دیپلۆماسییەتی کوردستان و دروستکردنی هەژموون

169

شەریف عەلی
دیپلۆماسییەتی کوردستان لە ساتەوەختی ئێستایدا زیاتر لە ئاگرێک دەچێت کە دانامركێتەوە؛ لە ناوەندێکی سیاسیی ئاڵۆزدا دەجووڵێتەوە و سەرلەنوێ ئامادەیی هەرێم لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەڕێژێتەوە. ئەم چالاکییە بەرەو هەڵکشانە، ناتوانرێت وەکوو زنجیرەیەک پەرچەکرداری کاتی لێک بدرێتەوە، بەڵکو وەک پەڕینەوە بۆ قۆناغێکی نوێ لە کردەی سیاسیی دەرەکی سەیر دەکرێت، کە تێیدا هەرێم هەوڵ دەدات پێگەی خۆی وەک ئەکتەرێکی نیمچە دەوڵەتی کە خاوەنی شەرعییەتی وەزیفی، توانای مانۆڕدان و تۆڕێکی پەیوەندییەکانە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق، جێگیر بکات.

گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان (لە ئاڵۆزییەکانی دۆخی سوریاوە تا تەقینەوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا، لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران-ئەمه‌ریکا تا جێگیربوونەوەی سەرلەنوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە دەرکەوتنی ڕۆڵی نوێی وڵاتانی کەنداوەوە تا لاوازی و شڵەژاوەیی دۆخی ناوخۆیی عێراق) هەرێمیان ئاڕاستە کردووە بەرەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ستراتیژی دیپلۆماسیی خۆی، بەجۆرێک کە پاراستنی بەرژەوەندییە ژیارییەکانی مسۆگەر بکات.

لەو کۆنتێکست و سۆنگەیەدا، دیپلۆماسییەتی کوردستان سیمایەکی فرەمەودا و فرەڕێڕەو بەخۆیەوە دەگرێت؛ ئاوێتەیەکە لە نێوان کەناڵە فەرمییەکاندا کە دامەزراوەکانی هەرێم ڕابەرایەتیی دەکەن ( کە خۆی لە سەردانە یەک لە دوا یەکەکانی ڕێبەری کوردستانی مسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ پایتەختەکانی بڕیاری نێودەوڵەتی دەبینێتەوە، سەردانیگەلێک کە ڕەنگدانەوەی پەرۆشیی سەرکردایەتییە بۆ جێگیرکردنی ئامادەییی هەرێم لە ناوەندەکانی بڕیاری نێودەوڵەتیدا) و کەناڵە حزبییەکان کە پشت بە کەلەپوورێکی دوورودرێژی پەیوەندییەکان دەبەستن.

هەروەها ئەمڕۆ دیپلۆماسیی ئابووری وەکوو یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی جووڵەی کوردستانی دەردەکەوێت، چونکە دۆسیەی وزە تەوەرێکی سەرەکییە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوروپا، کەنداو و وڵاتانی دراوسێدا. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی جەیهانەوە و بەدواداچوونی ڕێڕەوە ئەگەرییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی سووریاوە، بە مەرجێکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت بۆ سەقامگیریی دارایی هەرێم و توانای پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارە سیاسییەکانی.

جگە لەوەش، هەرێم هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی وەبەرهێنان هەمەجۆر بکات لە ڕێگەی ڕاکێشانی سەرمایەی کەنداو و ئەوروپاوە، تا بەوەش کاریگەریی گوشارەکانی حکوومەتی فیدراڵ کەم بكاتەوە و توانای هەرێم بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی نەرمتر لە بەرامبەر گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا بەهێزتر بکات.

دیپلۆماسیی ئاسایشیش شاراوە نییە، کە پشت بە ڕۆڵی پێشمەرگە دەبەستێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ یەکخستن، گەشەپێدان و پاراستنی ئەم هێزە کاریگەرە وەکوو بەشێک لە پێناسی میللەتی کورد. دوا هەنگاو کە سەرکردایەتیی هەرێم لەم ئاڕاستەیەدا ناویەتی، سپاردنی ئەم ئەرکەیە بە سیاسیی و دیپلۆماتکاری دیاری کوردستانی بەڕێز هۆشیار زێباری و جووڵە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی.

ئەم فرەیییە نەرمیگەرییەکی بەرز بە هەرێم دەبەخشێت لە جووڵەکانیدا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاڵنگاریی پەیوەست بە یەکخستنی پەیامەکان و ڕێکخستنی هاوسەنگییە ناوخۆییەکان دەسەپێنێت، بەتایبەت لە سایەی دوورکەوتنەوەی هەندێک لایەنی کوردستانی بەرەو ئاڕاستەیەک کە خزمەت بە پرسی گشتیی کوردستان ناکات.

ژینگەی هەرێمی بەشدار بووە لە پاڵنانی هەرێم بەرەو چالاکییەکی دیپلۆماسیی چڕ. گرژییە ڕوو لە زیادبووەکانی ناوچەکە، کوردستانیان خستووەتە پێگەیەکی هەستیارەوە کە پێویستی بە ئامادەییی سیاسیی بەردەوام هەیە تاوەکو لە ڕێکخستنەوەکانی قۆناغی دوای قەیرانەکاندا پەراوێز نەخەرێت. هەروەها پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ بەغدا—کە بە بەکارهێنانی دۆسیە دارایی و ئاسایشییەکان وەکوو کارتی گوشار تایبەتمەندە—هەرێمییەکان هان دەدات بۆ هەمەجۆرکردنی بژاردە دیپلۆماسییەکانی، چ لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن یان فراوانکردنی شەراکەت لەگەڵ ئەوروپا و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڤاتیکان و کەنداو.

لە هەمان کاتدا، هێزە نێودەوڵەتییەکان درکیان بەوە کردووە کە هەرێم ناوچەیەکی سەقامگیریی ڕێژەیییە لە عێراق و ناوچەکەدا، هاوبەشێکی جێی متمانەی فکری و سەربازییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، و دەروازەیەکی ئابوورییە بەرەو تورکیا و عێراق، ئەمەش دیپلۆماسیی کوردستانی کردووەتە بەشێک لە تۆڕی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییە فراوانەکان.

لەسەر ئاستی کرداری، چالاکیی دیپلۆماسیی کوردستان لەم دواییانەدا چەندین شێوازی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە. پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زەبرێکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینی، کە خۆی لە کۆبوونەوە چڕەکاندا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسدا بڕییەوە، لەگەڵ هێنانەئارای دۆسییەکانی پەیوەست بە پاراستنی هەرێم لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی جەیهانەوە، کردنەوەی کەناڵە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵ حکومەتی قۆناغی گواستنەوە (ئینتیقالی) لە دیمەشق و بەهێزکردنی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا.

سەبارەت بە ڕێڕەوی ئەوروپی، بە سەردانی فەرمی بۆ بەرلین، پاریس، لەندەن و ڕۆما جیابووەوە، کە تەرکیزیان لەسەر دۆسیەکانی وزە، وەبەرهێنان و پشتیوانیکردنی سەقامگیری بوو، لە کاتێکدا ئەوروپا دەبینێت کە هەرێم دەتوانێت هاوبەشێکی ئابووری و ئاسایشیی گرنگ بێت. لە کەنداویش، هەرێم ڕووی کردە بنیاتنانی شەراکەتی ئابووری و سیاسیی نوێ لەگەڵ ئیمارات و سعودییە، بە ئامانجی ڕاکێشانی وەبەرهێنان و قەرەبووکردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییەی لە ئەنجامی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت دروست بووە.

ئەم جووڵانە لە سەر ئەرزی واقیعدا دەستیان بە ڕەنگدانەوەی کرداری کردووە؛ کۆبوونەوە چڕەکان لەگەڵ واشنتن بەشدار بوون لە جێگیرکردنی ئامادەییی هەرێم لە ناو بازنەکانی بڕیاری ئەمه‌ریکادا، و پاڵنانیان بەرەو بڕیار و تێڕوانینی هاوسەنگتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان، جگه لە کردنەوەی کەناڵی نوێ بۆ دیالۆگی ئاسایشی و سەربازی.

هەروەها سەردانە ئەوروپی و کەنداوییەکان ڕەنگیان دایەوە لە بەگەڕخستنەوەی دۆسیەکانی وەبەرهێنان و وزە، و ڕەخساندنی ژینگەیەکی دانوستانکاری نەرمتر لەگەڵ بەغدادا، ئەمەش پەراوێزێکی زیاتری مانۆڕدانی بە هەرێم بەخشی لە ساتەوەختێکی هەرێمیی ڕادەبەدەر ئاڵۆزدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم چالاکییە دیپلۆماسییە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی بونیادی (بنیوی) دەبێتەوە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.

دوورکەوتنەوەی هەندێک هێزی سیاسیی کوردی لە بەرپرسیارێتییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانیان و هاوئاوازبوونیان لەگەڵ لایەنێکدا کە سەقامگیریی هەرێم بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەبینن، ڕاستەوخۆ ڕەنگ دەداتەوە لەسەر یەکپارچەییی وتاری دیپلۆماسی و توانای دانوستانکاریی هەرێم.

هەروەها گوشاری بەردەوامی ئێران، هەرێم دەخاتە پێگەیەکی هەستیارەوە لە نێوان پێویستی بە پاراستنی ئەمریکی و پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ تاراندا. ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی لەگەڵ بەغداش وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە توانای مانۆڕدانی هەرێمدا دەمێننەوە، بەتایبەت لە سایەی بەکارهێنانی دۆسیە دارایی و ئاسایشییەکان وەک ئامرازی گوشار لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە. لە پاڵ ئەمانەشدا، ناپێگیری و لاوازیی ژینگەی هەرێمی وادەکات دیپلۆماسییەتی کوردستان لە دەوروبەرێکی ناسەقامگیردا کار بکات، کە هەر جۆرە ئاڵۆزبوونێکی دۆخەکە دەتوانێت هەرێم بخاتە ناو جەرگەی زریانەکەوە.

پاشەڕۆژی دیپلۆماسییەتی کوردستان بەستراوەتەوە بە توانای هەرێم لە بەدیهێنانی سێ مەرجی بنەڕەتیدا:
یەکەم/ یەکخستنی بڕیاری سیاسیی ناوخۆ بەجۆرێک کە یەکگرتوویی پەیامی دیپلۆماسییەتی کوردستان بەهێز بكات.
دووەم/ هەمەجۆرکردنی هاوپەیمانەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەک لایەن لە ژینگەیەکی گۆڕاودا.
سێیەم/ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی هەرێم لە ناوچەکەدا وەک ئەکتەرێکی هەرێمی کە خاوەنی قووڵایی ستراتیژی و ئامرازی کاریگەریی دەربازبوو لە سنورەکانی عێراقدا.
ئەگەر هەرێم بپەرژێتە سەر بەدیهێنانی ئەم مەرجانە، ئەوا دیپلۆماسییەتی کوردستان دەتوانێت لە قۆناغی بەرگرییەوە بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی کردەیی ستراتیژی، و لە پێگەی وەرگرەوە بۆ پێگەی هاوبەش لە داڕشتنی هاوسەنگییە هەرێمییەکاندا.
بەم مانایە، ئەمڕۆ دیپلۆماسییەتی کوردستان وەکوو ئاگرێک دەردەکەوێت کە دانامركێتەوە، بەڵام ئاگرێکی بێهوودە نییە؛ بەڵکوو ئاگرێکە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگاکە لە ناو تاریكاییەکی چڕی سیاسیی بەکاردێت و هەوڵێکی هۆشیارانەیە بۆ سەرلەنوێ چەسپاندنی هەرێم لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو شوێنەی کە هیچ جێگەیەکی تێدا نییە بۆ قەوارە بچووکەکان مەگەر دەنگێکی بیستراو، پەیوەندیی تۆکمە و توانای مانۆڕدانیان هەبێت.