێنێک لە نێوان ڕێگا و دووری و یادەوەریدا ونبوون.
لە ڕوانگەیەکی بوونگەرانەوە، ئەم دێڕە بریتییە لە تراژیدیای مرۆڤی سەردەم: مرۆڤێک کە زۆر شوێن گەڕاوە، بەڵام لە کۆتاییدا خۆی له خۆی ونبووه . بۆیە کاریگەری ئەم دێڕە لەوەدایە کە شاعیر ناڵێت: نیشتمانم ونبووە. بەڵکو دەڵێت: من ئەوەندە دوور کەوتوومەتەوە لە خۆم، کە کاتێک دەگەڕێمەوە، خۆشم لەگەڵ خۆم ناتوانم بگەڕێنمەوە.
ئەمەش لەوانەیە جوانترین و ئازاربەخشترین وێنەی غوربەت بێت؛ چونکە زامێکی نیشتمان هەروا چارەسەر دەکرێت، بەڵام زامی لەونبوونی (خوود) زۆر قووڵترە. من لێره زۆر ڕاشكاوانه دهڵێم : گەڕانەوە ئەو کاتە مانای هەیە کە هێشتا کەسێک هەبێت بگەڕێتەوە؛ بەڵام کاتێک خۆت ونبووبیت، گەڕانەوەش بێ مانا دەبێت! کۆچ و غوربەت و دووركهوتنهوه له نیشتیمانی زێد لەلای ( ڤینۆس) بۆتە ئەو تاریکییەی مرۆڤ تێیدا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. بۆیە غەریبی لە شیعری ڤینۆسدا گەڕانه بەدوای دۆزینهوهی (خۆ)دا، ئەو (خۆ)یەی لەنێوان ڕابردوو و ئێستادا ونبووە.
بۆیه من له مهفهومی ئهو شیعرهدا گهیشتوومهته ئهو حهقیقهتهی كه دهڵێم:
(خوێنەرانی ئەو تێكستهی ڤینۆس وا هەستدەکهن لەگەڵ شاعیر، نەک هەر شیعر، بەڵکو مێژووی مرۆڤێکی غەریب و دوورەوڵات دەخوێننەوە!!)
ئەمە ئاماژەیە بەوەی کە ئهو تێكستهی ڤینۆس تەنها کاری هونەری نییه، بەڵکو بەڵگەنامەی ژیانه. خوێنەر لەگەڵ هەر دێڕێکدا هەست بە دەنگی ژنێک، یان مرۆڤێک دەکات کە ڕێگایەکی دوورودرێژی لە ئازار و چاوەڕوانی و بیرکردنەوە لە نیشتمان بڕیوە. بۆیه ئهو تێكسته وادهبینم لە ئاستی جوانیی زمان تێدەپەڕێت و دەبێتە گێڕانەوەی چیرۆکی ژیان.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، غوربەت لە شیعری ڤینۆسدا شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو دۆخێکی بوونگەرانەیە. مرۆڤ لە هەموو شوێنێکدا دەتوانێت غەریب بێت؛ تەنانەت لە نێو شار و ماڵی خۆشیدا. بۆیە شاعیر غەریبی وەک چارەنووسێکی مرۆڤانە دەبینێت، نەک تەنها ئەزموونی غهریبێك !!
***
جاران کە ئەڕۆشتمەوە
تێكستی : ڤینۆس فایهق
ـــــــــــــــــــ
جاران کە ئەڕۆشتمەوە
چڵە ریحانەکەی ژێر چەنەی باجی عهتاو و
قاپێک خورماوڕۆنی پوره شیرین و
سیغارەکەی دەستی مام فەتاحم
قەت قەت بیر نەئەچوو.
بیرم نهدهچوو لووتم له بۆنی حێل و مێخهکهکهی
پووره مەنیج پڕپڕکهم.
***
جاران که ئهڕۆشتمهوه
کۆڵان بەکۆڵانی
گەڕەکی پیرمەسوور و مەڵکەنی و سابونکەران و
گەراجی دارە سوتاوەکە و
گەڕەکی شێخان و گاوران و ئەوانیتریشم
ئەنایە بەینی جلە قەدکراوهکانی ناو باوڵەکەم و
شوشەیەک پڕ پڕ
لە ئاوڕشێنی ھەیوان و حەوشەکان و
پریاسکەیەک
لێوانە لە تریفە مانگەشەوی سەربانی ھاوینان و
چەپکێ پێکەنینی پورە مەنیج و
سەبەتەیەک چرپەی سەرلەئێوارانی
خەرامان و دڵدارەکەیم ئەنایە سووچی جزدانەکەمەوە
***
جاران کە ئهڕۆشتمەوە
چنگێ گوڵبەڕۆژەی سەر سینیەکەی لوقمان و
پیاڵەیەک چای ،
دەستی کاک عومەری چایخانەی شەعبم
بۆ سەرھێشەی غەریبیم ھەر ئەبردەوە
***
جاران کە ئهڕۆشتمەوە
باوەشم بەیەک بەیەکی
درەختە سەوزەکانی سەرڕێی بەکرەجۆدا ئەکرد
جانتای ئارایشتەکەمم
لێوان لێو ئەکرد لە بۆنی چیمەن و
نێرگز و گوڵەبەیبوون
لێوم بە گوڵاڵە سوورە ئاڵ ئەکرد و
قەترەیەکیش بوایە
بۆنی گوڵەباغم لەبن گوێچکەم ھەڵئەگرت و
ماچی ھەموو شۆستەکان و
بەرھەیوانەکانی گەڕەکەکانی عەقاری و
رزگاری و بەختیاری و تووی مەلیکم ئەکرد
***
جاران بەر لەوەی بڕۆمەوە
سڵاوم لەھەموو کۆترەکان و
چۆلەکەکانی بەر گوێسوانەکەی
ماڵی خاڵم ئەکرد و
بە چوارباخیشا تێئەپەڕیم و
بۆ تاوێکیش بایە سەرم
بە کۆڵانەکەی پورە عاسیمەیا ئەکرد و
دانم بۆ مریشکە ھارەکان و جوجکەکانی ڕۆ ئەکرد و
دهستێکم بەسەری پشیلەکەی خاتوونی مامانا ئەھێنا.
***
جاران بەر لە رۆشتنەوەم
بیرم نەدەچوو سەر لە قوتابخانەی یەکێتیی و
نیشتیمان و ناوەندی خانزاد و
دواناوەندی فریشتەش بدەم و
بە ست مەلیحە و ست گوزیدە بڵێم
سڵاوتان لێبێت
بیرم نەدەچوو
لە ست نازەنینی وانەی جوگرافیا بپرسم
ھێشتا کوردستان لەسەر نەخشەی جیھان
لەھەمان جێگەدا
لە ویژدانما وەکو ئەستێرە ئەدرەوشێتەوەو
ئەچوومە لای ست مەیسەرە و
ست موژگانی زمانی ئینگلیزی و
ست پەیمان و ست گوڵاڵە و
مامۆستا جەمالی ماتماتیک
مامۆستا نەوزاد و ست دڵپاک و ست دڵگیر و
ست نەسرینی فیزیا و
ست پرشنگی کیمیاشم بیرنەدەچوو
***
کەچی ئێستا ئەڕۆمەوە
ئومێدێکی باغەیی کاڵبۆوەی
بەر ھەتاوی غەریبییەکی تر بەجێدێڵم
بەسەر داروپەردووی خەونێکی قەشەنگی
خەیاڵی چۆلەکەکانا ھەنگاو ئەنێم و
نیگای چاوی جادەوبانەکان
وەکو خوڕەی ئاو
لەبەینی پەنجەکانمەوە ئەترازێن
***
ئێستا کە ئەڕۆمەوە
رۆحم وا له پریاسکهکهی باجی ئاسکۆڵا جێدێڵم
نیگام وهکو ئاو ئهپڕژێته سهر نانێکی تیریی و
قهت قهت تێری لێناخۆم
ھەنگاوەکانم و …
ھەناسەبڕێکم بەدوای تاکسییەکا
بمباتەوە بۆ ماڵی کاکم
دەنگم بەجێدێڵم
کە بانگی ھاوکارەکانم پێدەکرد
بۆ تۆمارکردنی ئەڵقەیەکی تری بەرنامەکەم
***
بهرلهوهی بڕۆمهوه
کلەکەی چاوم بەجێدێڵم بەڵکو بیرم بکات و
نەھێڵێت بڕۆمەوە بۆ غەریبیی
سووراوەکەم جێدێڵم
بەڵکودامێنی کراسەکەم بگرێ و
سوێندم بدات ئەمشارە جێنەھێڵم
کتێبەکانم بەجێدێڵم
بەڵکو عەقڵم لێبشارنەوە و
نەزانم بڕۆمەوە
پیڵاوەکانم بەجێدێڵم
بەڵکو مان بگرن و..
دوعا لەم رۆشتنەوهم بکەن و
زوو بێمەوە
***
ئەمجارەیان ئەڕۆمەوە و ئەشزانم
تازە لەوێ نازانم ھەناسە بدەم
باش ئەزانم
ھەموو پارچەکانی جەستەمم پێ نییە
باش باش ئەزانم
نە چاومم پێیە و نە زمانم
نە دەستوپلم و نە تریقهی پێکەنین
***
زۆر باش بیرم دێ جاران کە ئەڕۆشتمەوە
ھەموو شتێکم بۆ غەریبیم ئەبردەوە
بۆ ئهوهی دادی غهریبیم بدهن
بهڵام
ئەمجارە ئەڕۆمەوە و ھیچم پێ نابرێتهوه
چونکه خۆمم پێ نییه !!
****
• ڤینۆس فایەقی شاعیر ، لەو دهقهدا تەنها باس له گەڕانەوە و ڕۆیشتن ناكات ، بەڵکو دۆکیومێنتێکی هەست و بیرە لەسەر (غوربهت و دوورهوڵاتی) كه له (ناسنامەو بیرەوەری غوربهت و دابڕان)دا خۆی دهبینێتهوه شاعیر لەم دەقەدا دوو کاتی جیاواز بەرامبەر یەکتر دادەنێت: (جاران و ئێستا). جاران کاتی تەواوبوونە، کاتی ئەوەی مرۆڤ خۆی هەیە، شوێنی هەیە، خەڵکی هەیە، بۆن و دەنگ و ڕەنگی ژیان هەیە. بەڵام ئیستا، هەموو ئەوانە وەک خەونێکی دوور ماونەتەوە و مرۆڤ بە جەستە دەڕوات، بەڵام ڕۆحی لەدوای خۆی جێدەهێڵێت.
شاعیر لە سەرەتای شیعرەکەدا بە وردی و جوانی، وێنەی ژیانی ڕۆژانەی گەڕەک و خێزان و هاوڕێ و شەقامەکان دروستدەکات. (چڵە ریحان وخورما و ڕۆن و بۆنی حێل و مێخەک و چایخانە و درەختەکان و چۆلەکەکان) ههر هەموویان تەنها شتگەلێکی ئاسایی نین، بەڵکوو پارچەیەکن لە ناسنامەی نهتهوهیی شاعیر. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو بیرەوەریانە زۆربەیان بە بۆن و دەنگ و دەستپێکردنی هەستەکان پەیوەستن؛ واتە شاعیر وڵات و شارەکەی تەنها بە بینین پێناس ناکات، بەڵکو بە هەناسە و هەست پێناس دەکات. لەبەر ئەوە غەریبی لای ئەو تەنها دووریی جوگرافی نییە، بەڵکو غوربهت و كۆچ و دابڕانی هەستە.
لە بەشێكی تری شیعرەکەدا، شاعیر بە شێوەیەکی زۆر مرۆڤانە پەیوەندی خۆی بە شوێنەکان و خەڵکەکانەوە پیشاندەدات. ناوی گەڕەک و قوتابخانە و مامۆستاکان بە وردی دێنێت. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە مرۆڤ لە یادەوەرییەکانیدا تەنها شوێن ناپارێزێت، بەڵکو مرۆڤەکان و دەنگەکانیشیان هەڵدەگرێت. کاتێک دەڵێت “ھێشتا کوردستان لەسەر نەخشەی جیھان لەھەمان جێگەدا لە ویژدانما وەکوو ئەستێرە ئەدرەوشێتەوە، شیعرەکە لە عیشقی کەسیی تێدەپەڕێت بۆ عیشقی نەتەوەیی. کوردستانیش لێرە تەنها خاک نییە، بەڵکوو بیرکردنەوەیەکی ناوخۆیی و ڕووناکییەکی دەروونییە کە لە ناخی شاعیردا دەدرەوشێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە نەخشەی سیاسییشدا بێت .. دوای ئەوە، لە (ئێستا) دا، هەموو شتێک دەگۆڕێت. ئەو مرۆڤەی جاران هەموو شتێکی بۆ غەریبی دەبرد، ئیستا تهنانهت خودی خۆشیی پێ نییە. ئەمە قووڵترین و دڵتەزێنترین دەستەواژەی شیعرەکەیە. غەریبیی له ناخی مرۆڤدا تەنها نیشتمان و ماڵ و کۆڵان ناتاسێنێ ، بەڵکو بە هێواشی (ناخ و خودی) مرۆڤیش لهگهڵ خۆی دەبات. شاعیر هەست بەوە دەکات پارچە پارچە بووە؛ چاو، زمان، پێکەنین، هەناسە… هەموویان لێی جیابوونەتەوە. لەبەر ئەوەیە دەڵێت : باش باش ئەزانم نە چاومم پێیە و نە زمانم”. واتە غەریبی مرۆڤی بێدەنگ و بێناسنامە دەکات.
لە کۆتایی شیعرەکەدا، شاعیر هەوڵدەدات هەر شتێک لە دوای خۆی جێبهێڵێت: کلەکەی چاوم، کتێبەکانم ، پیڵاوەکانم… ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی شتێک لە (ناخ و خود) لەم شوێنەدا بمێنێتەوە و ببێتە بەندێک بۆ گەڕانەوە. بەڵام دواجار دەگاتە ئەو دەرئەنجامە تاڵەی کە دهڵێت : (هیچم پێ نابرێتەوە چونکە خۆمم پێ نییە !! ) لێرەدا غەریبیی بۆته دۆخێکی ههبوونی خود، نەک تەنها شوێنێکی دوور.
خوێنەر بۆنی چا و حێل لهو دهقه جوانهی شاعیردا هەست پێدەکات، دەنگی چۆلەکە و چرپەی ئێواران دەبیستێت، و هەست بە ساردیی غەریبی دەکات. ئەمە هۆکاری ئەوەیە شیعرەکە تەنها خوێندنەوەی وشە نییە، بەڵکو ژیان و ونبوون و هەستێکی وروژاووی شاعیر خۆیهتی .
دهقی (جاران کە ئەڕۆشتمەوە) شیعرێکە لەسەر مرۆڤێک کە له هەموو بوونیدا بە شوێن و خەڵک و بیرەوەرییەکانی پەیوەست بووە، بەڵام غوربهت و دووره وڵاتی لە خۆی دوور خستۆتهوه. ئەوەی شاعیر له شیعرەکەدا دەیڵێت : ئەوەیە کە مرۆڤ کاتێک زۆر دوور دەکەوێتەوە ، ڕەنگە دواجار خۆشی له خۆیدا ون بکات.
بە گشتی، ئەم شیعرەی ڤینۆس فایەق دەقێکی زۆر قووڵە لەسەر غەریبیی و ونبوون!!. هاوكات خانمی شاعیر لەگەڵ هەموو دڵتەنگی و تاریکییەکدا، هێشتا باوەڕی بە میهرەبانیی و خۆشەویستی هەیە، و ئەو باوەڕە دەکاتە چرایەک بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و ململانێ لهگهڵ سرووشت و غوربهت و دووریدا.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
• زمان ومێژوو و جیۆپۆلهتیكی شوێن
له شیعری ڤینۆس فایهقدا :
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
زمانی شیعرەکە زۆر سادە و خۆماڵییە، بەڵام هەر لەو سادەییەدا قووڵییەکی گەورە هەیە. چونكه شاعیر بە شێوەیەکی سینەمایی وێنە دروستدەکات؛ واته زمان لهو دهقهدا تەنها ئامرازێکی گواستنەوەی بیر نییە، بەڵکو خودماڵێکی دوورکەوتهی غهریب و دووروڵاته .. لێره شاعیر هەوڵدەدات لە ڕێگای وشەکانەوە دووبارە ئهو ماڵه دووره دهسته دروست بکاتەوە. لەم شیعرەدا، زمان بۆته شوێنی نیشتەجێبوونی بیرەوەری و غوربهت و كۆچ و ونبوون. بۆیە خوێنەر کاتێک ئەم دەقانە دەخوێنێتەوە، هەست ناکات تەنها شیعر دەخوێنێتەوە، بەڵکوگوێ لە دەنگی مرۆڤێک دەگرێت کە لەنێوان نیشتمان و غەریبی، لەنێوان ڕابردوو و ئێستا، و لەنێوان خود و ونبوونی خۆیدا ماوەتەوە.
زمانی شیعریی ڤینۆس فایەق زۆر نزیکە لە زمانی ژیانی ڕۆژانە، بەڵام لەناو ئەو سادەییەدا شاعیرییەکی قووڵ هەیە. ئەو.. وشەی قورس و ئاڵۆز بەکارناهێنێت، بەڵکو لە بۆنی (چڵە ڕێحان و خورما و ڕۆن و چایخانە و درەخت و کۆڵان و پشیلهو دهنگی لایلایهی دایک و دەنگی باوکەوە جیهانێکی تەواو دروستدەکات. ههڵبهتا ئەم زمانەی ڤینۆس شیعری پێدهنووسێت ، زمانی گێڕانهوهو بیرەوەرییە؛ واتە وشەکان وەک وێنەیەک لە هەست و بۆن و دەنگ و ڕەنگدا خۆیان دهنوێنن !! لێرهدا شاعیر نایەوێت تەنها شتێک بڵێت، بەڵکو دەیەوێت شتێك له خهیاڵ وهزرو ئاوهزی مرۆدا بورووژێنێت و خوێنەر لهو شتەدا ماڵی بكات.
زمان له و دهقهدا، وێنەسازیی شاعیر زۆر هەستیارە. شوێنەکان ناویان هەیە، کەسەکان دەنگیان هەیە، تەنها (شار) و نیشتمانهكهی بێ دهنگ و بێ پهیكه ، كهئهویش خۆی له گەڕەکهكانی ( پیرمەسوور و سابونکەران و شێخان و عەقاری و رزگاری و بەختیاری) دهبینێتهوه. كهئەمە له خۆیدا مانایەکی قووڵی هەیە؛ چونکە مرۆڤی غەریب ههموو شوێنەکان یاد ناکاتهوه، بەڵکو زۆر ورد یادیان دەکاتەوە، چونکە ئەووردییهی شاعیر دەبێته پەناگەی ناسنامە. بۆیە زمان لای ڤینۆس، زمانێکی دۆکیومێنتکردنی ژیانە؛ ژیانی شارێک، ژیانی خێزانێک، ژیانی گەلێک.
غوربەت و جیۆپۆلهتیكی شوێن لە شیعرەکانی ڤینۆسدا وهك شوێن تەنها دووری لە وڵات نییە، بەڵکو كۆچ و دابڕانە لە خود . ئهوهتا خانمی شاعیر لەشیعری ( جاران کە ئەڕۆشتمەوە) دا پێماندەڵێت: هیچم پێ نابرێتەوە چونکە خۆمم پێ نییە !! ئەم دوابهیتهشیعرهی شاعیر فەلسەفەی كۆچ و غوربهت و غەریبییە. مرۆڤ کاتێک لە زێد و ناسنامە و زمانی خۆی دوور دەکەوێتەوە، بە هێواشی هەست بەوە دەکات کە خودی خۆشی لێونبووه!! بۆیە شاعیر لە شیعرەکەدا، پێماندهڵێت : ڕۆیشتن تەنها گواستنەوەی جەستە نییە، بەڵکو پارچە پارچەبوونی ڕۆحە.
مێژووی كۆچ و غەریبیی لە ئەدەبی کوردیدا مێژوویەکی قورس و درێژە. گەلێک لە شاعیرانی کورد بەهۆی شەڕ، ڕاوەدوونان، كۆچ و دەربەدەری و نەبوونی ئارامیی، ژیانیان لەنێوان مانەوە و ڕۆیشتندا بووە. لەبەر ئەوە، غەریبی بۆتە بابەتێکی سەرەکی لە شیعری کوردیدا. بەڵام جیاوازی شیعری ڤینۆس ئەوەیە کە غەریبی بە زمانێکی زۆر ژنانه و هەستیار دەنووسێت. هاوكات غەریبیی وەک سۆزوجوانیی فرمێسك دەنووسێت. لە شیعرەکانی ئەودا، غەریبی لە بۆنی جلەکەی دایکیدا دەردەکەوێت، لە تەلەفۆنێکدا کە زەنگی بۆ ناکرێت، لە دەنگی باوکێکدا کە تەنها لە خەوندا ماوەتەوە.
هەروەها زمانی ڤینۆس پڕە لە پاردۆكسی دژ ؛ خۆر و ڕەشەبا، ئومێد و دڵتەنگی، خۆشەویستی و مردن، نیشتمان و كۆچ و غهریبیی. ئەم دژیانه ناوەڕۆکی دەروونیی شاعیر پیشاندەدەن. ئەو هەمیشە لەنێوان دوو جیهاندا دەژی: جیهانی بیرەوەرییەکی جارانی جوان و جیهانی ئێستایەکی سارد و دووروغهریب . بۆیە زمانی شیعریی ئەو، زمانێکی ئارام و هەناسەبڕکێشە؛ وەک کەسێک کە بە هێواشی قسە دەکات، بەڵام لە ناوەوەدا تووشی زریانێکی گەورەی هەست بووە.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین : شیعری ڤینۆس فایەق شیعری (گەڕانه بەدوای ماڵ و زێدو نیشتیمانێك بۆ پشووه ههناسهشیعرییهكانی ژیان ؛ كه دهمێكه لێی ونبووه !! نیشتیمانێك نەک تەنها ماڵێكی جوگرافی، بەڵکو ماڵێكی ڕۆحیی. هاوكات زمان لەو دهقه شیعرییهی ئەودا بۆتە پهناو نوایهك بۆ پاراستن و ئهرشیفكردنی بیرەوەری و ناسنامە !! ههڵبهتا كۆچ و سهفهرو غەریبیی و غوربهت لهڤینۆسدا بۆتە ئەو تاریکییەی مرۆڤ تێیدا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. بۆیە خوێنەری ئهو شیعرهی ڤینۆس وا هەستدەکات لەگەڵ شاعیر، نەك ههر شیعر، بەڵکو مێژووی مرۆڤێكی غهریب و دووره وڵات دەخوێنێتەوە.
***
• بهشێك له بهرههمه چاپكراوهكانی ڤینۆس فایهق :
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
• رۆمانی (سیرة وجع) بە زمانی عەرەبی، بەغدا، دار قەنادیل 2026.
• (شەوانەیادەکانی ئەڤین)، وەرگێڕانی رۆمانی (لیلیات رمادة)ی واجینی ئەلئەعرەج ە بۆ زمانی کوردی. سلێمانی 2024
• (ابعاد اللامسافة) بە زمانی عەرەبی، بەرلین، 2022 دار الدراویش للترجمة و النشر.
• کۆمەڵە شیعرێک بە زمانی کوردی بە ناونیشانی (ژنێک لە مندا) . سلێمانی 2018.
• دیوانێکی شیعر بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (سارزق برجل من ضلعي الایمن).. بەغدا. 2015..
• دیوانێکی شیعری بە زمانی عەرەبی بە ناوی (اتجاهات العشق الاربعة) لە لوبنان چاپ بوە، 2013.
• دیوانێکی شیعری بە زمانی کوردی بەناوی (ئاخەرین سامورای) لە لوبنان چاپ بوە، 2013.
• کۆمهڵه شیعرێک به زمانی کوردی، به ناوی (گوناهه جوانهکان) له هۆڵهندا ساڵی 2001.
• کۆمهڵه شیعرێک به زمانی عهرهبی بهناوی(طلاء الآظافر)(بۆیهی نینۆک) له دهزگای (الحضارة للنشر) له قاهیره/میسر 2008 چاپکراوه.
• کۆمەڵەشیعرێکی عەرەبی وەرگێڕدراو بۆ زمانی ئیسپانی لەلایەن وەرگێڕی جەزائیری موسا بەلعید، بەناونیشانی(El restovendrá) (ماویەتی…) لە جەزائیر 2018.
• کۆمەڵەشیعرێکی عەرەبی شاعیر وەرگێڕدراو بۆ زمانی فەرەنسی، لەلایەن (عەبدولرەحمان مزیانی) بە ناونیشانی(Le ResteVendra) (ماویەتی…)، لە جەزائیر 2018.
• کۆمهڵه شیعرێک به زاراوهی کرمانجی باکوور بهناوی (گوناهه جوانهکان) له ئهستهنبوول له تورکیا ساڵی 2007 چاپکراوه. وەرگێڕانی (دڵشا یوسف)..
• دیوانێکی هاوبهش به زمانی هۆڵهندی لهگهڵ چهند شاعیرێکی تری عیراقی بهناوی Dwaallicht (پرشنگ) ساڵی 2006 چاپکراوه، هۆڵەندا.
• دیوانێکی هاوبهش لهگهڵ جهند شاعیرێکی عیراقی به ههردوو زمانی هۆڵهندی و عهرهبی بهناوی (علامات) 2003 چاپکراوه، هۆڵەندا.
• دیوانێکی هاوبهش لهگهڵ جهند شاعیرێکی عیراقی به ههردوو زمانی هۆڵهندی و عهرهبی بهناوی (چهند شاعیرێکی عێراقی له هۆڵهندا) 2002 چاپکراوه، هۆڵەندا.
• دیوانێکی شیعری شاعیری جەزائیری عەبدولرەزاق بوکوبە، وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە بۆ کوردی، بەناونیشانی (بێزوو)، لە چاپخانەی (کارۆ) لە سلێمانی، 2018.
• وهرگێڕانی نامیلکهیهک لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبیەوە بۆ زمانی کوردی بهناونیشانی (ئارتیکڵی 19ی ههڵمهتی جیهانی بۆ ئازادی رادهربڕین- ئازادی دهستکهوتنی زانیاریهکان و رۆژنامهگهری بهدواداچوون)، لهسلێمانی. 2008.
• نامیلکهیهکی شیعری ناسری حیسامی، وهرگێڕانی له زمانی کوردیهوه بۆ زمانی هۆڵهندی 2001.
• رۆمانێک بە زمانی کوردی بە ناوی (نزا ئەستێرە) 2020 سلێمانی/ چاپخانەی کارۆ..
• رۆمانێک بە زمانی کوردی بە ناونیشانی (تاقانەترین کچی خودا)، دەزگای جەمال عیرفان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سلێمانی2015.
• کتێبێک به زمانی کوردی بهناونیشانی (چهمکی چاکسازی له کوردستان و ریفۆرمی باڵی ریفۆرم) ئهپریلی 2008 چاپکراوه، دەزگای سەردەم لە سلێمانی.
• وەرگێڕانی هەردوو نامیلکەی “چۆن بە 100 رۆژ رۆمانێک دەنوسیت- جۆن کوین”، و”22 ئامۆژگاری بۆ نوسینی رۆمان- ستیڤن کینگ” وچاپکردنی لە دوو توێی یەک کتێبدا بە ناونیشانی “رێنماییەکانی جۆن کوین وئامۆژگارییەکانی ستیڤن کینگ بۆ نووسینی رۆمان”.
• بەشداریکردن لە ئامادەکردنی کتێبی (اصوات شعریة کوردیة، ثلاثون شاعرا في تجارب معاصرة) کە لەسەر خەرجیی رۆژنامەی (الزمان)ی لەندەنی لە عێراق 2021 چاپکرا.
سهرچاوهكان :
• خۆم و ئهستێرهگهشهكان / بهرگی شهشهم / نهجمهدین عهزیز سمایل / ههولێر 2023
• ئهكاونتی فهیسبووكی خانمی شاعیر .
• ههندێك زانیاری له شاعیر خۆی وهرگیراوه .
• كوردیپێدیا .
