سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، لە چل و سێیەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی بارزانییەکاندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە. تێیدا جەختی لەسەر ئەرکی دەستووریی بەغدا کردەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان، و داوای پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکانی کرد.

دەقی پەیامەکەیەى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان:

ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە کۆمەڵکوژی و جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە.

لەم یادە خەمناکەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و گشت شەهید و ئەنفالکراوەکانی کوردستان لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال دەکەینەوە. پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو ئەو جوامێرانە هەیە کە لەو ڕۆژگارە سەختانەدا، یارمەتی و هاوکاریی کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییە ئەنفالکراوەکانیان کرد.

لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە.

هەروەک پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی کوردستان، قوربانییەکی زۆر و بێوێنەی لەپێناو مافە ڕەواکانی داوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نابێت و بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ دەکات.

لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییان، سڵاو لە گیانی پاکی گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

31ی تەمموزی 2026