ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ساڵی 2003 به‌سه‌رپه‌رشتی بێرت کۆرنیلی و هانس دێکلێرک، له شاری ئه‌مستردام كتێبی (لەسێبەری سەدامدا: ئەزموونی کوردی لە عێراقدا) به زمانی هۆله‌ندی بڵاوكراوه، كه جگه له‌و دوو نووسه‌ره، چه‌ندان نووسه‌ری دیكه‌ی شاره‌زا به‌شدارییان تێدا كردووه، له‌وانه لودۆ دی برابانده‌ر، میشیل لیزنبێرگ، پاوڵ ڤاند باڤیێری. له‌و كتێبه‌دا كه نووسه‌ر وشاعیر و وه‌رگێڕی ناودار (خالید مه‌جید فه‌ره‌ج) له زمانی هۆڵه‌ندی وه‌ریگڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌كه‌وێته به‌ر دیدی خوێنه‌ر، بە شێوەی ورد و شیکاری، لایەنە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و که‌لتوری کوردی باشوور، به‌تایبه‌تی له ده ساڵی دوایی سه‌ده‌ی رابردوو خراوه‌ته‌ڕوو. له‌گه‌ڵ وتاره‌كان چه‌ندان نه‌خشه و وێنه‌ی فۆتۆییش ده‌بینرێن.
ناوه‌رۆكی ئه‌و كتێبه له رووی مێژووییه‌وه له سه‌رده‌مه كۆنه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و كاته‌ی كورد له گێژاوی ململانێی عوسمانی و فارسی‌دا بوو باس كراوه، دواتر ئاماژه به گۆڕانه‌كانی دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان و دابه‌شكارییه نوێیه‌كانی خاكی كوردستان و بارودۆخی كورد لە حكوومه‌تی عێراقدا دراوه، هه‌ر له سەردەمی دەسەڵاتی بەریتانی تا دەسەڵاتی سەدام حوسێن و جه‌نگه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی و ره‌فتاری شۆڤێنیانه‌ی به‌رامبه‌ر به كورد، له‌وانه کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و پڕۆسه‌كانی ئەنفال. له‌به‌رامبه‌ریشدا باسی شۆڕشه‌كانی كورد، وه‌كوو به‌رپه‌چدانه‌وه و ده‌ره‌نجامه‌كانیشی وه‌كوو رێكه‌وتن و دانووسان كراوه. پاشان به‌وردی تاوتۆی راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه و كۆچڕه‌وی ملیۆنی و هه‌ڵوێستی جیهان له ئاستیدا كراوه.
ئینجا بارودۆخی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم و رۆڵی سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كانی توركی و ئێرانی و داواكارییه‌كانیان له‌رامبه‌ریدا خراوه‌ته ڕوو. ئه‌مه‌و له زۆر شوێنیش په‌رده له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كانی ناوخۆی كوردی هه‌ڵماڵدراوه. حاڵی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و ته‌نانه‌ت شڕۆڤه‌ی دۆخی حوكمڕانی عێراقی ئه‌وسا و هه‌ڵوێستی وڵاتان، به‌تایبه‌تیش ئه‌مه‌ریكا له ئاستیدا كراوه كه ئه‌ویان به‌پاساوی چەکی کۆمەڵکوژ، هه‌ڵبژارده‌ی لابردنی سه‌ددامی به‌لاوه دروست بوو.
له‌گه‌ڵ هه‌موو قه‌یرانه سیاسی و ئابوورییه‌كان، به‌تایبه‌تیش گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان كه كاریگه‌ری زۆر سه‌ختییان به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی و بازاڕدا هێنابوو، له‌و به‌رهه‌مه ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی به‌نرخ له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌هریمه‌نه‌كه‌ی ئه‌وسا دانراوه. شایانی باسه بێرت کۆرنیلی شاره‌زا له سۆسیۆلۆژیای زمان، به هاوبه‌شی پاوڵ ڤاندن باڤیێری رۆژنامه‌نووس، سه‌باره‌ت به كورد ساڵی 2001 به زمانی هۆله‌ندی كتێبی (کورد لە نێوان ئەوروپا و تورکیا) یان بڵاوكردۆته‌وه.