جەنگی ئابووری و جیهانێک کە بە ئاگر دووبارە دادەڕێژرێتەوە

116

حوسێن ئه‌مین
ئەو جەنگانەی ئەمڕۆ باسیان دەکەین، تەنیا ململانێیەکی سادە نین لەسەر سنوورەکان، یان کێشەیەک بن لەسەر کێڵگەکانی نەوت و هێڵەکانی گاز، بەڵکوو لە جەوهەردا، جەنگێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی جیهان. ئەوەشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات لە دوای ئەوەی بە “بەهاری عەرەبی” ناوزەد کرا، زنجیرەیەک ڕووداوی لێکچو نین، بەڵکو بەش و قۆناغی یەک لە دوای یەکی پڕۆژەیەکی گەورەی نێودەوڵەتین کە نەخشەی هەژموون و هاوسەنگیی هێزەکان دووبارە دەنەخشێنێتەوە.

ڕەنگە ناوی یاریزانەکان بگۆڕێن و دروشمەکان جێگۆڕکێیان پێ بكرێت، بەڵام شانۆکە یەکێکە و ئەنجامەکەش دیارە: لەدایکبوونی سستەمێکی نوێی جیهانییە، کە تێیدا سیاست، ئابووری، فەرهەنگ و هەتا شێوازی بیرکردنەوەی گەلانیش دووبارە دادەڕێژرێنەوە، ئیتر داگیرکاری هەمیشە پێویستی بە چەک و سوپا نییە؛ ئابووری بووەتە چەک، ڕاگەیاندن بوەتە سەنگەر، سزاکان بوونەتە گۆشەگیرکردن و بڕینی ڕێگەکان، و نانەوەی دووبەرەکیی ناوخۆیش بووەتە ئامرازێکی زۆر کاریگەرتر لە زۆربەی جەنگە نەریتییەکان.

لەم ڕوانگەیەوە، جەنگی ئەمه‌ریکا و ئێران، بە بڕوای من، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی نیشان نادات کە ئامانجەکەی ڕووخاندنی ڕژێمێک یان جێگیرکردنی ڕژێمێکی تر بێت، بەڵکوو ئەڵقەیەکە لە ململانێیەکی بەرفراوانتر کە دەکرێ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە، بەجۆرێک کە ڕێڕەوە کۆتاییەکانی کراوە دەمێننەوە بۆ چەندین ئەگەری جیاواز. چونکە هەرچەندە پانتایی پاشاگەردانی و ئاڵۆزییەکان فراوانتر بێت، پرۆسەی ڕێکخستنەوەی ناوچەکە بۆ زلهێزەکان ئاسانتر دەبێتەوە، ئەمڕۆ وڵاتانی کەنداو، یەمەن، سووریا، ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەبەردەم قۆناغێکی ئێجگار هەستیاردان؛ لە کاتێکدا قەیرانە ئابورییەکان تێکەڵی لێکترازانی سیاسیی، مەزهەبی و نەتەوەیی دەبن، لە دیمەنێکدا کە تەواوی ناوچەکە دەخاتە بەرەوڕووی وەرچەرخانی زیاتر.

هەرێمی کوردستانیش لەم شانۆیە گەرم و داغە بەدوور نییە، بەڵکوو لە ناوەندی هاوکێشە جیوپۆلیتیکییەکانیدا وەستاوە. ئەو بۆردوومانە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر هەولێر و سلێمانی، شانبەشانی ئاڵۆزی و ئاڵۆنگارییە ئاسایشی و سیاسییە بەردەوامەکان، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە دەخوازن هەوڵێر بکەنە بەشێک لە ململانێ هەرێمایەتییەکە و سەقامگیرییەکەشی بەستراوەتەوە بەوەی لە تەواوی ناوچەکەدا دەگوزەرێت. ئەمەش وا لە سەرکردایەتی و هێزە سیاسییەکانی کردووە و دەکات کە بە دوور لە حیساباتی تەسک، خوێندنەوەیەکی ورد بۆ گۆڕانکارییەکان بکەن، چونکە هەر هەڵەیەک لە هەڵسەنگاندنی ئەم قۆناغەدا، دەکرێ باجەکەی زۆر گران بێت.
بەدووری نازانم کە کاریگەرییەکانی ئەم وەرچەرخانانە بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهانیش بپەڕێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێی نێوان زلهێزەکاندا؛ چونکە ململانێکە تەنیا هەرێمایەتی نییە، بەڵکوو بووەتە بەشێک لە دووبارە ڕێکخستنەوەی سستەمی نێودەوڵەتی.

بەڵام پرسی مەترسیدار ئەوە نییە: کێ جەنگەکە دەباتەوە؟
ترسەکە لەو پرسەیە کە: کێ باجی سستەمە نوێیەکەی جیهان دەدات؟
ئایا ڕژێمەکانی ناوچەکە دەرک بەو ڕاستییە دەکەن کە ڕوو دەدات؟ ئایا گەلان هوشیارییەکی ستراتیژییان بەم مژارە هەیە کە بیانپارێزێت لەوەی ببنە ئامرازێک لە ململانێیەکدا کە نە بڕیاری هەڵگیرساندنی لە دەستی خۆیاندایە و نە بڕیاری کوژاندنەوەی؟
وەکوو هاووڵاتییەکی کورد، ناتوانم لە ڕوانگەیەکەوە سەیری ئەم وەرچەرخانانە بکەم کە دابڕاو بێت لە بیرەوەریی گەلەکەم. زۆرتر لە سەدەیەکە، سەودا و مامەڵە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان زۆربەی جار لەسەر حسابی پرسی کورد دەبڕێنرانەوە، و کورد باجی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانی داوە بە ئەنفال، دەربەدەرکردن، تەعریب، تەتریك، تەفریس، و هەوڵەکانی هەڵتەکاندنی ناسنامە و مێژووەکەی لە ڕەگ و ڕیشەوە، لەبەر ئەوە، قۆناغی ئێستا ڕێگە نادات بە دەستبڵاوی و و خەوتن لەنێو خۆشگوزەرانیی سیاسیی، زێدەڕۆیی، و ورد و ورییایی لە بەڕێوەبردنی پرسی کورد.

بەرپرسیارێتیی مێژوویی وا دەخوازێت لە حیزبە کوردییەکان، نوخبەی فکری و ڕوناكبیری، و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەواوی بەشەکانی کوردستاندا، کە چوارگۆشەی لێکترازان و دووبەرەکی بپەڕێنن، و دەست بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر و قووڵ بکەن بۆ ئەزموونی خۆیان، و گۆڕانکارییەکان بە عەقڵێکی ستراتیژی بخوێننەوە، نەک بە عەقڵییەتی پەرچەکردار.

چونکە ئەو نەتەوانەی مێژوو نەخوێننەوە لە کاتی دروستبوونیاندا، کاتێک مێژوو دەنووسرێتەوە خۆیان وەکو قوربانی دەبیننەوە، ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە لێکترازان و پۆپۆلیزم؛ نیشتمان و ئازادی بەرپا ناکات و ئەو گەلانەش کە پڕۆژەیەکی ڕوونیان نییە، دەبنە سوتەمەنی بۆ پڕۆژەی کەسانی تر. سەردەمی دروشمەکان بەسەرچوە، بەڵام سەردەمی کار و خزمەت و پلانڕێژی و هوشیاری، بە کردار دەستپێکردووە.

* سیاسەتوان