خەبات: عەلی بانیشاری:- لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیان شوێنی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆك نۆژەنكراونەتەوە و شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگاكە بوژاندنەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە. بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆك دەڵێت: لە سەنتەری قەزای ئامێدی دەستمان بە نۆژەنكردنەوەی شەش شوێنی شوێنەواری گرنگ كردووە و لە داهاتوودا ئەو شوێنانە لەڕووی گەشتیارییەوە سوودیان لێ دەبینرێت. بێكەس بریفكانی دەشڵێت: بەهۆی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەوە هەلیكاری بۆ دەیان هاووڵاتی سنوورەكە ڕەخساوە.

بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە سەنتەری قەزای ئامێدی شەش شوێنی شوێنەواری گرنگ نۆژەندەكرێنەوە. گوتیشی: دەزگای ئەلیف فاوندەیشن بە بڕی یەك ملیۆن و 437 هەزار یۆرۆ و بە پاڵپیشتی كونسوڵخانەی فەڕەنسا و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك هەریەكە لە شوێنە شوێنەوارییەكانی خوێندگەی قوبەهان، گۆڕستانی میرەكان، منارە و مزگەوتی گەورەی ئامێدی، گۆڕی پیرحەزان، كورا سیریجێ، كەنیسەی كلدانی لە قەزای ئامێدی نۆژەندەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، جێبەجێكاری پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەكە پێكهاتوون لە (ڕێكخراوی ئێكسپێرتیس فرانس، كۆمپانیای ئاراری لوبنانی-فەڕەنسی، رێكخراوی سیێدێلی فەڕەنسی). بێكەس بریفكانی باسیلەوەشكرد، پێش ئەوەی دەست بە پڕۆژەكە بكرێت هۆشیاری شوێنەواری لە قەزای ئامێدی بڵاوكراوەتەوە و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەن و دانیشتووانی ئامێدی كراوە و ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی سنوورەكە بەشداریان پێكراوە لە خولی چۆنییەتی شكاندنی بەرد و لابردنی نوسین و گژوكیا لەسەر شوێنە شوێنەوارییەكان.

بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك دەڵێت: پڕۆژەكە جگەلە نۆژەنكردنەوە، هەڵكۆڵینی شوێنەواریش بەشێكی گرنگی پڕۆژەكەیە و لەو چوارچێوەیەدا سێ لە شوێنە شوێنەوارییەكان هەڵكۆڵینیان بۆ دەكرێت كە ئەوانیش پێكدێن لە (گۆڕی پیرحەزان، گۆڕستانی میرەكان، خوێندگەی قوبەهان).

دەشڵێت: لە پڕۆژەكە هەلیكاری زۆر بۆ دانیشتووانی ناوچەكە ڕەخساوە و ئەگەر تەواوی پڕۆژەكان پێكەوە كاریان تێدا بكرێت ڕۆژانە 50 كەس هەلیكاریان بۆ دەڕەخسێت. زیاتر گوتی: بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك پلانی هەیە ئەو شەش شوێنە شوێنەوارییەی كە لە سەنتەری قەزای ئامێدی نۆژەندەكرێنەوە، بكرێنە شوێنێكی گرنگی گەشتیاریی، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك، دوو هەزار و 815 ناوچەی شوێنەواری تۆماركراو لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 200 شوێنیان كەوتوونەتە سنووری قەزای ئامێدی، جگەلە لە پاڵپشتی رێكخراوە بیانییەكان بۆ كەرتی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكمجار لە كابینەی نۆ ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دیناری بۆ پەرەپێدان بە كەرتی شوێنەوار تەرخانكرد، بەو بودجەیە تاوەكو ئێستا دەیان شوێنی شوێنەوار و كەلەپووری لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان نۆژەنكراونەتەوە و پارێزراون.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە شەش هەزار ناوچەی شوێنەواری لە باشووری كوردستان هەن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار دەڵێت: بەشێك لە شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكان لە ناوچە جیاجیاكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و پاراستنە.